خوێندنەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی كۆتای پێكهاتەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 10 حوزەیرانی 2024 ئەنجامدەدرێت

خوێندنەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی كۆتای پێكهاتەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 10 حوزەیرانی 2024 ئەنجامدەدرێت

(*)

رێكەوتی 21/2/2024 دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ( 11) كورسی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت بوو بە ڕۆلەكانی كەمینە نەتەوەكان لە ( كلدان ، سریان ، ئاشور ، توركمان و ئەرمەن ،وەك لە یاسای ژمارە ( 1)ی ساڵی 1992 لەپەرلەمانی كوردستان هاتوە) دیارە ئەم بڕیارە لێسەندنەوەی ماف و ئازادیە سیاسیەكانە لە كاندیدبون و دەنگدان و وهەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان و، ئەو بڕیارە پێچەوانەی ئاشكراو ڕونی دەستورە وبە بڕیارێكی سیاسی ڕووت دادەنرێت و دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوەو سیاقاتە یاسایەكان و ئەم جگەلەوەی پێچەوانەی مادەی (5)ی دەستوری هەمیشەیی عێراقە كە ساڵی 2005 گەلانی عێراق دەنگیان پێدا و دەقەكەی دەلێت : " سەروەری بۆ یاسایە ، گەلیش سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیبونیەتی ، كە بەهۆی دەنگدانی راستەوخۆ ونهێنەوە لە ڕێی دامو دەزگا دەستوریەكانەوە ئەنجامی دەدات " .
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە پێچەوانەی ئاشكراو رونی دەستورە لەگەڵ كۆمەڵی لە مادە وبڕگەكانی دەستور نا گونجێت بەتایبەتی ماف و ئازادیە سیاسی ومەدەنیەكان وە مادەی ( 14)ی دەستور هاتوە كە بۆ بەدیهێنانی یەكسانی نێوان هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاكاری كردن ، وە ئەو بڕیارە جیاكاریەكی ئاشكرای دژ بە كەمینەكانە و ، مادەی ( 16)ی دەستور بەدەق هاتوە كە : " یەكسانی هەل مافێكی هەموو عێراقیەكانە ، دەوڵەتیش ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە " لێرەوە پرسیارێك سەرهەڵدەدات كوا یەكسانی هەل ؟ دوای بێبەشكردنی ڕۆلەكانی كەمینەكان لە دەستەبەركردن و بەدیهێنانی مافە مەدەنی وسیاسیەكانیان ، هەروەها مادەی (49 / یەكەم) لە دەستوری عێراقی تایبەت بە زەمانەتكردنی مافی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق لە هەلبژاردنەكان و ڕەچاوی نوێنەرایەتی كۆی پێكهاتەكان بكات ، لێرەوە كەمینەكانی عێراق لەمافی نوێنەرایەتیكردن لە یاسادانان وبەشداری سیاسی بێبەشدەبن ، و مادەی ( 125)ی دەستور كە تایبەتە بە پاراستنی مافە ئیداری وسیاسی و رۆشنبیری و فێركردنی نەتەوە جیاوازەكانی وەك توركمان و كلدان و ئاشوری و پێكهاتەكانی تر ، ئاشكرایە بەم بڕیارەی دادگا مافە سیاسیەكانیان فەرامۆش وپەراوێزكرد و كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر مافە ئیداری و رۆشنیری وفێركاریەكان دەبێت .
