خوێندنەوەیەك بۆ سەردانەكەی مسرور بارزانی بۆ واشنتۆن . . . . .   ئەگەر ئەمریكا 360 پلە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان نەكات، هەمان هەڵەی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەكاتەوە

خوێندنەوەیەك بۆ سەردانەكەی مسرور بارزانی بۆ واشنتۆن  . . . . .    ئەگەر ئەمریكا 360 پلە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان نەكات، هەمان هەڵەی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەكاتەوە

 

 

«پشتگیری ئێمە بۆ حكومەتێكی خۆڕاگڕ لە هەرێمی كوردستان، چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە 360 پلەییەیە كە لەگەڵ عێراق هەمانە، ئەم دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە جەختكردنەوە و پابەندیی خۆمان دووپات بكەینەوە لەسەر هاوكاری و هاوبەشی و ئەو كارە گرنگانەی پێكەوە ئەنجامی دەدەین و لە كاتی خۆیدایە».

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی

لەگەڵ مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

 

شەوی 15ی كانوونی دووەمی 2024، هاوكات لەگەڵ دەستپێكی كردنەوەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە (داڤوس)ی سویسرا، سوپای پاسداران بە لێدانی 11 مووشەكی بالیستیكی بۆ سەر ماڵی بازرگانێك لە ناو سەنتەری شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و هەروەها هێرشی چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان بە هێرشێكی چڕی درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند شوێنێكی دیكەی پایتەختی هەرێمی كوردستان، كە هەتا بەرەبەیانی 16ی كانوونی دووەمی ئەمساڵی 2024 درێژەی هەبوو، لوتكەی مەترسییەكانی بەرفراوانبوونی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی خستەڕوو. ئەمریكا لەوە تێگەیشت، كە ئەم شەڕەی نێوان چەكدارانی حەماس و ئیسرائیل، تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو وەرچەرخانێكی ترسناك دەبات، بەتایبەتیش كە میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە غەززە و لوبنان و ئوردن و عێراق و هەرێمی كوردستان، بە تەواوەتی و زۆر بێباكانە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بە شێوەیەكی گشتی كردووەتە ئامانج و، بە شێوەیەكی تایبەتیش پەیامی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران بە لێدانی موشەكی بالیستیكی و هێرشی میلیشیا چەكدارەكانی هاوپەیمانی بەو هێرشە چڕەی بە درۆن كردیانە سەر پایتەختی كوردستان، ئەوەیە كە نەك هەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن، بەڵكو پەیامە ڕاشكاوانەكەی ئەو هێرشانە سڕینەوە و نەمانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە.

هەمان شەو (15ی كانوونی دووەمی 2024) كە هەم مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لەو كۆڕبەندە جیهانییەكە لە داڤوس بوو، هەمیش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و جاك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییش بۆ بەشداریكردن لەو كۆڕبەندە لە داڤوس بوون، هەر بۆیە بۆ سەركۆنەكردنی ئەم كارە دوژمنكاری و دڕندانەی ڕۆكێتی بالیستیكیی سوپای پاسداران و درۆنی بۆمبڕێژكراوی چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان، ئەنتونی بلینكن و جاك سلیڤان بە جیا سەردانی ماڵی كوردستانیان لە داڤوس كرد و بە توندی هێرشەكانیان بۆ سەر هەولێر سەركۆنە و شەرمەزار كرد و، پرسە و سەرەخۆشییان لە كەسوكاری قوربانیان كرد، لەمەش زیاتر وەزیری دەرەوە و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، پەیامی سەركۆنەكردن و سەرەخۆشیی (سەرۆك بایدن)یان بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

بەئامانجگرتنی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرە گەورەكانی كوردستان لە هەولێر بە ڕۆكێتی بالیستیكی دووجار لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، خۆڕاگری و دەوڵەتداریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پیشاندا و، بووە جێگەی باسی سەرەكیی كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان و، چۆن لە ساڵی 2014 و پاش تێكشكاندن و ڕاگرتنی هێرشەكانی داعش لە ناوچەكانی زومار و دەشتی نەینەوا، مسرور بارزانی كە ئەوكات ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان بوو، بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا كرا، بۆ ئەوەی باس لە قارەمانیەتیی پێشمەرگە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا و هەموو جیهان بكات، لە شوباتی 2024 و لە لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دوبەی، دیسان لە یەكەمین ڕۆژی كردنەوەی ئەم لووتكە جیهانییەدا، بەرنامەی ئەم لووتكە جیهانییە كە بەو جۆرە دانرابوو، كە دیسان مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی (خۆڕاگری و مانەوە و بەڕێوەبردنی حكومەتێكی وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان) بۆ تەواوی سەرۆك و سەروەك وەزیران و بڕیارسازان و بیرمەند و كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە جیهانییەكان بكات.

