با مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بكەینە دەرفەتێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی شوناسی موسڵمانی كورد و پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستان

با مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بكەینە دەرفەتێك  بۆ بەهێزكردنی پێگەی شوناسی موسڵمانی كورد و پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستان

(*) 

شوناسی كورد: میللەتێكی موسڵمانە لە ناوچەكەدا و مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی هەیە لە جیهانی ئیسلامدا. گەلی كورد بەشێك و پشكی زێڕینی مێژووی ئیسلامی تۆمار كردووە. سەركردەكانمان و زانایان و مامۆستایانی كورد لە بواری فقهی ئیسلامی و شەریعەت و حەدیس، حزوور و ڕۆڵێكی زۆر گەورەیان لەم مێژوویەی ئیسلامدا هەبووە. لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا كە خودای گەورە و میهرەبان پیرۆزی كردووە و، ڕۆژووبوونی لەسەر موسڵمانان فەرز كردووە، میللەتی كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكەی ئیسلام، بە گرنگییەوە پێشوازی لەم مانگە دەكەن و، واتا و مانایەكی گەورەی بۆیان هەیە. لەم مانگەدا میللەتی كورد، وێڕای ئەوەی بەڕۆژوو دەبن و لە ڕۆژدا خۆیان لە خواردن و خواردنەوە بەدوور دەگرن، نزا و پاڕانەوە و خوداپەرستیی زیاتر دەكەن و، كۆمەڵێك كردار و ڕەفتاری جوانیش جێبەجێ دەكەن، لەوانە: بەسەركردنەوەی هەژاران لەلایەن دەوڵەمەندەكان و ڕێزگرتن و زیادكردنی ڕەفتار و كردەوە جوانەكان.

موسڵمانانی كورد لەم مانگەدا وەكو موسڵمانانی دیكەی جیهان زیاتر لە یەكتر نزیك دەبنەوە لە مزگەوت و بەسەركردنەوەی یەكتر و لە ئەنجامدانی نوێژەكانی جەماعەت و تەراویح و تەنانەت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش لە بەسەركردنەوەی خزم و كەسوكار و دراوسێكانیاندا زیاتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە، پابەندبوونی كورد بە بۆنە ئاینییەكان و دابونەریتەكانی ئەم مانگە پیرۆزە، هەروەها یەكێك لە ئەركەكان، ڕەتكردنەوەی نەیاران و دوژمنانی كوردە، بەوەی بەردەوام لەناوچەكەدا و لەناو جیهانی ئیسلامدا تۆمەتی ئەوەمان دەدەنە پاڵ بەوەی كورد لە شوناسی ئیسلامی دەرچووە! بۆیە دەبێت ئێمە زۆر جەخت بكەینەوە لەسەر ئەم شوناسی ئیسلامیبوونەمان، چونكە هەر چوار دەوڵەتەكەی دراوسێمان، وڵاتگەلێكن كە گەلەكەیان موسڵمانن، ئەمە جگە لەوەی لەو ژمارە زۆرەی وڵاتانی ئیسلامی كە لەجیهاندا هەن، دەبێت پێگە و مەكانەتی كورد وەكو سەردەمەكانی دەوڵەتی ئەیوبییەوە بگەڕێنینەوە.  

 ئەم مانگە پیرۆزە، وەكو هەندێك كات و شوێنی پیرۆزی دیكە كە خودای گەورە بۆ موسڵمانانی داناوە، بۆ ئەوەیە سوودی لێ ببینین و ببێتە دەروازەیەك بۆ تۆبەكردن و گەڕانەوە، بۆ نموونە مانگەكانی شەعبان و ڕەمەزان و زولحیجە كە حەجی تێدا ئەنجام دەدرێت، كاتی نوێژی بەیانی و ڕۆژی هەینی و دەیان بابەتی دیكە، بۆ ئەوەیە بەندەكان وەكو هەلێكی پیرۆز وەریبگرن و داوای لێخۆشبوون بكەن. لە چەندین فەرموودەدا هاتووە، دوای نوێژی عەسر لە ڕۆژی هەینیدا نزا و دوعاكان قبووڵن، هەروەها هەندێك جێگا پیرۆز كراوە، وەكو ماڵی خودای گەورە و مزگەوتی پێغەمبەر (سەلامی خوای لەسەر بێت) و مزگەوت و مەزارگاكان تاوەكو موسڵمانان بچنە ئەو جێگایانە و بە ئەنجامدانی عیبادەت، وەكو هەلێك داوای لێخۆشبوون و نزا و دوعا بكەن. ئەوەتا یەك نوێژ لە حەرەمی مزگەوتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) هێندەی هەزار نوێژە و ئەنجامدانی یەك ڕەكەعات لە حەرەمی كەعبەی پیرۆز هێندەی سەد هەزار ڕەكەعاتە، ئەم كات و شوێنە پیرۆزانە بێ حیكمەت نییە.

