پڕۆفیسۆر لینۆری مارتین بۆ گوڵان:   سەركردەكانی ئیسرائیل و حەماس توندڕەون و ئاشتییش سازش و بڕیاری سەختی دەوێت

پڕۆفیسۆر لینۆری مارتین بۆ گوڵان:     سەركردەكانی ئیسرائیل و حەماس توندڕەون و ئاشتییش سازش و بڕیاری سەختی دەوێت

 

 

لینۆری مارتین، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە، ئێستا پڕۆفیسۆری هەمان بوارە لە كۆلێژی ئیمانۆێڵ لە بۆستن. یەكێكە لە سەرپەرشتیارانی سێمیناری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەلایەن سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد و لەلایەن (سەنتەری وێزەهێد بۆ كاروباری نێودەوڵەتیی)ـەوە سپۆنسەر دەكرێت. پڕۆفیسۆر مارتین چەندین كتێب و توێژینەوەی نووسیوە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا، ئاسایشی نەتەوەیی ناوچەی كەنداو و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، بۆ تاوتوێكردن و شرۆڤەكاریی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ئاقاری و ئاراستەكانی ئەم شەڕە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* هەروەك ئاشكرایە، هەمیشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی كێشە و تەنگژە بووە و وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە دەست چەندین كێشەوە گرفتار بوون و گەلەكانیشیان باجی گەورەیان داوە. بەم دواییە شەڕێكی خوێناوی و كاولكاریی دیكە بەرۆكی ئەم ناوچەیەی گرتەوە كە مەبەستمان شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسە، كە دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی تەنیا لە كەرتی غەززەدا قەتیس نەبووە، ئێوە چۆن لەم پێشهاتە و بەردەوامبوونی ئەم شەڕە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا دەكرێت لە چەند ڕوانگە و ڕەهەندێكەوە لێكدانەوە و شرۆڤەكاری بكەین بۆ بەرپابوونی ئەم شەڕەی ئێستای غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا. بەڵام هۆكاری هەرە ڕاستەوخۆ لەم ڕووەوە، بریتی بوو لە هێرش و پەلامارەكەی ڕۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابڕدوو لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل. كە ئاشكرایە لەو كاتەدا حەماس تەواو دڵنیا بوو، لەوەی دەبێت ئیسرائیل بە ئاست و مەودا و ئەندازەیەكی گەورە پەنا بۆ تۆڵەكردنەوە ببات، ئەویش لەبەر ئەوەی هێرشەكەی حەماس پەلامار و شاڵاوێكی توند و سەخت و دڵڕەقانە و بەرفراوان بوو، هەروەها لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە بە بارمتەگرتنی كەسانی مەدەنییشی لەخۆ گرت.

* بەڵام بۆچی ئەم ناكۆكییە هێندە درێژخایەن و خوێناوییە؟ بۆچی سەرجەم هەوڵ و كۆششەكان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێگاچارەیەك كە مایەی ڕەزامەندیی هەردوولا بێت، ئەمە لە كاتێكدا كە جار لە دوای جار ئەم ناكۆكییە دەتەقێتەوە و توندوتیژی و كاولكاری و كوشتاری كەسانی مەدەنی لەخۆ دەگرێت؟ ئایا لە ئێستادا هیچ چارەسەرێك لە ئارادایە كە دەكرێت بگیرێتەبەر؟

- دید و تێڕوانینی من ئەوەیە، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (تەنانەت من مشتومڕی ئەوە دەكەم كە پێش دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەش)، پێویست بوو گەڵاڵە بكرێت و ویست و ئیرادەیەك هەبوو، لای ئیسرائیل و فەلەستینییەكان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتنی چارەسەری دوو دەوڵەت (بوونی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا)، چونكە چارەسەرێكی لەم چەشنە دەبووە هۆی ئەوەی هەردوو گەلی فەلەستینی و ئیسرائیل بتوانن مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بكەن. هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكردووە، چەندین هەوڵ و كۆشش و ناوبژیوانی ئەنجام دراون لەم ڕووەوە و بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئەم چارەسەرە، بەڵام دەكرێت بوترێت، یەكێك لە لایەنەكان، یان با بڵێین هەردوو لایان ئەم چەشنە ڕێككەوتنەیان ڕەت كردووەتەوە.

