نیشانە جەستەییەكانی خەمۆكی

نیشانە جەستەییەكانی  خەمۆكی

خەمۆكی Depression جگە لە مێشك، كاریگەری دەكاتە سەر زۆربەی بەشەكانی لەش كە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێك نیشانە. نیشانە جەستەییەكان یان فیزیكییەكان باون لە حاڵەتەكانی خەمۆكیدا كە گەلێك جار بریتین لە ئازاری ناڕوون هاوكات لەگەڵ نیشانەی تردا، بۆنموونە گرفتەكانی خەو كە زیاتر بە شێوەی گرفت لە چوونەخەو یان بەردەوامبوون لە خەو، ئازاری سینگ، ئازاری ماسوڵكە و جومگە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی یان كەم وزەیی، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس لەبەر پەیوەندیی بەهێزی نێوان مێشك و كۆئەندامی هەرسدا بە شێوەی هێڵنج و بەدهەرسی یان سكچوون یان قەبزی، سەرئێشە یان شەقەسەر Migraine، ئازاری مل و پشت ئێشە، گۆڕان لە ئارەزووی خواردندا بە شێوەی زیاد خواردن یان كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوون یان كەمبوونی كێشی لەش، هەروەها ناڕحەتیی جەستەیی. بەگشتی ئەگەر خەمۆكی قووڵ و درێژخایەن بێت، یان بە تەواوی كۆنترۆل نەكرێت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات، چونكە پەیوەندییەكی ئاڵۆز لە نێوان خەمۆكی و حاڵەت و نەخۆشییە درێژخایەنەكاندا هەیە وەكو: ئازاری درێژخایەن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی دڵ، جەلتەی مێشك، نەخۆشیی شەكرە، گرفتەكانی گلاندی دەرەقی، كەمی ڤیتامین B12، هەروەها چەند جۆرێكی شێرپەنجە.

Top