كارزان ئەحمەد مامۆستای زانكۆ – سلێمانی-: لە دوای 2003 لە عێراقدا تەنیا دەموچاوەكان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ئەقڵیەت هەمان ئەقڵییەتی پێشانە
كارزان ئەحمەد، مامۆستای زانكۆیە لە سلێمانی و سەبارەت بەو گرژی و هەڵكشان و داكشانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی دەبیندرێن، بەمجۆرە دیدوتێڕوانینەكانی خۆی بۆ ڕاپۆرتی بازنەی گفتوگۆ خستەڕوو:
لە سیستمی دەوڵەتە فیدڕاڵییەكانی جیهاندا، هەموو هەرێمیكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، خاوەنی كۆمەڵێك دەسەڵاتن كە دەتوانن هەرێمەكەی خۆیانی پێ بەڕێوەبەرن، هەروەها حكومەتی فیدڕاڵیش خاوەنی كۆمەڵێك دەسەڵاتی سنووردارن كە بوارەكانی سیاسەتی «دارایی و دەرەوە و بەرگری» دەگرێتەوە. هەرێمی كوردستانیش وەك هەرێمێكی دەستووریی لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، دەستووری عێراق كۆمەڵێك دەسەڵاتی بۆ دیاری كردووە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووە هەوڵێك هەیە، بۆ دروستكردنی ئاستەنگ بۆ ئەو دەسەڵاتانە و دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم بكەنەوە و، ڕێگە نەدەن ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی خۆی پیادە بكات، واتە هەوڵیان داوە، بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە قاڵب بدەن و سنوورداری بكەن، ئەمەش هەموو ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتی گرتووەتەوە، بەڵام لە هەموو بوارەكان زیاتر ئالنگاری و هەوڵەكانیان زیاتر لە بواری ئابووریی هەرێمی كوردستاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە و پەنایان بۆ بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان بردووە.
لەلایەكی دیكەوە لەسەر ئاستی هاوبەشیی كوردستان لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا، هەر لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا هەوڵێك هەیە، كە ڕێژەی كورد لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئاستەنگی بەئەنقەستی بۆ دروست دەكرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە هاوسەنگی و هاوبەشی و پێكەوەسازان وەك بنەمایەك بۆ عێراقی نوێ بوونی نەمێنێت. هەر بۆ نموونە، ئەگەر تەنیا باسی سوپای عێراق بكەین، دەبینین، ڕێژەی كورد لەناو سوپای عێراقدا زۆر كەمە، ئەمە لە كاتێكدا دەبێت كورد لە سوپای عێراقدا بەپێی قەوارە و ژمارەی دانیشتووانی پۆست و بەشداری لە سوپای عێراقدا هەبێت، بەڵام نییەتی.
لە دوای ساڵی 2003وە، كۆمەڵێك سەركردە و كەسایەتیی سیاسیمان لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بینیوە، بەڵام بەداخەوە هەر یەكەیان بە جۆرێك كێشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە لە دوای 2003وە ئەوەی لە عێراق گۆڕاوە تەنیا دەموچاوەكانە، ئەگەرنا ئەقڵییەت هەمان ئەقڵییەتی شۆڤێنییە كە سەیری هەرێمی كوردستانی پێدەكەن و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
هەوڵەكانی هەرێم و سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 لەسەر ئەوە چڕكرایەوە، كە بتوانێت گۆڕانكارییەك لەو ئەقڵییەتە شۆڤێنییە بێنێتە ئاراوە و، بە نییەت پاكی مامەڵە لەگەڵ كورد و هەرێمی كوردستان بكەن و ئەوەی لەسەر ڕێك دەكەوین، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەهاتەدی.
لەم كابینەیەی د.محەمەد شیاع سوودانی، هەست بە جۆرێك لە كرانەوە و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی دەبینرێت. ئومێدەوارین ئەم كرانەوەیە بەردەوامی هەبێت، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مەبەستێتی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بێت و هەنگاو بەرەو ئاشتی و سەقامگیری هەڵبگرین، نەك كێشە و پاشاگەردانی.