بەیاننامەیەک لە پارتی چاکسازی تورکمان
سەبارەت بە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان، وەک پارتی چاکسازی تورکمان نیگەرانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە چونکە جەختدەکەینەوە کە بڕیارەکان تەواو نادەستورین و هۆکاری سیاسی لە پشت ئەو بڕیارانەوەن، چونکە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە بەتەرخان كردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، هەروەها بە شێوەیەکی ئاشکرا پێشێڵی مافی پێکهاتەکان کراوە، ئێمە پێمان وایە بەو بڕیارانە کەلتوری پێکەوەژیان و قووڵبوونەوەی گیانی یەکتر قەبووڵکردن و خۆشەویستی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەبات، لە رێگەی ئەم بەیاننامەوەش داواکارین لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان وەک هەمیشە داکۆکیکاری پاراستنی مافی پێکهاتەکان بن و رێگە نەدەن کە پێکهاتە نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان پەراوێز بخرێن و هەوڵ بۆ دوورکەوتنەوەیان لە بەشداری سیاسی و کۆی کاتەی حکومرانیدا.
مەکتەبی سیاسی پارتی چاکسازیی تورکمان
٥ی ئازاری ٢٠٢٤