سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای OpenAI : بەم نزیكانە شێوازەكانی زیرەكیی دەستكرد وەك یاریدەردەری شەخسیی سەربەخۆ كار دەكەن و لە بری ئێمە چەند ئەركێك ئەنجام دەدەن
سام ئەڵتمان، پێشەنكار و وەبەرهێنەری گەورەی بواری زیرەكیی دەستكرد و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گەورە كۆمپانیای «OpenAI»ی زیرەكیی دەستكرد، پێشبینیی ئەوە دەكات، لە ئەمساڵدا (2025) مرۆڤایەتی لەگەڵ جۆرێكی دیكەی زیرەكیی دەستكرد ئاشنا ببێت، ئەویش سۆپەر زیرەكیی دەستكرد «ASI» ـە، لەم وتارەدا باس لەو پێشكەوتنە دەكات و ئەمەش دەقەكەیەتی.
لە چەند دەیەی داهاتوودا توانای ئەنجامدانی ئەو شتانە بەدەست دەهێنین، كە وەك سیحر دەهاتنە بەرچاوی باوك و باپیرانمان، ئەمە دیاردەیەكی نوێ نییە، بەڵام بە ڕاددەیەكی گەورە لە بەرەوپێشچووندایە. بە تێپەڕبوونی كات خەڵكی توانایەكی زیاتریان بەدەست هێناوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان و لە ئێستادا توانای ئەنجامدانی ئەو شتانەمان هەیە كە نەوەكانی پێش خۆمان بە مەحاڵیان دەزانی.
ئێمە بەتواناترین، نەك بە هۆی گۆڕانكارییە بۆماییەكانەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی سوود لە بونیادی بنەڕەتیی كۆمەڵگە وەردەگرین، كە بووەتە بونیادێكی ژیرتر و بەتواناتر لە هەر تاكە كەسێك لە ئێمەدا و بە مانایەكی گرنگ، دەكرێت بڵێین خودی كۆمەڵگە خۆی بووەتە شێوەیەك لە شێوەكانی زیرەكیی پێشكەوتوو. باوك و باپیرانمان و نەوەكانی پێش ئەوانیش شتی مەزنیان بنیات نا و بەدەستیان هێنا، ئەوانیش بەشدار بوون لەو بەرەوپێشچوونە مرۆییەی لە ئێستادا لێی بەهرەمەندین. زیرەكیی دەستكرد ئەو ئامرازانە بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەكات كە بە هۆیانەوە دەتوانێت كێشە دژوارەكان چارەسەر بكات و هاوكار دەبن لە بەدیهێنانی دۆزینەوەی زیاتر و زیادكردنیان بۆ ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا بەدی هاتوون، چیرۆكی بەرەوپێشچوون بەردەوام دەبێت، منداڵەكانمان توانای ئەنجامدانی ئەو شتانەیان دەبێت كە ئێمە لە ئاستیاندا دەستەوەستانین.
ئەمە بە شێوەیەكی كتوپڕ ڕوو نادات، بەڵام بەم نزیكانە دەتوانین كار لەگەڵ زیرەكیی دەستكرددا بكەین كە هاوكارمان دەبن لە بەدیهێنانی زۆرێك لەو دەستكەوتانەی ئەگەر ژیری دەستكرد نەبووایە، توانای هێنانە ئارایانمان نەبوو، لە كۆتاییدا هەر یەكێك لە ئێمە تیمێكی شەخسیی ژیری دەستكردی دەبێت، كە پڕ دەبن لە شارەزایانی ڤێرچواڵی لە بوارە جیاوازەكاندا و پێكەوە كار دەكەن بۆ دروستكردنی نزیكەی هەر شتێك كە بتوانین وێنای بكەین، هەروەها منداڵەكانمان مامۆستای ڤێرچواڵییان دەبێت كە دەتوانن بە هەر زمان و لە هەر بابەتێك و بە هەر خێراییەكی كە پێویستیان پێی بێت، فێركاریی تایبەت دەستەبەر بكەن. دەكرێت وێنای بیرۆكەی هاوشێوە بكەین بۆ باشترین چاودێریی تەندروستی و توانای داڕشتنی هەر پڕۆگرامێك كە هەر كەسێك بتوانێت وێنای بكات و، بگرە دەتوانن كاری لەوە زیاتریش ئەنجام بدەن، بە هۆی ئەم توانا نوێیانەوە، دەتوانین بە چەشنێك خۆشگوزەرانیی هاوبەشمان هەبێت كە لە ڕۆژگاری ئێستادا وەك خەیاڵ و مەحاڵ دێنە بەرچاو و بۆی هەیە لە ئایندەدا ژیانی هەر كەسێك لە ژیانی هەر تاكەكەسێكی ئێستا باشتر بێت. ڕاستە مەرج نییە خۆشگوزەرانی بە تەنیا خەڵك خۆشبەخت بكات - چەندین دەوڵەمەند هەن بە دەست نائومێدییەوە دەناڵێنن-، بەڵام دەكرێت لە بەشە جیاوازەكانی جیهاندا ژیانی خەڵك بە شێوەیەكی بەرچاو باشتر بكەن.
