شـــەهـــریـــار شــێـــخــلـــەر شارەزا و پسپۆڕی بواری نەوت و گاز بۆ گوڵان:   ڕاگرتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕیار و ئەجیندەی سیاسی لەپشتە

شـــەهـــریـــار شــێـــخــلـــەر  شارەزا و پسپۆڕی بواری نەوت و گاز بۆ گوڵان:     ڕاگرتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕیار و ئەجیندەی سیاسی لەپشتە

 

ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، بڕیاری سیاسیی لەپشتە و دانوستان و گفتوگۆكانی ئەم دۆسێیە بۆ دەستپێكردنەوەی، ساڵێكی تێپەڕ كرد، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیش، بەڵام هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەستی پێ نەكردووەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شەهریار شێخلەر شارەزا و پسپۆری بواری نەوت و گاز ساز دا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریكا و سەرۆك كۆماری توركیا و تەنانەت محەمەد شیاع سوودانی، هەمووان هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، كەچی تاكو ئێستا ئەم دۆسێیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، وەكو شارەزا و پسپۆڕێكی بواری وزە، بەتایبەتی نەوت و گاز، ئایا خوێندنەوەتان بۆ بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چییە؟

- لای كەس شاراوە نییە كە دۆسێی نەوت و گاز لە جیهاندا، بەتایبەتی لە عێراقدا، دۆسێیەكی سیاسییە بە ئیمتیاز، لە مێژوودا نەوت و داهاتەكەی بۆ پتەوكردنی حكومەتی عێراق لە ناوخۆ و دژی خەڵكەكەی بەكار هێنراوە، بۆیە حكومەتی عێراق كە ئێستا بە عەقڵییەتێكی تەواو ناوەندی بەڕێوە دەبرێت و پێی قورسە بنەماكانی فیدڕاڵیزم قبووڵ بكات و داهات و هێز لەگەڵ لایەنی دیكە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكات، لە پاش ساڵی 2007 و دەستپێكی گەشەی سێكتەری نەوت و گازی كوردستان، بە چەندین شێوازی جیا وەكو ڕەشنووسی تاكلایەنانە بۆ یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و دژایەتی و هەڕەشە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی سەركار لە هەرێمی كوردستان و تۆماركردنی سكاڵا لە دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بە بڕینی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی ڕاگرتن و دواخستنی ئەم سێكتەرەی نەوتی هەرێمی داوە، ئەوە بوو لە دوا هەنگاوەكانی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دواتر بە سوودوەرگرتن لە بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس، هەوڵی دا، هەناردەكردنی نەوتی كوردستان ڕابگیرێت، بۆیە بە بڕوای من ئەم ڕاگرتنە بڕیارێكی تەواو سیاسییە، نەك ئابووری، یان تەكنیكاڵیی ناو پیشەسازیی نەوت، وەكو ئاماژەیەكیش عێراق ئامادەیە زیانە داراییەكانی ڕاگرتنی نەوتی كوردستان بكات كە 14 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها ڕۆژانە خۆی تووشی زیانی ڕاگرتنی نەوت لە بۆریی توركیاوە دەكات، بە ڕاددەیەك دوای چەند مانگێكی دیكە بەرانبەر بەو پارەیەی دادگەی پاریس، دەبێت عێراق قەرەبووی زیانی توركیا بدات، بۆیە ئەوان بەو عەقڵییەتە مەركەزییەی خۆیان حەزیان لێیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری ئابووریی سەربەخۆ و داهاتی نەوت، بەردەوام پەیوەست بن بە بودجە و مووچەی دابینكراو لەلایەن بەغداوە، واتا بەغدا ئامادەیە تەنانەت سازش بنوێنێت بەرانبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی مووچە بەبێ بەرانبەر نەوت، نەوەكو لە ژێر فشاری دەرەكیدا، بەتایبەتی ئەمریكا كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستی پێ بكاتەوە. ئەمە ڕاستی و دروستیی بابەتەكەیە. خۆ هێرشەكانی كاتیوشا و ڕۆكێت و درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر كۆمپانیای كار لە كەورگۆسگ و لەم دواییەشدا بۆ سەر كێڵگەكانی گاز لە كۆرمۆڕ، هەر لەم چوارچێوەیەدا دێت. ڕاستە ئەم هێرشانە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە ئاراستە ناكرێت، بەڵام لەناو جەرگە و لەژێر دەسەڵاتی ناوچەكانی سوپای عێراق و میلیشیاتە چەكدارەكانی بەرەی موقاوەمەی ناو حەشدی شەعبییەوە ئاراستە دەكرێت و تا ئێستاش چاوپۆشی لە بكەرەكانی كراوە.

* بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێم و تەنانەت بابەتی دابینكردنی سووتەمەنی و نەوت و گاز و بەنزین و بەكارخستنی كارگە پیشەسازییە گەورەكان و بەشێكی گرنگ و گەورەی داهات دادەنرێت، ئیتر چۆن ئێمە ڕازی بین بە مامەڵەیەكی لەم چەشنە؟

- من لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام. لەساڵی 2007ـەوە نەوت و دواتر گاز بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و، تەنانەت خاڵی بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستانیشە، كاتێك لەساڵی 2011 گەورە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد، كێرڤی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی هەرێمی كوردستان زۆر بەرز بووەوە، بە ڕادەیەك لە ئاستی عێراقیش زیاتر بەرز بووەوە، تەنانەت كۆمپانیای وا گەورە و گرنگ و براندە جیهانییەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەوەش هەرێم ناوبانگییەكی گەورەی بەدەستهێنا، چونكە وەبەرهێنەرانی جیهان و دیپلۆماسی و بزنێس و سێكتەرەكانی دیكەی ئابووری بوونی ئەو براند و ماركە و كۆمپانیا گەورانە لە هەرێمی كوردستاندا و هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان، بە متمانە و ژینگەیەكی لەبار دادەنێن. لە ڕاستیدا چەند براندێك هەن وەكو ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆن و ڕۆیاڵ دۆیتچ شێڵ لە كەرتی نەوت و گاز و، مەكدۆناڵد لە خواردەمەنیدا، كە ڕوو لە هەر جێگایەك ناكەن، تاوەكو هەڵسەنگاندنی تەواویان بۆ نەكردبێت. بوونیان لە هەر وڵاتێك وەكو تەئكیدكردنەوەیەكە بۆ ئەمنییەت و تەندروستی و سەقامگیریی ئیداری و سیاسیی ئەو وڵاتە. ئیكسۆن مۆبیل بڕوای بە هەڵسەنگاندنی خۆیان و متمانەی بە پلانی حكومەتی هەرێم بۆ گەشەپێدانی كەرتی نەوت و گازی كوردستان كرد و ڕووی كردە هەرێمی كوردستان، بەم هەنگاوە و پاش ڕاكێشانی بۆریی كوردستان و دەستپێكی هەناردەی نەوتی كوردستان، هەرێمی كوردستان پێگەی خۆی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی جێگیر كرد و بە هۆی نەوت و گازەوە وەبەرهێنەران و بزنێسكاران و گەورە كۆمپانیاكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بۆیە ئێستا بە بڕوای من بەغدا ئامادە نییە هاوكاریی ئەم كەرتە بكات، وەكو پاڵپشتییەك بۆ كەرتی نەوت و گازی خۆی، بۆ نموونە بەو جۆرەی پەرەپێدانی بە پاڵاوتگەكانی خۆی كردووە، بەو چەشنە سەیری كەرتی نەوتی كوردستان ناكات، تەنانەت بە بڕیار و ڕاگەیاندنەكانی لە چەند ساڵی دواییدا ڕێگریش بووە لە گەشەی زیاتر و زیانی لێ داوە، لە لایەكی دیكەوە تاكو ساڵی 2019 بە هۆی زیانەكانی كە بەر كەرتی پاڵاوتنی عێراق كەوتبوو، ڕێڕەوی هەرێمی كوردستان و پاڵاوگەكانی ناو هەرێم یارمەتیدەری دابینكردنی سووتەمەنی بەگشتی و ئاسایشی وزەی عێراق بوون، بەڵام لە ئێستادا كە بە پاڵپشتیی حكومەتی فیدڕاڵ و وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی عێراق توانی پاڵاوتنی بۆ یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرز بكاتەوە، كەچی ئامادە نییە سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراوی هاووڵاتییەكی عێراق بدرێتە هەرێمی كوردستان، واتە پێیان خۆشە نرخی نەوت و بەنزین و گاز لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەرزانتر بن لەوەی لە هەرێم هەیە، تاوەكو وانیشانی بدەن لەوێ بارودۆخەكە باشترە و لێرە گرانی هەیە، ئەمە لە ناو هیچ عەقڵییەتێكی حوكمڕانیدا جێگەی نابێتەوە.

