لــــە شاری كـــەركووك وێڕای بەربەستەكان پرۆسەی خوێندنی كوردی بەردەوامە
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ڕزگاركردنی كەركووك لە ساڵی ٢٠٠٣، لەو شارە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنی كوردی دەستی پێ كرد. پێش ئەوە وادەیە خوێندنی كوردی قەدەغە بوو. لەو كاتەوە هەشت هەزار مامۆستا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنی كوردی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم مووچەیان پێ دەدرێت. هەر بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی لە ئێستادا لە سنووری پەروەردەی كەركووك 96 هەزار قوتابی لە ژێر سەرپەشتی و پەروەردەی زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا لە 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا وانە بە زمانی كوردی دەخوێنن. لە كەركووك هەر چوار پێكهاتەی كورد، عەرەب، توركمان و كریستیان بە زمانی خۆیان دەخوێنن و لە پەروەردە، یەكەی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەڵام چەندین گرفتی لابەلا بۆ خوێندنی كوردی دروست دەكرێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە دەكەن.
مەریوان جەلال ڕەشید، كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە "یەكێك لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خوێندنە بە زمانی كوردی لە كەركووك و هەموو هەوڵێكی داوە لە پێناوە مانەوە و بە زیندوو هێشتنەوەی خوێندنی كوردی لە شارەكە. لەپاش پرۆسە ئازادیی عێراقەوە تاوەكو ئەمڕۆ، پرۆسەی خوێندنی كوردی لە كەركووك بەردەوامە و سەركەوتوو بووە". هاوكات دەڵێت: "هەندێ جار قوتابیان و دەرچووەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ڕیزبەندی پێشی قوتابیانی خوێندنی عەرەبیەوەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ بەشی خوێندنی كوردی، بۆیە دەتوانین بڵێین بە ڕێژەی ٩٠٪ خوێندنی كوردی سەركەوتوو بووە و توانیویەتی سەرەڕای زۆر ئاستەنگ بەردەوام بێت و نەوەستێت". گوتیشی: "خوێندنی كوردی لە كەركووك ڕووبەڕووی زۆر تەحەددا و ئەجندا نەیارانە و دژایەتیی بووەتەوە، بەڵام كۆڵی نەداوە و بەردەوامە، ئەمەش بۆ خۆی جێگای دڵخۆشییە و پێویستە سوپاسی مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی خوێندنی كوردی بكەین، كە بێ گوێدانە ئەو هەموو گیر و گرفتانە بەردەوامن كە هەندێ جار مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە، بەڵام بوێرانە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و پێشمەرگەئاسا سڵیان نەكردووەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی پرۆسەی خوێندن پەكی نەكەوێت".
ئەحمەد سیروان، سەرپەرشتیاری ناوچەی پەیمانگاكان و خوێندنی پیشەیی لە لقی كەركووكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: "سیاسەتی بەشێك لە فیرعەونەكانی نێو دەسەڵاتدارانی عێراق، هەر لەمێژەوە تاكو ئەمڕۆ هەمیشە لە هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی گەلی كورد بچەوسێننەوە، نوێترین هەوڵیان پێنەدانی مووچە و بودجەیە كە سەرەكیترین مافی گەلی كوردە، ئەم هەوڵە كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت و مامۆستایان ناڕەحەت دەبن و دۆخ و گوزەرانیان خراپ دەبێت، ئەمەش هەوڵێكی دیكەی ئەو زوحاكانەیە كە ئامانجیان دژایەتی و پەكخستنی پڕۆسەی خوێندنی كوردییە".