تێڕوانینێكی بەرتەسك هەیە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی، دوای هەزاران ساڵ لە پێكەوە كۆكردنەوەی دۆزینەوەی زانستی و بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا، فێربوون چۆن لم بتوێنینەوە و هەندێ خڵتە و خۆڵی بۆ زیاد بكەین و بە وردبینییەكی سەرسوڕهێنەر و بە قەبارەیەكی بچووك دایبڕێژینەوە و بیكەینە چیپی كۆمپیوتەر و وزەی پێدا ڕەت بكەین، لە كۆتاییدا ئەو سیستمانەیان لێ دروست بكەین كە توانایەكی زیاتر و زیاتریان هەیە لە بواری زیرەكیی دەستكرددا.
ڕەنگە ئەوەمان بۆ ڕوون ببێتەوە كە تاوەكو ئێستا ئەمە گرنگترین ڕاستی بێت لە تێكڕای مێژوودا و دەكرێت لە میانەی چەند هەزار ڕۆژدا بگەینە زیرەكییەكی باڵا، دەكرێت ئەمە كاتێكی زیاتری پێویست بێت، بەڵام دڵنیام لەوەی دەگەینە ئەم ئامانجە.
چۆن گەیشتینە دەرگا و دەروازەی هەنگاوی داهاتووی پەیوەست بە بەدیهێنانی گەشە و خۆشگوزەرانی؟
بە سێ وشە: فێربوونی قووڵ سەركەوت.
بە 15 وشە: فێربوونی قووڵ سەركەوت، مەوداكەی بە شێوەیەكی پێشبینیكراو باشتر بوو، سەرچاوەی زیاترمان بۆ تەرخان كرد.
واقیعەكە ئەمەیە، مرۆڤایەتی خواریزیمی دۆزییەوە كە بە ڕاستی دەتوانێت فێری هەر دابەشكارییەكی داتاكان بێت (یان لە ڕاستیدا، فێری ئەو ڕێسا بنەڕەتییانە ببێت كە هەر دابەشكارییەكی داتاكان بەرهەم دەهێنێت) و بە ڕاددەیەكی شۆكهێنەر لە وردبینی، تاوەكو توانای كۆمپیوتەر و داتاكان زیاتر بەردەست بن، ئەوا باشتر دەبن لە هاوكاریكردنی خەڵك لە چارەسەركردنی كێشە سەختەكاندا و بە چاوپۆشین لەو ماوەیەی بیر لەم پرسە دەكەمەوە، ئەوا بە ڕاستی ناتوانم دەرك بە مەودای گرنگییەكەی بكەم.
هەرچۆنێك بێت، هێشتا زۆرێك لە وردەكارییەكان هەن كە پێویستە دەركیان پێ بكەین، بەڵام هەڵەیە سەرنجەكانی خۆمان بە ئالنگارییەكی دیاریكراوەوە سەرقاڵ بكەین. فێربوونی قووڵ كار دەكات و سەركەوتوو دەبێت و ئەو كێشانەشی كە ماونەتەوە چارەسەریان دەكەین. دەكرێت زۆر شت بڵێین لەبارەی ئەوانەی دواتر ڕوو دەدەن، بەڵام پرسی سەرەكی ئەوەیە كە مەودای زیرەكیی دەستكرد باشتر دەبێت، ئەمەش بۆی هەیە بەرەوپێشچوونی مانادار لە ژیانی دانیشتووانی تێكڕای جیهاندا بەدی بهێنێت.
بەم نزیكانە شێوازەكانی زیرەكیی دەستكرد وەك یاریدەردەری شەخسیی سەربەخۆ كار دەكەن و لە بری ئێمە چەند ئەركێك ئەنجام دەدەن، وەك ڕێكخستنی چاودێریی تەندروستی، لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی داهاتووشدا سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد بە چەشنێك بەرەو پێش دەچن، كە هاوكارمان دەبن لە داهێنانی سیستمی باشتردا بۆ نەوەی داهاتوو و هێنانەئارای پێشكەوتنی زانستی لە بوارە جیاوازەكاندا.
تەكنەلۆژیا ئێمەی لە چاخی بەردینەوە بۆ سەردەمی كشتوكاڵی و دواتر بۆ ڕۆژگاری پیشەسازی گواستەوە، لەم ڕووەوە ڕێگەی ڕۆژگاری ژیری بە توانای كۆمپوتەر و وزە و ویستی مرۆیی زەمینەسازیی بۆ كراوە.