* باسی هێرشە درۆنی و موشەكییەكانت كرد بۆ سەر پاڵاوتگە و كێڵگەی كۆرمۆڕ، كە ئیدانەیەكی نێوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیی لێكەوتەوە، ئایا وەكو شارەزایەكی نەوت و گاز پاراستنی ئەم كێڵگە نەوتی و گازی و پاڵاوتگە و پیشەسازییانەی نەوت لە ئاسمانەوە چۆن دەكرێت؟

- نەوت و گاز تێكەڵ بە بەرژەوەندییە ئیقلیمی و سیاسییەكان بووە، بەرژەوەندییە نێوخۆییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و گرووپە چەكدارەكانیش لەم بابەتە بە دوور نییە. دیپلۆماسییەتی ژیر و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و تەنانەت لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتای ڕاگرتنی ئەم هێرشانەیە، دواتر لە ڕێگەی بەدەستهێنانی كامێرا و چەكی پێشكەوتووی وەكو دژە موشەك بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و تەنانەت بەدەستهێنانی درۆنی چاودێری، ئەمانە هەمووی گرنگن، چونكە لێدانی پێگەی ستراتیژی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لێدانی خودی پێگەی هەرێم و لاوازبوونیەتی. هەموومان بینیمان لە یەك هێرشی درۆنیدا چۆن ملیۆنەها كەس بێ كارەبا بوون، تەنانەت مەترسیی قەیرانی گازی ماڵانیش هەبوو، ئەمە وێڕای زیانەكانی ڕاگرتنی هەناردەكردنی گاز لە ناوخۆدا، خۆ ئەم جارە پارێزگاكانی مووسڵ و دیالە و كەركووكیش لە كارەبادا زیانیان بەركەوت، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە لە سەرەتای قسەكانمدا كردم، زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان ئەگەر لەسەر حیسابی ناوەندیش بێت، ئەوان قبووڵیانە، ئەوەتا وەزیری نەوتی عێراقی نامە بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەنووسێت و داوایان لێ دەكات ئۆفیسەكان لە هەرێم دابخەن، بەپێچەوانەوە لە بەغدا مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت .

* بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق دیارە بە ئیمتیاز بڕیاری سیاسی بووە، بەڵام لەسەر دادگای ناوبژیوانیی پاریس شرۆڤەكردنی تایبەت بە خۆتت هەبووە، دەكرێت ئەمەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە؟

- دادگای ناوبژیوانیی پاریس سیاسی نەبووە، ڕاستە دواتر بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت و زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان بەكار هات، بەڵام ئەم دادگایە بۆ زیاتر لە10 ساڵ دەگەڕێتەوە كە عێراق لە دژی توركیا لەو دادگایە سكاڵای كردبوو. من لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا سەیری بۆچوون و ڕێڕەوی دادگاكەم دەكرد و چەند جار سكاڵا و وەڵامەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات. جارێكی دیكە بەهۆی گۆڕین، یان كۆچی دوایی لە دادوەر و پارێزەرەكانی لایەنەكان، دواكەوتنی بڕیار لەو جۆرە دۆسێ نێودەوڵەتییانە بابەتێكی نامۆ نییە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقە كە بڕیارێكی سیاسی بوو، وەكو ئەوەی لە تەرجومە ئینگلیزییەكەی دەستووری عێراقدا خوێندوومەتەوە و شرۆڤەم كردووە، بە وەی هەرێمی كوردستان بە لانیكەم لە كێڵگە نوێیەكان مافی خۆیەتی نەوت و گاز دەربهێنێت و هەناردەی بكات، بەشێكی زۆری كێڵگەكانی كوردستان وەك تاوكە و فیشخاپوور و شێخان و ...هتد دەكەونە ناو ئەو دەستەیەوە، لە لایەكی دیكەوە پێم باش بوو، باس لەوەش بكەین، كە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، كوردستان وەك بەشێكی عێراق لە یاسایەكی پێشكەوتووی ژیرانە بێبەش كرا، لە كاتێكدا عێراق زیاتر لە 110 ساڵە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، كەچی خاوەنی یاسای نەوت و گاز نییە و بەپێی پلان و بەرژەوەندیی لایەنەكان بەڕێوە دەبرێت، بە واتایەكی دیكە، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هیچ خزمەتێكی نەكرد و پاشەكشەی بە بەشێكی كەرتی نەوت و گازی عێراقیش كرد، بۆیە گرنگە هەوڵ بدەین و هەرگیز ڕێگە نەدەین، یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بێ گەڕانەوە بۆ مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی عێراقدا ئامادە بكرێت و لە پەرلەماندا تێپەڕێندرێت، كە لە ناو ئەم یاسایەدا جێگەی كراوەتەوە. من شانای بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانەوە دەكەم، بەڵام شانازی بەوەوە ناكەم كە لەو ماوە زۆرەی 10 ساڵەدا كە عێراق زۆر پێویستی بە كورد و هەرێمی كوردستان بوو، نەمانتوانی فشار بكەین ئەو سكاڵایەی دادگای پاریس هەڵبوەشێنینەوە، هەڵبەتە پێم باشە ئاماژە بەوەش بكەم، كە لە دادگای پاریسدا بۆ دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەكردن و، تەنانەت فرۆشتنەكەشیدا، دژی مافەكانی هەرێمی كوردستان دەنگ نەدرا و تەنیا بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە كەشتییە بارهەڵگرەكانی نەوت دژی توركیا دەنگ درا، كە ئەمەش بە هۆی هەمواری گرێبەستێكی نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 2010 كرا و پێشتر ئەو خاڵە لەو گرێبەستەدا نەبووە كە دەڵێت ڕادەستكردنی نەوت بە كڕیار دەبێت بەپێی ڕەزامەندی و بڕیاری سۆمۆ بێت، بە پێچەوانەوە بە ناڕاستەوخۆ ددان بەوەدا نراوە حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی یاساییە و بەشێكە لە دەسەڵاتی فیدڕاڵی عێراق.

* زۆر جار باس لە شەفافییەت و داهاتی ناوخۆی نەوت دەكرێت، ئایا بارودۆخی شەفافییەت و داهاتی نەوتی عێراق تا چەند كەوتووەتە ژێر چاودێری و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە؟

- هەرگیز بە وڵاتێك هەڵمەخەڵەتێن كە لە لووتكەی گەندەڵی و ناشەفافییەتدا بێت، بێت و دوای شەفافییەت لە تۆ بكات، دەزانیت لە غیابی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیدا چ گەندەڵی و بەفیڕۆچوونێكی داهاتی نەوتی لە عێراقدا هەیە؟ عێراق بەپێی یاسا نەوت و گاز بەڕێوە ناچێت، بەڵكو بە پێی بۆچوون و بەرژەوەندیی لایەنەكان بەڕێوەی دەبەن، لە نێوخۆیاندا چەندین دۆسێی گەندەڵی گازئۆیل و نەوت لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی عێراق كراوە، بە ڕاددەیەك تەنیا لەگەڵ یەك كۆمپانیای بەریتانیدا بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار غەرامە كراوە، ئەوەش وەكو هۆكارێك بۆ كشانەوەی ئیكسۆن مۆبیل، ئەم كۆمپانیایە لە گرێبەستێكی 12 ملیار دۆلاری كە لەگەڵ عێراق شرۆڤەی دەكات، تەنیا لەبەر ئەوەی ناوبانگی تێك نەچێت، دەكشێتەوە، پاشان كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكانی دیكەش لە عێراق چوونە دەرەوە، ئێستا تەنیا كۆمپانیای ڕووسی و چینی ماون، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا كردووە بۆ لێدانی 96 بیر بە 480 ملیۆن دۆلار، كە زۆر گرانترە لە نرخی جیهانی، لە كەرتی گازدا عێراق ئەوەندە دواكەوتووە، دووەم وڵاتە لە سووتاندنی گازی هاوەڵی نەوتدا و زیاتر لە سعودییە و ئەمریكا و هێندەی ڕووسیا دەسووتێنێت، لەكاتێكدا یەك لەسەر سێی ئەو وڵاتانە بەرهەم دەهێنێت، عێراق لە 24 هەزار مێگاوات كارەبا تەنیا شەش هەزار مێگاواتی بە گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت، ئەویش بە گازی هاوردەكراو.

