جەبار محەمەد مامۆستای زانكۆی سلێمانی: دەبێت حزبە سیاسییەكان دەستبەرداری بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان بن و بیر لە بەرژەوەندیی كوردستان بكەنەوە
جەبار محەمەد مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی و دەربارەی ئەو ڕەوشەی ئێستا عێراق و كوردستان و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، بەمجۆرە دیدوبۆچوونەكانی بۆ ڕاپۆرتەكە خستەڕوو:
ئێران وەك هێزێكی گەورەی هەرێمی، هەرگیز ئەوەی نەشاردووەتەوە كە بڕوای بە هەناردەكردنی شۆڕشە بۆ دەرەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئێران بە ئاشكرا دەیەوێت، پەل بهاوێت بۆ دەرەوە و چەندی بۆی دەكرێت، قەوارەی خۆی فراوان بكات و، ناوچەكە بخاتە ژێر هەژموون و باڵادەستیی خۆیەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریكا كە هەتا ئێستاش خۆی بە «سۆپەر پاوەر»ی جیهان دەزانێت، ئەم فراوانخوازییەی ئێرانی قبووڵ نییە و دەیەوێت سنووری بۆ دابنێت، بۆیە چەندین ساڵە ئەم بەریەككەوتنە لەژێر ناو و ناونیشان و بیانووی جۆراوجۆردا بوونی هەیە. هەر بۆ نموونە چەند مانگێك پێش ئێستا ئێران بە موشەكی بالیستیكی هێرشی كردە سەر هەولێر، بەڵام لە بەیاننامەكەیدا وای پیشاندا كە هێرشی كردووەتە سەر بنكەیەكی ئیسرائیلی لەناو هەولێر، كە ئەم بیانووە هیچ بنەمایەكی نەبوو ئەوە بوو لێژنەیەكی باڵا لە بەغداوە هاتن و ڕایانگەیاند، ئەوەی ئێران دەیڵێت، هیچ بنەمایەكی نەبووە.
بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، زۆر گرنگە پێگە و قەوارەی خۆمان بزانین. ئێمە بەشێكین لە دەوڵەتێكدا كە پێی دەگوترێت عێراق و ڕێككەوتنێكیشمان بۆ پێكهێنانی ئەم حكومەتەی ئێستا هەیە كە لە بەغدا دەستبەكارە، بۆیە بۆ ئێمە باشترە هەوڵ بدەین ئەو ماف و دەسەڵاتانەی لە دەستووردا هەمانە، سازشی لەسەر نەكەین و پارێزگاری لەو ماف و دەسەڵاتانە بكەین كە لە دەستوورەكەدا دیاری كراون.
خاڵی دووەم، ئێمە لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دامەزراوە و دەسەڵاتمان هەیە، وەك «پەرلەمان، حكومەت، دادوەری»، لە ئێستادا ئەم دامەزراوانە بە كۆمەڵێك هۆكار ئاستەنگیان بۆ دروست كراوە و پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە زۆر گرنگە هەموو پێكەوە بیر لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بكەینەوە و هەوڵەكان بكەین بە یەك، بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوانە كارا بكەینەوە، كاراكردنەوەی ئەم دامەزراوانە زۆر گرنگە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
خاڵی سێیەم، گرنگە بیر لە داڕشتن و پەسەندكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان بكەینەوە، كە لە ئێستادا چەند ڕەشنووسی دەستوورمان هەیە و دەكرێت پەرلەمانی داهاتوو لێژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بەو ڕەشنووسانە بكات و پاشان بیكاتە دەستوورێكی باش و بیداتە ڕاپرسی بۆ ئەوەی لەلایەن گەلی كوردستانەوە پەسەند بكرێت.
لەگەڵ ئەوەی ئێمە لە ناوچەیەكداین كە بێلایەنی كارێكی ئاسان نییە، بەڵام هەتا ئێستا هەرێمی كوردستان توانیویەتی خۆی لە تەرەفگیری بپارێزیت، بەڵام وەك ئاماژەم پێكرد، بارودۆخی ئەم ناوچەیە زۆر ئاڵۆزە و زۆر جار هەیە ئاراستەی ڕەوتی تەنگژە و ململانێكان فەرزی دەكات و تێوەدەگلێین. ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بە حوكمی ئەوەی دەوڵەت نین، پارێزبەندیی نێودەوڵەتیمان نییە، هەتا ئەگەر هێرشیان كردە سەرمان، ئەوا بێنە دەنگ و غەدرەكەمان لەسەر لابەرن.
بۆ ئێستا دەبێت دوو خاڵ لە یەكتری جیا بكەینەوە، ئەوەی پێی دەگوترێت جەماوەر بە هەموو چین و توێژەكان، ئەوا ئەوانە خەریكی كاری ڕۆژانە و دابینكردنی بژێوی خۆیانن، بەڵام دەستەبژێرە سیاسییەكە دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بن، چۆن بەرنامە و پلان بۆ ئەم بارودۆخەی كوردستان دادەڕێژن و كارێك دەكەن كە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. بەداخەوە ئێستا جۆرێك لە پەرتەوازەیی و ساردوسڕیی سیاسەت لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە، هەروەها لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانییش بە جۆرێك لە جۆرەكان ساردوسڕی هەیە، بەڵام ئەم دوو لایەنە سەرەكییە كە خاوەنی مێژوویەكی درێژی خەبات و تێكۆشانن، دەبێت لەوە ئاگادار بن، بەرپرسیاریەتیی ئەم بارودۆخە بە پلەی یەكەم دەكەوێتە سەر شانی ئەوان، بۆیە زۆر گرنگە دەستبەرداری بەرژەوەندی و تێڕوانینی تەسكی حزبیی خۆیان بن و هەوڵەكان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزی لە كوردستاندا دروست بكەنەوە.
دەبێت بیر لەوە بكەینەوە، بە زووترین كات لە كوردستاندا هەڵبژاردن بكرێت و دووبارە پەرلەمانی كوردستان كارا بكەینەوە. ئەم پەرلەمانە دەبێت ببێتە چەتری شەرعییەت و هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە و، بیر لە ڕێكخستنەوەی تەواوی ژێرخانەكانی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی خۆمان دابین بكەین.