 فەرمانەكانی خودای گەورە و میهرەبان و حیكمەتی داڕشتنی خوداپەرستییەكان، سەدان كتێبی زانایانی لەسەر نووسراوە. ئەوەتا لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا قورئانی پیرۆز دادەبەزێت و خوداپەرستی زیاتر دەبێت و موسڵمانان لە مزگەوتەكاندا كۆدەبنەوە و سیلەی ڕەحم و بەزەیی و فەریزەی عەمرە زیاد دەبێت و زەكات و خێر و بەخشندەیی زیاد دەبێت. كاتێك خودای گەورەو میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ...». خودای گەورە دەفەرموێت: ئەم ڕۆژووبوونە پێش ئیسلامیش هەبووە و بۆ موسڵمانان مانا و واتایەكی گەورە دەگەیەنێت.

لەم مانگە پیرۆزەدا وێڕای خوداپەرستی و نزا و نزیكبوونەوە لە خودای گەورە و میهرەبان سیلەی ڕەحم و بەزەیی لە نێوان موسڵماناندا زیاد دەبێت. موسڵمانەكان هەروەكو چۆن بەڕۆژوو دەبن و بە ڕۆژ خواردن و خواردنەوە ناخۆن، هەر بەوشێوەیەش ڕەفتارو كرداریان دەپارێزن و هاوكاری و یارمەتی یەكتر دەدەن و زەكات و یارمەتی هەژاران دەدرێت. لەم مانگەدا مەككەی پیرۆز ئازاد كرا و موسڵمانان چەندین جەنگی گەورەیان تێدا ئەنجام داوە، وەكو جەنگی بەدری گەورە و فەتحی مەككە و ئەندەلوس و شەڕی حەتین، بۆ ئێمەی كوردی موسڵمانیش لەم مانگەدا ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991مان ئەنجامدا و هەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیشدا كۆڕەوە گەورەكەی كورد دژی زاڵم و ڕەتكردنەوەی داگیركەر ڕوویدا.

وەزارەتی ئەوقاف، كۆمەڵێك ڕێنمایی بۆ بەرزڕاگرتن و پیرۆزكردنی مانگەكە دەردەكات و، حكومەتی هەرێمیش ئەمن و سەلامەتیی موسڵمانان بە ڕۆژ و شەو بۆ ئەنجامدانی خوداپەرستی و نوێژەكانی تەراویح و مزگەوتەكان لەئەستۆ دەگرێت، ئەمەش بۆ گرنگیدانی سەركردایەتیی كورد بە ئیسلام دەگەڕێتەوە. هەموو ئەم پەرستن و خوداپەرستی و ڕەفتار و كردەوانەی موسڵمانی كوردستان، وا دەكات پێگەی كورد لەناو جیهانی ئیسلامیدا بەهێز بێت، هەروەكو چۆن خودای گەورە و میهرەبان لەم مانگە پیرۆزەدا پێگەی موسڵمانان بەگشتی بەهێز دەكات.

ئەم مانگە هەروەكو چۆن نیعەمەتێكی گەورەیە بۆ بەخوداچوونەوەی موسڵمان بە نەفسی خۆیاندا، هەرواش هەلێكی گەورەیە بۆ ئاشتەوایی گشتی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و حزبەكان و ڕێكخستنەوەی ماڵی كورد و خەمخواردنی چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەكان و پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستان. خۆ ئەگەر ڕەخنە و سەرنجمان لەسەر یەكتر هەبێت، نابێت لەسەر حیسابی ئەو قەوارەیەی كوردستان بێت، كە ئەگەر خوانەخواستە نغرۆ بین، هەموومان لەناو ئەم كەشتییەدا نغرۆ دەبین. نابێت لە 2014وە كە 10 ساڵ دەخایەنێت، گەمارۆمان لەسەر بێت و ئێمەش هەر یەكڕیز نەبین و پەرتەوازە بین و نەتوانین ماڵی كورد بپارێزین و پەند و وانە لە ڕابردوو وەرنەگرین.

بەداخەوە كاتێك ئێمەی موسڵمان لەم مانگە پیرۆزەداین، نەیاران و دوژمنانی كورد هەوڵ دەدەن، گەلەكۆمەكی لەم سەقامگیری و ئارامییە بكەن كە هەرێمی كوردستانی تێدایە، هەوڵی ناشیرینكردنی پێكەوەژیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدەن و، بوودجە و مووچەی خەڵكەكە دەبڕن و جەنگێكی ئابووریمان لەسەر دەكەن. ئێمە لەكوردستان لەگەڵ ئاینزاكانی دیكەدا پێكەوە دەژین و كەلتوورێكی پێكەوەژیان و لێبووردنمان لەنێواندایە. لەم مانگەدا زیاتر هەوڵ دەدەین، ڕێز لە هەموو ئایین و ئایینزاكان بگرین، كەچی نەیارانی كورد هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی لەم مانگەی پیرۆزەی ڕەمەزاندا كە مانگی موحەڕەمە و نابێت جەنگی تێدا ئەنجام بدرێت، تاوەكو ئاشتەوایی گشتی لە ئاستی زلهێزەكانیش بێتە دی.

 

(*) 

مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە بواری شەریعەی ئیسلامی

 

Top