مافی كۆتاكان كە لەلایەن پەرلەمانی كورستان بۆ پێكهاتەكان دەستەبەر ودیاریكرابوو لەپێناو نوێنەرایەتیكردن لە دەسەڵاتی یاسادانان و پرۆسەی سیاسی ،بەشێوەیەكی گشتی لە پێناو چەسپاندنی بنەما وپرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكتر قبوڵكرن و رێزگرتن لە تایبەتمەندی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان بونیادنرابوو ، وە بۆ پاراستنی وگەشەپێدانی ئەم پێكەوەژیانەش پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە ( 5)ی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان دەركرد كە تا ئێستاش كاری پێدەكرێت ، لەسەر ئەم بنچینەیە مافی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان ناكۆك نیە لەگەڵ مادەی ( 20)ی دەستوری عێراق و مادەی ( 121 / یەكەم) كە تایبەتە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان لە مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و ڕاپەراندن و دادوەری یان هەیە ، هەر بۆیە باش وچاك بوو بۆ دادگای باڵای فیدراڵی كە ئەندامەكانی ئەزمون ودانان و لەروانگەی چەمكی پێكهاتەی ئەم دادگایە كە سەربەخۆی خۆی بەشێوەی تەواو هەیە و زامنی پاراستنی مافە وئازادیە گشتیەكانە بەپێی دەستور ، بڕیاردەركردن بە راستكردنەوەی ئامرازی كۆتاكان كە لە ئەگەری كەموكوڕی لە یاسادا هاتووە نەوەك بە هەڵوەشاندنەوە، هەر لە بەرایی قۆناغی كاندیدبون تا دەگاتە دەنگدان و هەژماركردنی دەنگەكان و چارەسەركردنیان لەبڕی ئەمە هەڵساوە بە دیاریكردنی خراپترین بژاردە كە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی كۆتاكان و بێبەشكردنی ئەو كەمینە نەتەوەییانە لە مافەكانیان ، وە ئێمە لەكاتی خۆی داوای پرۆژە یاسا مانكرد بۆ ڕێكخستنی كۆتاكان و نوێنەرایەتی كەمینەكان لە دەسەڵاتی یاسادانان و لەوەكاتە داواكارییەكان لەلایەن زۆرینەی پارتەكان و كەسایەتیە سیاسیەكان بوو بە دورخستنەوەی كەمینەكان لەكێشمەكێش و ململانێ سیاسی وحزبیەكان كەبەهۆی كۆنترۆلكردنیان و بەكارهێنانیان لەپرس و بابەتێك كە دورە لە نوێنەرایەتی كەمینەكان و مافەكانیان ئەویش كە دەستپێكەكەی بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كۆتاكان بە تۆمارێكی تایبەت بە رۆلەكانی كەمینەكان وە مافی كاندیدبون ودەنگدان بە كاندیدەكانیان هەبێت هەروەها لیست وقەوارەی كاندیدانی كۆتا بۆ دەنگدان جیابێت وناوی كاندیدانی كۆتا لەنێو لیستی گشتی دا نەبێت ، وە دیاریكردنی رۆژێكی تایبەت و هەروەها سندوقی هەڵبژاردنی تایبەت بە كۆتاكان هەبێت لە رۆژی دەنگدان دا ، وە ئەم ڕێككارە باشترین دەرچە ورێگا چارەبوو بۆ تەدەخول نەكردنی پارتە دەسەڵاتدارەكان و حزبە گەورەكان و لایەنە ئەمنی و سەربازیەكان و بەكارهێنانی نفوزی سیاسی بۆ دەنگدانی لایەنگر وشوێنكەوتووەكانیان وە دەرچونی كۆتا لە ناوەرۆكەكەی وەك لە هەلبژاردنەكانی نوێنەرانی عێراق كە لەرۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021 بەرێوەچوو .
بێگومان لێرەوە پرسیار لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دەكەین كە بۆچی نوێنەرایەتی كۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كریستیانیەكان بونی هەیە وهەروەها كۆتا لە پارێزگاكانی عێراق ( بەغداد ، نینوی ، كەركوك ، هەولێر ، دهۆك) بۆ هەر پارێزگایەك كورسیەك هەیە وتەرخانكراوە ، هەروەها كۆتا لە ئەنجومەنی پارێزگاكان بونی هەیە و بۆ هەر یەك لە پارێزگاكانی ( بەغداد ، نینوی ، كەركوك ، بەسرە ) كورسیەك بۆ هەر پارێزگایەك دیاریكراوە وە بەمافێكی پارێزراوی دەستوری دادەنرێت و ناكۆك نیەلەگەڵ بڕگە ومادەكانی دەستوری عێراق بەڵام بوونی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان نا دەستوریە .
