د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: پرسی دادگای فیدڕاڵی، هەر لە پێكهاتەی دادگاوە، شێوازی كاركردن و بڕیارەكانیشی، تێبینی زۆر جددی یاسایی و دەستووری لەسەرە
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دەستپێكی گفتوگۆكە لە پەیڤێكدا بەخێرهاتنی بەشداربووانی كرد و دواتر، ئاماژەی بە بازنەی گفتوگۆ كرد، وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و پێی ڕاگەیاندن، ئەم ئۆرگانە لە سەرەتای ساڵی 2003 دامانمەزراند، بە ئامانجی ئەوەی كە دەستەبژێری ئەم نیشتمانە بە جیاوازیی ڕەگەز و ئایین و نەتەوەوە پێكەوە كۆببینەوە و لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشمانیییەكان و ئەو پرسانەی پەیوەندی بە گوزەران و ژیانی خەڵكەوە هەیە و خەمی هەموومانن، زۆر ڕاشكاوانە قسەیان لەسەر بكەین و هەقیقەتی كێشەكان چۆنن وەك خۆیان پێناسەیان بكەین و، لەبەر ڕۆشنایی بیروبۆچوونە جیاوازەكان میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان بدۆزینەوە و پێشنیار و ڕاسپاردەی زۆر باشی لێ دروست بكەین و، بۆ بڕیاردروستكەرانی ئەم نیشتمانە لەسەر ئاستی هەموو دامەزراوەكانی ئەم وڵاتە بەرزی بكەینەوە.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا و هەر سەبارەت بەشێوازی كاركردنی بازنەی گفتۆ گۆ، بەرپرسی بەشی ڕۆشنیری و ڕاگەیاندن گوتی: «لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوو، بازنەی گفتوگۆ لەسەر 14 پرسی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی و ژیانی گوزەرانی خەڵك گفتوگۆی كردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا كە پێكەوە كۆبووینەتەوە و ئەڵقەی پانزەهەمە و لەسەر پرسێكی زۆر گرنگ گفتوگۆ دەكەین، كە ئەویش «دادگای فیدڕاڵیی عێراق . گفتوگۆ و هەڵوێست»ـە، ئومێدەوارم لەسەر ئەم پرسە گرنگەش زۆر بە ڕاشكاوی قسە بكەین و جیا لەوەی قسە لەسەر ئەم بڕیارانە دەكەین دژی هەرێمی كوردستان، گرنگە ئەو بەشەشی كە شانی خۆمان دەگرێت و پێشتر كەموكورتیمان هەبووە و وەك پێویست نەمانتوانیوە لەگەڵ واقیعەكە مامەڵە بكەین، وەك ڕەخنە ڕووی خۆمان دەگرێتەوە، ئەوانیش بخەینە ڕوو».
لە درێژەی پەیڤەكەیدا د.سالار عوسمان ئاماژەی بەوە كرد «دید و بۆچوونی بەشدارانی گفتوگۆكان و هزر و ئەزموونی پسپۆڕان و شارەزایانی وڵاتی خۆمان، تەنیا وەك بابەتێكی میدیایی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، بەڵكو بازنەی گفتوگۆ لەلایەك وەك كاری میدیایی پوختەی ئەم گفتوگۆیە لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكاتەوە، هەر شەش مانگ جارێكیش شەش گفتوگۆ لە دوو كتێبدا بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی لە ڕێوڕەسمێكدا پێشكەشی دەكات و ڕێز لە بەشداربووانی گفتوگۆكان دەنێت، تا ئێستا بۆ 12 ئەڵقەی ساڵی 2023 دوو كتێبمان بە زمانی كوردی و دوو كتێبیشمان بە زمانی عەرەبی چاپ كردووە، لەلایەكی دیكەوە مامەڵەیەكی سیاسییانەش لەگەڵ دید و بۆچوونە جیاوازەكان و هز و پسپۆڕی و ئەزموونە جیاوازەكان دەكەین، و بازنەی گفتوگۆ هەڵسەنگاندنی زۆر قووڵ و زانستییانەی بۆ دەكات، لەو هرز و بۆچوونە بەرزانەی ئێوە «میكانیزم، پێشنیار، ڕاسپاردە» دروست دەكەین و لە ڕاپۆرتێكی زۆر سیاسی و زانستیدا بەرز دەكرێتەوە بۆ بڕیار دروستكەرانی ئەم وڵاتە، ئەوەشی جێگەی دڵخۆشی و سەرفرازی ئێمە وەك بازنەی گفتوگۆ و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیە كە بڕیاردروستكەرانی وڵاتی خۆمان شانازی بە هزر و پسپۆڕی و ئەزموونی دەستەبژێری ئەم نیشمانەوە دەكەن و هەموو ئەو هزر و بۆچوون و ئەزموونانە وەك بنەمایەك بۆ دروستكردنی بڕیار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم وڵاتە بەكاردێنن.
