سارا نەقشبەندی: هەوڵ دەدەم بە تیم كار بكەم و دەستی كار بۆ خانمان بكەمەوە
سارا نەقشبەندی، تەمەنی 26 ساڵە و كچە گەنجێكی خاوەنكارە و دانیشتووی شاری سلێمانییە. دەرچووی بەشی كارگێڕیی كارە و خاوەنی بڕاندی «سۆز كەیكەری ئاند مۆر»ـە و هەروەها ڕاهێنەرە لە بواری كارسازی و دانان و گەشەپێدانی كار. وەك خۆی باسی دەكات، كار لەسەر دروستكردنی یادەوەرییەكی شیرینی كێك دەكات، بە شێوازێكی هونەری و سێ ڕەهەندی بۆ بۆنەكان و دروستكردنی چەندین جۆری شیرینیی ناوخۆیی و جیهانی، كە خواستی زۆری لەسەر هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سارا نەقشبەندی لە خێزانێكی بەناوبانگە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من لە خێزانێك پەروەردە بووم، كە دایكم مامۆستای هونەر و باوكیشم بزنێسكار بووە، ئەوان ڕەنگدانەوەیان لەسەر من زۆر بوو. كە منداڵ بووم، لەگەڵ دایكم بۆ پێشانگاكان دەچووم، پێش ئەوەی بچمە قوتابخانەش هەمیشە وێنەم دەكێشا، تەنانەت لە قوتابخانە زیاتر هۆگری هونەر بووم و بەشداریی پیشانگاكانم دەكرد و چەندین خەڵاتم بەدەست هێناوە. لەدوای تەواوكردنی خوێندن و وەك دەرچووی یەكەمی بەشی كارگێڕیی كار لە پەیمانگە، بڕیارمدا كە ئیتر ئەو خولیایەی كە بۆ هونەر هەمبووە و چەندین ساڵە لە ڕێگەی وێنەكێشانەوە دەرم بڕیوە و ئەو توانایانەی وەك كارسازێك بەدەستم هێناوە لە درێژای ژیانی كاركردن و خوێندنم، كردم بە كاری سەرەكیم و لەگەڵ كێكە بەتامەكانی دایكم تێكەڵ كرد و پێشكەشی خوازیارانمی بكەم. ئەو بووە خولیام و وای كرد، ئەو جۆرە دیزاینانە دروست بكەمەوە كە وەك خەونێك بووە بۆ كڕیار و ئەو تامانە بە كورد ئاشنا بكەم، كە تا ئێستا و تەنیا لە دەرەوە بەردەست بووە».
دەستپێكی دامەزراندنی (سۆز كەیكەری) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020 و مانگەكانی كەرەنتین كە هەموو كارێك بەرەو ڕێگەی بە دیجیتاڵبوون دەڕۆیشتن، ئەمە هەلێكی زۆر باش بوو بۆ ئەو و دەستپێكردن بە كارەكەی لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «توانیم ئەو هۆكارە جیهانییەی كە بووە بەربەست بۆ هاوپیشەكانم، بیكەمە ڕێگەیەك بۆ سەركەوتن و كۆرۆنا بووە چیرۆكی سەركەوتنی من».
ئەو خاتوونە پەنجەڕەنگینە باسی سەركەوتنەكانی لە بواری كارەكەی دەكات و دەڵێت: «بە خۆشحاڵییەوە لە دوای سێ ساڵ بەردەوامبوون بە شێوازی دیجیتاڵی، یەكەمین دووكانی سۆز كەیكەریم لە سلێمانی كردەوە».
پەیامنێری گۆڤاری گوڵان، ئەو پرسیارەی ئاراستە دەكات: ئەو كەسانە كێ بوون كە پشتیگیرییان كردووی و بۆ بەردەوامبوون هانیان داویت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «دایكم و خوشكەكەم، ئەوان بناغەی دامەزراندن و گەشەپێدانم بوون، ئەوان هاندەرم بوون. بەبێ بوونی تیمێكی دڵسۆز هیچ كارێك سەركەوتوو نابێت و بەرهەمێكی باش ناتوانرێت لێوەی پێشكەش بكرێت، بۆیە منیش كار بۆ ئەوە دەكەم، بە تیم كار بكەم و دەستی كار بۆ خانمان بكەمەوە و متمانەی كڕیاران بەدەست بهێنم و ئەو هێزەشی ئیرادەی بە سۆز كەیكەری بەخشی، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت».