سـێـیـەمــیــن كـــۆڕبـــەنـــدی دیپلۆماتیی ئەنتاڵیا پتەوكردنی دیپلۆماتیەت لە كاتی تەنگژەكاندا
ڕۆژی یەكی ئاداری ئەمساڵ 2024، سێیەمین كۆڕبەندی دیپلۆماتی لە شاری ئەنتاڵیای توركیا بەڕێوە چوو. ئەم كۆڕبەندە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كۆڕبەندە هاوشانی سەرۆكی 20 دەوڵەتی دیكەی جیهان بە فەرمی بانگهێشت كرابوو، لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین دیدری گرنگی ئەنجام داوە. لەوانە كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك كۆماری توركیا، لەم دیدارەدا باس لە دوایین پێشهاتەكان و بەهێزكردنی پێكەوەكاركردنی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی هەرێمی كراوە و، لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باسیان لە ئەگەر و لێكەوتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و پێشهاتەكانی شەڕ لە غەززە كرد و، هەردوولا جەختیان لەسەر چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان بە گفتوگۆ و دەرفەت و ڕێگە دیپلۆماتییەكان كردەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندەدا (تا نووسینی ئەم دێڕانە) چەندین دیداری دیكەی ئەنجام داوە، لەوانە كۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆمین ڕادیڤ سەرۆك كۆماری بولگاریا و یاشار گولەر وەزیری بەگریی توركیا.
كۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئەنتاڵیا (ADF) ماوەی سێ ساڵە بە سەرپەرشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و دەستپێشخەری وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەڕێوە دەچێت.
بۆ سێیەمین كۆڕبەندنی دیپلۆماتیی ئەنتاڵیا زیاتر لە 20 سەرۆك دەوڵەت و سەرۆك وەزیران و زیاتر لە 90 وەزیری دەرەوەی دەوڵەتان و دیپلۆمات و بزنێسمان و سەركردە و ئەكادیمی و ناوەندەكانی توێژینەوە و نوێنەرانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەشداریان لە پەنێڵەكانی ئەم كۆڕبەندەدا كرد.
بابەتە سەرەكییەكانی كۆڕبەندی ئەمساڵ كە لەژێر ناونیشانی «پتەوكردنی دیپلۆماتی لەكاتی تەنگژەكاندا» بەڕێوەچوو، بایەخێكی گرنگ بە هەر دوو شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە و شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا دەدات و، ئامانجی ئەم كۆڕبەندە ئەوەیە ببێتە بیركردنەوەیەكی گشتگیر و ئامرازێك بۆ گەڕان بەدوای ڕێگەچارەیەكی ئاشتییانەدا بۆ دەرچوون لەم قۆناغە ئاڵۆزەی جیهان، كە بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕی بەردەوام و كاری تیرۆریستی و كۆچی ناسیستماتیكی و زیادبوونی ڕق و كینە بەرانبەر ئیسلام و بیانی، هەروەها مەترسییە مەزندە نەكراوەكانی زیرەكیی دەستكرد و گۆڕینی كەشوهەوا و پەتا و كارەساتە سرووشتییەكان و فراوانبوونی بۆشاییە كۆمەڵایەتییەكان، كە ئەمانە دەبنە لیستێك لەو تەحەددییە نەبڕاوانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری داخوڕانی متمانە بە بنەماكانی سیستمی نێودەوڵەتی و سەرەنجامیش ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتوانین مەزندەی ئەو ژینگەیە بكەین كە دەوڵەتان كاری تێدا دەكەن.
هاوكات لەگەڵ بوونی ئەم ئالنگارییە جیهانییانەدا، جیهان بە قۆناغی گرژی و پشێویی هەمەلایەندا تێدەپەڕێت، ئەم گرژی و پشێوییانەش دەبنە فاكتەرگەلێك كە دەبنەوە هۆی ئەوەی گۆڕانكاری لە هەیكەلی دیمەنی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی جیهان بكرێت.
هەموو ئەم كێشانەی ئێستا جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێویسیتیان بەوەیە كە سەركردەكانی جیهان پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە كاری پێكەوەی هەوڵ بدەن، بە شێوازێكی ئاشییانە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كۆڕبەندە گرنگە، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هاریكاری و هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و، لەسەر ئاستی پێگەكەی وەك هەرێمێكی دەستووری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، ڕۆڵێكی كاریگەر بۆ چارەسەركردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدان و پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەكان دەگێڕێت.