سەبارەت بە كێشەكانی ئەم وڵاتە كە كێشەگەلێكی كەڵەكەبوومان لەناوخۆی خۆمان هەیە و هەروەها كێشەگەلێكی كەڵەكەبووشمان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: «ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە وا پەروەردە كراوین، بە گەشبینییەوە سەیری ئایندەی نەتەوە و نیشتمانی خۆمان بكەین، ڕاستە كێشە و ئالنگاری و گوشارەكان لە چەندین لاوە دەكرێنە سەرمان و كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروون و كۆمەڵگەی ئێمە دروست كردووە، بەڵام لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا ئیرادەیەكی گەورەی گەلی كوردستان دەبینین كە جیاوازییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە و سیمای جوانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێ دروست دەكات، ئەو پرسانەی هەڵیاندەبژێرین و دەیكەینە تایتڵی گفتوگۆكان، دەزانین زۆر قورسن، زۆر كاریگەر و پڕمەترسی و ئالنگارین، بەڵام لەبەر ئەوەی بە نییەتی خێر و گەشبینییەوە سەیری دەكەین و، وەك كێشەی هەموومان «كوردستان و عێراق» گفتوگۆی جددی لەسەر دەكەین، ئەزموونی گفتوگۆكانی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو، ئەوەیان بۆ خستووینەتە ڕوو، كە دەستەبژێری كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، دەستەبژیری عێراق بە كورد و عەرەبەوە، ئامادەباشیی نەتەوەیی و نیشمانییان لەو ئاستەدایە كە گیانی هاوكاری دروست بكەن و خەم لە كێشەكان بخۆن و پێكەوە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكانی خۆمان بكەینەوە.
لەدوماهیدا و سەبارەت بە تایتڵێ گفتوگۆی ئەمجارە (دادگای فیدرالی عێراق . هەڵوێست و گفتوگۆ) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند «شەرەفمەندین ئەمڕۆ ئەم هەموو سیاسەتمەدارە، ئەم هەموو دادوەر و ئەكادیمستی بواری یاسایی و دەستوور بەتایبەتی كە دوو سیاسەتمەداری عێراقیشمان لەم گفتوگۆیە لەگەڵماندا بەشدارن. من تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵ دەكەم، یەكەمیان ئەوەیە «لە پرسی دادگای فیدڕاڵی، هەر لە پێكهاتەی دادگاوە، شێوازی كاركردن و بڕیارەكانیشی، تێبینی زۆر جددی یاسایی و دەستووری لەسەرە، بە ڕاشكاوی هەست دەكرێت كە جۆرێك لە غەدر و زوڵمی تێدایە بەرانبەر كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام تەبایی سیاسی ئەو هێزە سیاسییانەی هاوپەیمانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكهێناوە، دادگای فیدڕاڵی لەبری ئەوەی ببێتە فاكتەرێك بۆ تەبایی سیاسی و سەقامگیریی عێراق، خەریكە دەبێتە هۆكارێك بۆ تیكدانی ئەو تەباییە و دروستبوونی ناسەقامگیری لە وڵاتدا، ئەمەش پرسێكە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت پسپۆڕانی یاسا و دەستوور و دادوەرە بەڕێزەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بە هۆی ئەو كەشە سیاسییە ناجۆرەوە كە ململانێی سیاسی دروستی كردووە، ناتوانن قسەی جددی بكەن، ئەم توێژە گرنگەی پسپۆڕانی یاسا و دەستوور و دادگاكان، كە خەڵكی زۆر نیشتمانپەروەریان تێدایە، كۆڵەگەی سەروەریی یاسای هەر كۆمەڵگەیەكن، بۆیە هەقە قسەی جددییان هەبێت، چونكە بەرژەوەندیی باڵای وڵات داوای ئەوەیان لێدەكات.
سەرنجی دووەم لەسەر میدیاكارانی عێراق و كوردستانە، دیسان بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییە ناوجۆرەی كوردستان و عێراق كە دیسان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كەسانی زۆر باشمان هەیە، نەیانتوانیوە لە ڕێگەی میدیاوە كەشێكی هێمن بۆ گفتوگۆ دروست بكەن و بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دروست ڕای گشتی ئاراستە بكەن.