* مەبەستتان ئەوەیە ڕێككەوتنێكی لەم چەشنە ئەنجام نەدراوە، یان ڕێككەوتن هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە و لایەنەكان پێوەی پابەند نەبوون، واتە كێشەكە لە گەیشتن بە ڕێككەوتندا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردن و پیادەكردنیەتی؟

- ئەوەی گرنگە لەم ڕووەوە ئاماژەی پێبكەین، ئەوەیە كە ڕێككەوتنی ڕەمزی كرا بە ناوی دەستپێشخەریی (جنێڤ) یان ڕێككەوتنی جنێڤ لە ساڵی 2003دا، گەڵاڵەكردن و داڕشتنی ئەم ڕێككەوتنەش دوو ساڵی خایاند و لەلایەن گرووپێكەوە نووسرایەوە كە پێكهاتبوو لەو فەلەستینی و ئیسرائیلییانەی كە گفتوگۆكاری فەرمیی هەردوو لایەنی ناكۆكییەكە بوون. بیرۆكە بنەڕەتییەكەش ئەوە بوو، كە ئەوە بخرێتەڕوو كە ئەگەرێكی ڕاستەقینەی بەرپاكردن و هێنانەئارای ئاشتی هەیە لە ڕێی گرتنەبەر و پیادەكردنی چارەسەرێكەوە كە بوونی دەوڵەت لەخۆ بگرێت و هەر بە ڕاستیش ئەم ئەگەرەیان خستەڕوو.

* زۆر باشە، ئەگەر باسی سەركردە و بڕیاربەدەستەكانی ئێستای هەردوولایەنی ناكۆكییەكە بكەین، ئایا پێتان وایە تا چەند بەرپرسیارن لەوەی دۆخەكە بەم ئاقار و ئاراستە كارەساتبارەدا ببەن؟

- ئەوە ڕوونە كە هەم سەركردایەتیی كەرتی غەززە و هەم سەركردایەتیی نێو ئیسرائیل لە ئێستادا بەدەستی كەسانێكی توندڕەوەوەن، كەسانێكن كە ئامادە نین و ویستیان ئەوەیان نییە كە لە ڕێی گرتنەبەری پرۆسەی گفتوگۆیەكی جددییەوە بگەنە ڕێگاچارەیەكی درێژخایەنی ئاشتی. كە ئێمە دەزانین بەدیهێنانی ئاشتی ئاسان نییە و بگرە بڕیاری قورس و سەخت و سازشكردنی دەوێت. هەروەها زۆر گرنگە لەوە بڕوانین، كە ئێمە نازانین ئایا دەرئەنجام و دەرهاویشتەی ئەم شەڕە كاولكاری و كارەساتبارەی ئێستا - كە هۆكارەكەی بریتی بووە لە تووڕەیی و ئازار و لەسەرووی هەمووشیانەوە كەلێنێكی گەورەی بێ متمانەیی- چی دەبێت. واتە ئایا دەبێتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی بڵێین ئیدی با بەس بێت و كۆتایی پێ بێت، یان بە پێچەوانەوە سەردەكێشێت بۆ ئەوەی گیانی تۆڵەسەندنەوەیان لا زیاتر بكات و، دەرئەنجامیش بە تەواوەتی گرتنەبەری پرۆسەی ئاشتی ڕەت بكەنەوە.