ئەو هەڵسووڕە سیاسییە كوردە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە "پڕۆسەی پەروەردەی خوێندنی كوردی، ئەو چەكە زانستییە بوو، كە كوردانی دڵسۆز و خۆڕاگری نێو پارێزگای كەركووك لە سەرجەم بارودۆخە سەختەكان پشتگوێیان نەخست و خۆیان لە بەرانبەر هەوڵە نەزۆكە لەبارچووەكانی دوژمن نەچەماندەوە و، تا ئێستاش بەردەوامی بە خوێندنی كوردی دەدەن، لە پێناو ئایندەی تاكی كورد لە كەركووكی دڵی كورد و كوردستان". هاوكات دەڵێت: "بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك چ لە ئێستا و چ لە ئایندەش، لەلایەن كوردپەروەرانی نێو پارێزگای كەركووك بەردەوام دەبێت. سەڕەڕای ئەوەی پارێزگای كەركووك بە (ناوچەی جێناكۆك) هەژمار كراوە، بەڵام مێژووی پارێزگای كەركووك كە سەلمێنەری ئەوەیە بەشێكە لە كوردستان، ئەمە وای كردووە، خۆشبەختانە لەلایەن ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ماوەی چەندین ساڵە هاوكاریی دارایی و لۆجیستی بۆ خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك دابین بكات، ئەمە لە پێناو برەودان و بەردەوامیدانە بە پڕۆسەی خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك". گوتیشی: "خێزانە كوردەكانی ئەم پارێزگایە و قوتابیانی نێو خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك لە ڕابردوودا دۆخ و ڕۆژانێكی سەخت و پڕ لە ئالنگارییان تێپەڕاند، بە پشتیوانی خودا و بە هیمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە خۆڕاگریی مامۆستایانی كوردپەروەر، سەڕەڕای ئەوەی لەلایەن عێڕاقەوە دەچەوسێندرێنەوە و مافی سەرەتایی خۆیان كە مووچەیە بە شایستەیان نازانن، بەڵام مامۆستایان سوورن لەسەر ئەوەی لەم پارێزگایە بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندنی كوردی بدەن، ئەمە هێمای دڵسۆزی و خەمخۆری و وەفاداریاینە بەرانمبەر بە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردمان. هەر بۆیە سوپاسگوزاری خۆڕاگری و دڵسۆزیی مامۆستایانین و داواكارم لێیان خۆڕاگرانە بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك بدەن، ئەم قۆناغە پێكەوە تێپەڕێنین و خۆڕی ڕۆژێكی نوێ بە ئاسمانی پارێزگا و گەل و نیشتمانەكەمان هەڵدێ و لە كۆتاییدا سەردەكەوین".
سەبارەت بە هەمان پرس ئەمیر بەهجەت بەرپرسی ناوچەی رۆژئاوای لقی كەركووكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات و دەڵێت:" وەكو لای هەمووان ڕوونە، لە شاری كەركوكی دڵی كوردستان هەوڵێك بۆ پەكخستنی خوێندنی كوردی وبایكوتكردن هەبوو، بەڵام لە سایەی مامۆستایانی دڵََِِسوز وخەمخور ئەو هەوڵە شكستی هێنا ولە سەرەتای سالی نوێی خویندنەوە تا ئێستا دەرگای قوتابخانەكان دانەخراوە و بایكۆت نەكراوە، ئەمەش دڵسۆزی مامۆستا وقوتابیان وخەڵكی كەركووك دەرەخات، كە هەمیشە لە قوربانیدان پێشەنگ بوون و، بێ گویدان بە نەبوونی مووچە و شایستە داراییەكانیان، بە خۆشحاڵییەوە مامۆستایان لە خەمی قوتابی بوون نەوەك گیرفانیان."
هاوكات گوتی:" لە ساڵانی ڕابردوودا خوێندنی كوردی لە شاری كەركووك تاكە كێشەی ئەوە بوو كە خەڵكی شاری كەركووك منداڵە چاو گەشەكانیان دەخستە قوتابخانەی عەرەبی، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە كۆلێژ دەبێ بە زمانی عەرەبی وەڵام بدەنەوە، بەڵام لە سایەی رێكخراوی قوتابیان و ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان توانرا ڕەزامەندی ئەوە بدرێ كە قوتابییەكان دەتوانن بە زمانی كوردی وەڵام بدەنەوە، ئەوەش وای كرد هیچ جیاوازییەكی نەمێنێ لە نێوان خوێندنی كوردی و عەرەبی. ئێستا خویندنی كوردی وقوتابخانەكان لە باشترین ئاست دان و رۆژانە دەیبینین قوتابییە خۆشەویستەكان لە خوێندنی عەرەبییەوە دێنە بەشی خوێندنی كوردی، و ڕیژەی قوتابی بەرەو بەرزتر ئەڕوا بە هیوای سەركەوتن بۆ هەمو مامۆستا وقوتابییە خوشەویستەكانمان"