بێگومان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆتا بەرتەسككردنەوە وبچوكبونەوەی بنچینەی دیموكراتی و پلورال وفرەیی وپێكەوەی نەتەوەیی و ئاینی و ئاشتی كۆمەڵگای عێراقیە ، كە ئەزمونی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەساڵی 1992 لەیەكەم خولی هەڵبژاردن و لە عێراق لەدوای ساڵی 2003 لە خولی یەكەمی پەرلەمان لە هەلبژاردنەكانی ساڵی 2005 بونیادنراوە ، هەر بۆیە بڕیارەكە بە ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدار لەسەر پاشەكشەی دیموكراتی و مافی مرۆڤ وهاوبەشی نیشتمانی وماف وئازادیەكان دادەنرێت چونكە پرۆسەی سیاسی لەعێراقی نوێدا لەدوای ساڵی 2003 لەسەر بنەمای دیموكراتی وهاوبەشی هاوبەش بونیادنرابوو ، وە گرتنەبەری ئەم شێوازە ورێگایە بەدڵنیایی ئاكام ودەرئەنجامەكەی دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان ومافە بنەڕەتیەكان و پرەنسیپی هاوڵاتی ودیموكراسی كە هەموو ئەمانە بە خوێن وقوربانیدانی تێكرای ڕۆلەكانی گەلانی عێراق بەدیهاتوون لەنێویشیاندا ڕۆلەكانی كەمینە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزاكانی عێراق كە لەماوەی ساڵانی دورو درێژدا قوربانیەكی بێشوماریان پێشكەشكردوە لەپێناو نەمانی سیستەمی دیكتاتوری وهێنایەكایەی سیستەمی دیموكراتی لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەوا وداخوازیەكانیان .
ئاشكرا و روونە كە لەلایەن زۆرینەی زۆری ڕۆلەكانی ئەم پێكهاتە و كەمینانە ، بڕیار دادگای باڵای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی مافی كۆتاكان لە نوێنەرایەتیكردن لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی سیاسیە كە هەڵگری دەلالەت ومانای مەترسیدارن كە لە پێشترینان پاشەكشەكردنە لە دانپیانان بە هەبوون و وجودیی نەتەوەی یان لەنێو نەسیجی نیشتمانی هەرێمی كوردستان ودواتر لە تێكرای پارچەكانی عێراق، ئەمەش ئاسانكاری و رێگا دەكاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سیاسەتی ڕەتكردنەوەی ئەوی تر وبەرامبەر كەجودان لەگەڵ زۆرینەی نەتەوەیی وئاینی ومەزهەبی و ئەتنی یەكان ، وە ئەمرۆ بڕیارەكە بە كەمینە نەتەوە وئاینیە بچوكەكان دەستیپێكردوە ، پاشان بۆ پێكهاتە گەورە هاوبەشەكانیش كە ئێستا لە پرۆسەی سیاسی عێراقی دان دەگرێتەوە، تا دەگاتە گەڕانەوەی چەمكی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندی و دیكتاتۆریەتی زۆرینە ، كەدیارە گەلی عێراق دوای ساڵانێكی زۆر لە خەبات وتێكۆشان و قوربانیدان رزگاری بوو لەدەست ئەم سیاسەتە .
بەپێی پەیماننامە و رێككەوتنامە نێودەوڵەتیەكان بەتایبەت ئەوەی كە عێراق واژۆیكردوە وپابەندە بە جێبەجێكردنی و عێراق ئەندامی دامەزرێنەری كۆمەڵەی نەتەوەكان وئێستا ئەندامە لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان ولە ساڵی 2006 ەوە ئەندامی بەشدارە لەئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە جنێڤ لە پانۆرامای خولی گشتگیر ( UPR) بۆ باشكردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ عێراقی ، وهەروەها جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ 1948 ( وەك جاڕنامە نەوەك پابەندكەر) وپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت مەدەنی وسیاسیەكان 1966 و پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە ئابوری وكۆمەلایەتی و كلتورییەكان 1966 و هەروەها جارنامەی جیهانی لەبارەی مافی ئەو كەسانەی كە سەر بە كەمینەی نەتەوەی وئەتنی وئاینی وزمانی ین ، هەروەها كۆمەلێ لە پرۆتۆكۆلات و بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی تر كە مافی كەمینەكان دەپارێزێ و حكومەتی عێراقی فیدراڵ پەسەندی كردوە و واژۆی لەسەر كردوە.