* لە دوا بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندا بە توندی لەسەر بابەتی دژایەتیكردن و دانانی ئاستەنگ و بەربەست لە بەردەم چارەسەركردنی كێشەكان هاتووە، تەنانەت باس لەو گەندەڵییەش كراوە كە لە وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق ئومێدبەخشە؟

- من پێم وایە چارەسەر و بڕیار سیاسییە و پێویستە لەم چوارچێوەیەدا بە دوای چارەسەردا بگەڕێین. پێویست بوو لە سەرەتای گوشاری ئیداری وەزارەتی نەوت و پاش دادگای فیدڕاڵی، ئێمە هاوشێوەی ئەو بەیاننامەیە بەرانبەر داواكاریی ناڕەوای بەغدا بوەستاباین، هەرچەندە ئەوەش بۆ ئەوە بوو كە بۆ جیهان نیازپاكی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور بسەلمێنین، بەڵام لە عێراقدا بە جۆرێكی دیكە وەڵام دراینەوە. بۆیە پێم وایە دەبێت بەرانبەر وەزارەتی نەوتی عێراق زیاتر بگوترێت و كێشەكەش ببردرێتە ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی دیپلۆماسییش كەیسەكە بەهێزتر بجووڵێندرێت. گرنگە لێرە بەدواوە نەوتی كوردستان بە نیشتمانی بكرێت و لە حزبایەتی و ململانێی حزبەكانی ناو حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش دوور بخرێتەوە. حزبی ئۆپۆزسیۆنی وا هەیە بۆ لێدانی حزبەكانی ناو حكومەت دەچێتە بەغدا و دەڵێت وەرە نەوتی كوردستان ڕادەستی خۆت بكە، یان حزب هەیە لە ناو حكومەتدایە و 50%ی دەسەڵاتی هەیە، كەچی لێدوانی دژ بە گەشەپێدانی نەوت و بەتایبەتی هەناردەكردنی گازی هەرێمی كوردستان دادات، حزبەكانی كوردستان وایان لێ هاتووە جێگەی شانازییە بۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كەرتی نەوت و گازی كوردستان بدەن و مەلەفی نەوت ڕادەستی ئەو هەموو گەندەڵگارییەی بەغدا بكەن، ئێ باشە لەگەڵ حكومەت كێشەت هەبێت لەسەر 10 بابەتی دیكە دەتوانیت ململانێ بكەیت، فیلم و دیكیۆمێنت هەیە كە دەیانگوت نەوت ڕادەستی بەغدا بكەن، ژیانمان خۆش دەبێت، ئەی بۆچی ئێستا بەرپرسیار نین لە نەهاتن و درەنگ هاتن و كورتهێنانی بودجە؟ مووچە وەردەگرین هەر مووچەیەك بە كۆمەڵێك بیانوو و پاساوەوە دوادەخرێت، یەك گرفتی دارایی و بەهای نەوت دروست ببێت، پێش هەموو كەسێك مووچەكەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێت. ئەم هەموو جینۆساید و وێرانكردن و دژایەتی و شەهید و قوربانییانەیان لەیاد كردووە و لە هەوڵی ئەوەدان گرنگترین سەرچاوەی هێز و دیپلۆماسی و ئابووریی ئەم هەرێمە ڕادەستی نەیاران بكەن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە دۆسێی نەوت و گاز لە ململانێی حزبەكانی كوردستان دوور بخرێتەوە.

Top