ئەگەر بمانەوێت زیرەكیی دەستكرد بگەیەنینە دەستی زۆرترین كەس، ئەوا پێویستە تێچووی توانای كۆمپیوتەر و بەردەستخستنی كەم بكەینەوە، ئەمەش پێویستی بە وزە و چیپی زیاترە، بەڵام ئەگەر وەك پێویست بونیادی بنەڕەتی بەدی نەهێنین، ئەوا زیرەكیی دەستكرد دەبێتە سەرچاوەیەكی زۆر سنووردار و شەڕی لە پێناودا هەڵدەگیرسێت و بە زۆری دەبێتە ئامرازێك بەدەست دەوڵەمەندەكانەوە.
پێویستە بە وریایی، بەڵام بە قەناعەتەوە مامەڵە بكەین. ڕۆژگاری ژیری بەرەوپێشچوونێكی مەزنە و چەندین ئالنگاریی ئاڵۆز و مەترسیدار لەخۆ دەگرێت، واتە چیرۆكێكی سەرتاپا ئەرێنی نابێت، بەڵام لایەنە باشەكەی هێندە زۆرە كە ئێمە قەرزاری خۆمان و ئایندەین بۆ ئەوەی خۆمان فێر بكەین كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەترسییانەدا بكەین كە ڕوووبەڕوومان دەبنەوە.
پێم وایە ئایندە هێندە پرشنگدار دەبێت كە مەحاڵە بتوانین لە ڕێی نووسینەوە لە ئێستادا دادپەروەر بین لە ئاستیدا و، خۆشگوزەرانیی بەرفراوان خەسڵەتی جیاكەرەوەی ڕۆژگاری زیرەكیی دەبێت. ئەگەرچی ئەمە بە چەشنێكی پلە بە پلە ڕوو دەدات، بەڵام لە كۆتاییدا سەركەوتنە سەرسوڕهێنەرەكان-چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە، دروستكردنی كۆڵۆنیاڵییەك لە بۆشایی ئاسماندا، دۆزینەوەی هەر بابەتێكی پەیوەست بە فیزیاوە- دەبنە شتێكی ئاسایی و بە هۆی ئەو زیرەكییەی كە نزیكەی هیچ سنوورێكی نییە و بە هۆی فەراهەمبوونی وزە و توانای بەدیهێنانی بیرۆكە مەزنەكان و توانای بەدیهێنانیانەوە، ئەوا دەتوانین كاری زۆر ئەنجام بدەین.
بە چەشنی تەكنەلۆژیاكانی دیكە، زیرەكیی دەستكرد لایەنی نەرێنییشی دەبێت و پێویستە لە ئێستادا دەست بە كاركردن بكەین بۆ بەرفراوانكردنی سوودەكانی و كەمكردنەوەی زیانەكانی بۆ كەمترین مەودا، بۆ نموونە، دەكرێت ئەم تەكنەلۆژیایە گۆڕانكاریی گەورە لە بازاڕەكانی كاردا دروست بكات (بە باش و خراپەوە) لە ساڵانی داهاتوودا، بەڵام زۆرێك لە كارەكان بە ڕەوتێكی خاوتر گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، وەك لەوەی زۆرینەی خەڵك بیری لێ دەكەنەوە. من ترسی ئەوەم نییە كارێك نەمێنێت كە نەكرێت ئەنجامی بدەین، ئەگەرچی لە ئێستاشدا وەك «كارێكی ڕاستەقینە» دەرناكەون. خەڵكی خواستێكی خۆڕسكی هەیە بۆ داهێنانكاری و بۆ ئەوەی بۆ یەكتر سوودبەخش بن. زیرەكیی دەستكرد بوارمان پێ دەدات بۆ زیادكردنی توانا تایبەتییەكانمان بە چەشنێك كە پێشتر ڕووی نەدابێت. كۆمەڵگە دەگەڕێنینەوە بۆ نێو جیهانێكی بەرفراوان و جارێكی دیكە دەتوانین هەوڵەكانمان بۆ ئەنجامدانی گەمە ئەرێنییەكان چڕ بكەینەوە.
زۆرێك لەو كارانەی لە ئێستادا ئەنجامیان دەدەین وەك كات كوشتن و كات بەفیڕۆدان لێیان دەڕوانرا لەلایەن كەسانی چەند سەد ساڵ پێش ئێستاوە، بەڵام كەس بەو شێوەیە لە ڕابردوو ناڕوانێت كە ئومێد و خۆزگەی ئەوەی هەبێت كاری داگیرساندنی گڵۆپی سەر شەقامەكان ئەنجام بدات، خۆ ئەگەر ئەو كەسانەی لە ڕابردوودا كاریان هەڵكردنی ڕووناكیی سەر شەقامەكان بوو لە جیهانی ئێستا بڕوانن، ئەوا پێیان وا دەبێت، ئەو خۆشگوزەرانییەی لە دەوریانە پێشتر قابیلی وێناكردن نەبووە، خۆ ئەگەر لە ئێستادا سەد ساڵ بچینە پێشەوە، ئەوا ناتوانین وێنای ئەو خۆشگوزەرانییە بكەین كە ئێمە لێی بەهرەمەندین.