كۆكراوە وپوختەی هەموو ئەوانەی لە سەروە باسكرا و هاتوە دووپاتدەكەنیەوە كە :
1.دادگای باڵای فیدراڵی پابەند نە بوە بە پسپۆریەكەی كە دەستوری هەمیشەی عێراق ساڵی 2005 بۆی كێشاوە ودیاریكردوە بەپێی مادەی ( 92)دەستور ، كە دەبێت سەربەخۆ بێت بەڵام سەربەخۆ نەبوە وخۆی لەبری دەسەڵاتی یاسادانان داناوە كە ئەمەش پێچەوانە وناكۆكە لەگەڵ پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەپێی مادەی (47)ی دەستور .
2.دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی مادەی ( 93)ی دەستور ، دەسەڵاتەكانی سنوردارە ، و ناكرێت سنور ودەسەڵاتەكانی خۆی ببەزێنێت و تێپەرێنێت .
3.مادەی ( 115)ی دەستور بە دەق هاتوە كە : " هەر شتێك لەسنوری دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدراڵی دا ئاماژەی پێنەكرابێت ، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەكان ئەو پارێزگایانەی نا كەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە . ئەگەر ناكۆكی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی وحكومەتی هەرێمەكان ، ئەوا پێشینە بۆ هەرێمەكانە " .
4. هەروەها مادەی (141) لە دەستوری عێراق هاتوە كە كاركردن بەو یاسایانەی كە لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 1992ەوە دەركراوە بەردەوام دەبێت ، بەهەمان شێوە ئەو بڕیارانەش كارپێكراون كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دراون – لەوانەش بڕەكانی دادگا وگرێبەستەكان- ئەگەر هەموار نەكرابن یان هەڵنەوەشابنەوە بەپێی بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەنی پەیوەندارەوە ، بە مەرجێك پێچەوانەی دەستور نەبێت .
5.بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوە ، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی بە (111) كورسی دیاریكردوە و لەنێویاندا (5) كورسی بۆ كریستیانیەكان دیاریكرابوو ، كە دیارە ئەمەش پێش نووسینی دەستوری عێراقی بوە ، وە مادەی ( 141)ی دەستوری عێراق بە فەرمی دانیپێداناوە و هیچ ناكۆك وپێچەوانە نیە.
6.دادگای باڵای فیدراڵی لەبڕی پابەندبون بە سنور و دەسەلاتەكانی كە دەستوری بۆی دیاریكردوە ، هەڵساوە خۆی كردۆتە جێگرەوەی دەسەڵاتی یاسادانان كەخۆی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەبینێتەوە ، دەسەڵات وپسپۆریەكانی بەزاندوەو، بڕیاری دەركردوە كە دەرچونە لە دەقی یاسادانان.
7.هەڵوەشاندنەوەی ( 11) كورسی كۆتاكان كە خۆی لە پێكهاتەكانی نەتەوەی كلدان وسریان وئاشور وتوركمان وئەرمن بەرجەستە دەكات ، ئەگەر لە دەستوری عێراقی ئاماژەی پێنەكراوە ونەهاتوە ، ئەدی بۆ كار بە كۆتاكان لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە بەبێ بوونی هیچ ناڕەزایی وتانەیەك ، بۆیە بێدەنگی دادگا لە هەلبژاردنەكانی نوێنەران وئەنجومەنی پارێزگاكان ، دەرچون وشكاندنی پێوەری دیدگای یەكسانیە كە پێویستە لە بڕیارەكانی بەسەر هەموان بەرجەستەو بەدیبێت.

 


(*)سەرۆكی پێشووی
دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ

Top