د.پێشڕەو عەلی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سلێمانی: لەم بارودۆخەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت هەرێمی كوردستان مەحكوومە بەوەی هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرە دژەكان ڕابگرێت

د.پێشڕەو عەلی  مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سلێمانی:  لەم بارودۆخەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت هەرێمی كوردستان مەحكوومە بەوەی هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرە دژەكان ڕابگرێت

 

د.پێشڕەو عەلی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سلێمانی، سەبارەت بەو هەڕەشە و ئالنگاریانەی ڕووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ڕاپۆرتەكە خستەڕوو:

خاڵی گرنك كە دەبێت لە دەستپێكدا هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی نادەوڵەتییە و هەرێمێكین لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیدا، بۆیە لەم واقیعەدا ئێمە ناچار دەبین لە چوارچێوەی عێراقدا خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لە عێراقدا و هەروەها لەگەڵ هێزە ناوخۆییەكانی عێراقیشدا.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئاستێكی باش هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم بارودۆخە نالەبارە بگونجێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرتەوازەیی سیاسی و یەك گوتاری لە نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا بوونی نییە، زۆر ئاستەنگ و بەربەست بۆ ئەم خۆگونجاندنە دێتە ئاراوە، هەڵوێستەكان دابەش دەبن بەسەر بەرە دژەكاندا كە ئەو بەرانەش ئاشكران كێن.

لەم بارودۆخە سەخت و دژوارەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمە مەحكوومین بەوەی هاوسەنگیی نێوان جەمسەرە دژەكان ڕابگرین، بەتایبەتی ئێمە وەك كاراكتەرێكی نادەوڵەتی كە سنوورێكی زۆر فراوانمان لەگەڵ هەر یەكە لە وڵاتانی «ئێران، توركیا، سوریا» و حكومەتی عێراقیش هەیە. ئەم واقیعە پێویستی بەوە هەیە، هێزە سیاسییەكانی كوردستان چاو بە سیاسەتی خۆیاندا بخشێننەوە هیز و تواناكان یەك بخەن، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییانە ئیدارە بدەین و هەرێمی كوردستان ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت.

 

Top