شــــۆخ نـــەســریـــن فــەتـــاح : شەشەم ڕەمەزانە لەسەر شەقام ناوساجی دەفرۆشم

شــــۆخ نـــەســریـــن فــەتـــاح :  شەشەم ڕەمەزانە لەسەر شەقام ناوساجی دەفرۆشم

 

شۆخ نەسرین فەتاح، خانمێكی كارامە و بەتوانای شاری سلێمانییە و لەسەر شەقامەكانی شار لە زەرگەتە نانەكانی خۆی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە دەفرۆشێت. هەر لەسەر شەقام ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا ناوساجی دروست دەكات. وەك خۆی باسی دەكات، بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان و پەروەردەكردنی منداڵەكانی چەندین كاری سەربەرزانەی ئەنجام داوە. لەم گفتوگۆیەشی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی كارەكەی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شۆخ نەسرین فەتاح، ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، دایكی چوار منداڵە (دوو كچ و دوو كوڕ) و هەر چواریان قوتابین. وەك خۆی باسی كرد، بەڕێوەبردنی ماڵ و دابینكردنی بژێویی خێزانەكەی لە ئەستۆی خۆیدایە، سەبارەت بە كاركردنیشی دەڵێت: «ماوەی هەشت ساڵە كاری نانكردن دەكەم، ئەم ڕەمەزانە شەشەم ڕەمەزانە لەسەر شەقام ناوساجی دروست دەكەم. ڕۆژانە لە سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ تاوەكو سەعات شەش و نیو لەسەر ئەم شەقامەدا نان و ناوساجی، ماست، دۆ، كەرە، خورما و دۆشاوی گەزۆ دەفرۆشم. لە خوا بەزیاد بێت، خەڵكەكە زۆر ڕێزم دەگرن و لە هەر شوێنێك بمبینن، دەمناسنەوە.»

سەبارەت بەو كارانەی كە لە ڕابردوودا بۆ پەیداكردنی قوتی خێزانەكەی ئەنجامی داون، دەڵێت: «پێشتر بۆ ماوەی نۆ ساڵ كاری دروومان و چنینم كردووە، بەڵام ئەم كارەم واتە نانكردن، لە سەرەتادا وەك كرێكارێك لە كارگەكاندا كارم دەكرد. یەكێكی دی لە كارەكانم پاككردنەوەی ماڵان بوو، هەروەها هاوەڵی نەخۆشانی دەروونی لە سەنتەری دەروونیی سلێمانی بووم، لەگەڵ ئەوەشدا گوێز شكاندن، جار جارەش دەبوومەوە كرێكاری كارگە و دواتر لە ماڵەكەی خۆمدا ژوورێكی بچووكم هەبوو، هەر خۆم بە سەقفی دار بۆ نانكردنی ماڵی خۆم دروستم كردبوو، ئیتر لەوێوە دەستم بە ئیشەكەم كرد. هاوكات لە چێشتخانەیەك لە بەشی ئامادەكردنی نانی بەیانیان هەفتەی سێ ڕۆژ شێفم، بەڵام مشتەری ماڵپاككردنەوەكانم هەر كارەكەمیان بەدڵە و تێلم بۆ دەكەنەوە، منیش ئەو ماڵانەی كە زۆر لەگەڵم باش بوون، دەچم ماڵیان بۆ خاوێن دەكەمەوە، لە ئێستادا بە بەردەوامی ئەو سێ كارە دەكەم».

 ئەو خاتوونە لە بارەی كارەكەیەوە ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت: «بۆ فرۆشتنی نانەكەم دەچمە سەر جادە و شەقام، وەك ئەو كاسبكارانەی كە ڕۆژانە میوە و شووتی و سەوزە دەفرۆشن، یان كاڵەكیان پێیە لە جادەكان وەستاون. منیش لە شەقامی زەرگەتە و ڕەعایە دەوەستم، لێرەوە داواكاریم ئەوەیە شارەوانی ئەوەندە دەرمان نەكات لەو شەقامەی كاری تێدا دەكەین. ئەگەر ئاسانكاریمان بۆ ناكەن، لانیكەم با ڕێگری لە كاسبیشمان نەكەن».

گوتیشی: «ئێستا زۆر ئاسوودەم، چونكە منەتی كەسم لەسەر نییە. ڕاستە كارەكەم هیلاكیی زۆری تیایە، باس ناكرێت و ناشبیندرێت، بەڵام تا زیاتر هیلاك بم، خۆم بە حەساوە دەزانم، ئەگەر یەك دوو ڕۆژ نەچمە سەر جادە بۆ كارەكەم، وادەزانم شتێكم لێ ون بووە و بیری ماندووبوونەكەم دەكەم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە پەیام و ئامۆژگاریت بۆ ئافرەتان چییە؟ گوتی: «ئامۆژگاریم بۆ ئافرەتان ئەوەیە هەتا دەتوانن لە ڕێگەی هەر كار و پیشەیەكی سەربەرزانەوە بێت، بێنە ناو كۆمەڵگە و كار بكەن. تامی هەزار دینارییەكی بەرهەمی كاری ئافرەت، زۆر خۆشترە لە یەك ملیۆن دیناری كەسێكی دیكە، بۆیە پێم خۆشە هەموو ئافرەتێك كار بكات و نەترسێت، بۆ چاونەترسیشیان ئاوڕ نەدەنەوە، بەس پێشی خۆیان ببینن، كە چۆن ئامانجەكەیان بپێكن. كاتێك یەكێك ترسی لە شتێك هەیە، زۆر ئاوڕ بەملاو ئەولای خۆیدا دەداتەوە، هەموو ئاوڕدانەوەیەك ترسەكەت زیاد دەكات، ئەم غیرەتەش وەك ئەوە وایە، كاتێك بتەوێت بڕیار بدەی بۆ هاتنەدەرەوە و كاركردن، نابێت حیساب بۆ بەربەستەكانت بكەیت، بەڵكو دەبێت هەنگاوی گەورەتر بنێیت بۆ پەڕینەوە لەو شتانەی كە ڕێگریت لێدەكەن».

 

Top