* بەڵام ئەوە ڕوونە كە مەرجی پێشوەختەی گفتوگۆ و دانوستاندنەكان ئەوەیە كە دەبێت هەردوولایەنی ناكۆكییە ددان بە یەكتریدا بنێن، یان بڕوا بە شەرعییەتی بوونی یەكتری بكەن. ئایا پێتان وانییە ئەمە كۆسپە سەرەكییەكە بێت؟

- ئێمە دەبێت لەم ڕووەوە ئەوە لە یاد نەكەن، كە بزووتنەوەی حەماس ئیعتراف بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل ناكات، ئەمەش بیانوو و پاساوی بۆ ئیسرائیل دروست كردووە، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا هەڵنەگرێت، كە پێدەچوو لە ڕابردوودا ئامادەی كارێكی لەم چەشنە بێت، بەڵام نابێت ئەوە ڕەچاو نەكەین كە حەماس تەنیا ئاشتییەكی كاتیی دەوێت. لەبەر ئەوە وەڵامی ئیسرائیل بەم شێوەیە: بۆچی ڕێككەوتن ئەنجام بدەم كە تەنیا ببێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی حەماس و تەنیا ئاشتییەكی 30 ساڵە، یان هودنەیەك بەدەست بهێنم.

* بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی كراوە، ئەوەیە كە لە ئارادابوون و درێژەكێشانی بارودۆخی پڕ لە نائومێدی كە تێیدا چارەسەر و ئومێدێك لە ئاسۆدا بەدی نەكرێت، دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانی توندوتیژی و ئەمەش زەبروزەنگی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- ئەوە ڕاستە كە كەرتی غەززە لە دۆخێكدا جێهێڵدڕابوو، كە سنوورەكانی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە كۆنتڕۆڵ كرابوون، بە چەشنێك ئومێدێكی كەم بۆ خەڵكی غەززە مابوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و پەرەپێدانی ئابووری و ئومێد بە ئایندە، بەتایبەتی ئەم هەستە لای گەنجان لەئارادا بوو. هەروەها ئیسرائیلیش لە سایەی دەسەڵاتی حكومەتەكەی بنیامین نەتنیاهۆدا بەردەوام ئاراستەیەكی ڕاستڕەوی دەگرت، ئەوە بوو چەند وەزیرێكی زۆر توندڕەوی لەخۆ گرت كە پاڵپشتی و پشتیوانیی دروستكردنی كۆمەڵگەی زیاتری جوولەكەنشینیان دەكرد، لە كەناری ڕۆژئاوا و تەنانەت لە نێو كەرتی غەززەشدا. كەواتە دەكرێت لەم ڕوانگەیەوە ئاماژە بەوە بكرێت، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەرپرس بوون لەوەی بۆ چەندین ساڵ بارودۆخێكی تراژیدی بخوڵقێنن كە سەری كێشا بۆ ئەوەی هەلومەرجەكە بەم حاڵەی ئێستا بگات. چونكە هەردوولا دەستیان بە دەسەڵاتەوە گرت، بە بێ ئەوەی هیچ لایەكیان ئامادە بێت سازش بكات.

* بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوەی لە كۆتاییدا باجەكەی داوە، خەڵكانی سڤیل بوون لە هەردوولایەنی ناكۆكییەكە، ئایا بۆچی ئەمە نەكراوەتە چەقی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل؟

- ئەوە ڕاستە كە گەلی هەردوولا و خەڵكانی مەدەنییان باجەكەیان داوە. ئێوە بڕوانن كە بۆچی دارایی هەبوو بۆ دروستكردنی تونێلەكان لە نێو كەرتی غەززەدا، بەڵام دەوترا، پارە نییە بۆ دروستكردنی شەڵتەر بۆ كەسانی مەدەنی؟ سووتەمەنی هەبوو بۆ ڕۆكێتەكان، كەچی بانگەشەی ئەوە دەكرا سووتەمەنی پێویست بۆ نەخۆشخانەكان لەبەردەستدا نییە. هەرچۆنێك بێت، دەرئەنجامەكە ئەوە بووە كە خەڵكانی مەدەنی بوونەتە قوربانی و ناچاركراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و خەڵكانێكی دیكەش بە بارمتە بگیرێن، لە نێویاندا كەسانی نەخۆش، لاو و بەساڵاچوو و مەدەنی هەن. لە بەرانبەریشدا كۆمەڵگەی زیاتری جوولەكەنشین لە كەناری ڕۆژئاوا دروست كران و هێرشی توندڕەوانەش لەلایەن ئەم كۆمەڵگەیانەوە كراونەتە سەر فەلەستینییەكان.

 

Top