لە «126» یەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا

لە «126» یەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا

 

ڕۆژنامەگەری ئەگەر بۆ هەموو نەتەوەكانی جیهان ئەو ئامرازە بێت لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ دەركەوتبێت و، هاوشانی هەر سێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) ڕۆڵی دەسەڵاتی چوارەمی گێڕابێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە زانیاریی دروست و بەرچاو ڕوونییەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا بكەن و، بزانن لەسەر سندوقەكانی دەنگدان چ بڕیارێك دەدەن، ئەوا بۆ نەتەوەی كورد و وەك نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، ئەو ئامرازە بووە كە بوونی خۆمانی پێ بسەلمێنن و دەسەڵاتی یەكەم و كۆتایی بووە و، كاتێك لە ساڵی 1798 میقداد مەدحەت بەدرخان یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان) ی لە قاهیرە دەركرد، بێجگە لە دەسەڵاتی ڕۆژنامەگەریی نەتەوەی كورد خاوەنی هیچ دەسەڵاتێكی دیكە نەبووە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش تا دەگاتە ڕاپەرینە شكۆدارەكەی بەهاری ساڵی 1991، دیسان ڕۆژنامەگەریی كوردی، ئامرازێك بووە بۆ جۆشدانی هەست و سۆزی نەتەوەییمان، بۆ درێژەپێدانی شۆڕش و داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان و، تەنانەت لە ماوەی ساڵانی 1970- 1974، لەگەڵ ئەوەی لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار ڕۆژنامەگەریی كوردی بە ئاشكرا كاری دەكرد، بەڵام لەو كاتەشدا ئەركی سەرەكیی هەردوو ڕۆژنامەی (برایەتی) بە زمانی كوردی و (التأخي) بە زمانی عەرەبی، بریتی بوو لە داكۆكیكردن لە بوون و مافەكانی گەلی كوردستان و، ئامرازێك بوو تەواوكاری شۆڕشی كوردستان بوو، نەك ئامرازێك بێت وەك دەسەڵاتی چوارەم و چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە.

لە دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری، ڕۆژنامەگەریی كوردی لە چوارچێوەی ئەو ئەزموونە دیموكراتییەدا، نەك هەر نەیتوانی سنووری ڕۆژنامەگەریی حزبی تێپەڕێنێت، بەڵكو ڕۆژنامەگەریی حزبی بە تەواوەتی بووە ئاستەنگ بۆ ئەوەی لە ناو ژینگەیەكی دیموكراتیدا ڕۆژنامەگەری وەك (دەسەڵاتی چوارەم) لە دایك بێت، بە پێچەوانەوە ئەوانەشی بە خۆیان دەگوت ڕۆژنامەگەریی (ئەهلی و ئازاد) سێبەری حزبە سیاسییەكان، یان كاریگەریی كەسایەتیی حزبە سیاسییەكانی بەسەرەوە بوو و، نەیانهێشت ڕۆژنامەگەری وەك (دەسەڵاتی چوارەم) لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

ئەمڕۆ كە یادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردی دەكەینەوە، جیا لەوەی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوە نەریتییەكەی جێگەی پێ لەق بووە و مەترسیی ئەوەی لەسەرە كە زیرەكیی دەستكرد مەرگی ڕۆژنامەگەریی نەریتی ڕابگەیەنێت، بەڵام هێشتا لە كوردستاندا مۆتەكەی حزبایەتیی تەسك یەخەی ڕۆژنامەگەریی كوردیی بەرنەداوە و خەریكە بە تەواوەتی دەیخنكێنێت.

لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە بوێرانەی كە لە ڕۆژە سەختەكانی خەباتدا بە قەڵەمەكانیان بەرامبەر داگیركەران دەوەستانەوە و بە ئامرازی ڕۆژنامەگەری، بەرگرییان لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكرد و بە پێنووسەكانیان (كوردستان یان نەمان) یان دەنووسی.

 

Top