خۆڕاگری و شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئالنگاری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ دووبارە «گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ناوچەی شەڕ و وەرچەرخاو» جارێكی دیكە هەرێمی كوردستانی كردەوە بە ئەولەوییەتی ئەو ستراتیژە تازەیە و، بە فەرمی لەلایەن ئیدارەی كۆشكی سپییەوە بەرنامەیەكی چڕی هەمەلایەنە داڕێژرا بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە، مسرور بارزانی و شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی واشنتۆن بكرێت و لەسەر ئاستێكی بەرفراوانی هەموو ئەو سیاسەت و ستراتیژەی ئەمریكا بەرانبەر عێراق هەیەتی، هەر لەسەر ئاستی «سەربازی، سەقامگیری، وزە، وەبەرهێنان، سێكتەری بانكی و دارایی، بوونی عێراق بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دەستووری و ڕێزگرتن لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو دەستووە و.. هتد» كۆبوونەوە لەسەر هەموو ئەم بوارانە بكرێت و، ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بگاتەوە ئەو ئاستەی كە هەرێمی كوردستان هەست بە سەقامگیری بكات و هەموو مەترسییە دەرەكییەكان، گوشاری بڕیارە سیاسییەكانی دادگای فیدڕاڵی، دروستكردنی ئاستەنگ و بەربەست بۆ ڕێگرتن لە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دۆزینەوەی میكانیزمێكی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ، هەموو ئەمانە گەرەنتییان بۆ دروست بكرێت و ڕێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر هەرێمی كوردستان لەژێر ئەو گوشار و هەڕەشە و ئاستەنگ و گەمارۆ ئابوورییانەدا نەبێت، هەموو ئەمانەش وەك ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە دەستپێكی پێشوازیكردنی لە مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە ڕاگەیاند: «پشتگیریی ئەمریكا بۆ حكومەتی خۆڕاگری هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە 360 پلەییەدایە كە لەگەڵ عێراق هەمانە».

 پشتیوانیی كۆشكی سپی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و بوونی عێراق بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی

سەردانی ئەمجارەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا، تەنیا سەردانێك نەبوو بۆ باسكردنی هەندێك بابەتی گشتی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و واشنتۆن، بەڵكو سەردانێك بوو كە هەڵوەستەكردنی لەسەر وردەكاریی پەیوەندییەكان و ئەو كێشە و گوشارانەی لە ڕێی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و، هەروەها پێشێلكردنی ئەو دەستوورە بەرانبەر بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و، پشتگوێخستنی ئەو ماددە دەستوورییانەشە كە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات، یاسای پێویست دەربكات، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە، یان یاساكە هەیە، بەڵام ڕێگری لە جێبەجێكردنی دەكرێت. هەر بۆ نموونە هەتا ئێستا لە عێراقدا یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بۆ هاوسەنگیی نێوان هەرێمەكان نییە، یاسای دروستكردنی هەرێمەكان هەیە، بەڵام ڕێگریی تەواو و ئاشكرا لە دروستكردنی هەرێمی دیكە دەكرێت. ماوەی 20 ساڵە دەستووری عێراق دەرچووە، بەڵام هێشتا لە عێراقدا یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی نییە و كار بە یاسای سیستمی سەنتڕاڵی و دیكتاتۆریی ڕژێمی بەعس دەكرێت، ماوەی نزیكەی ساڵێكیشە هەناردەی نەوتی كوردستان ڕاگیراوە. لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دەستتێوەردان لەو یاسا و بڕیارانە دەكرێت كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردوون و بەپێی ماددەكانی دەستوور ئەو بڕیار و یاسایانەی پەرلەمانی كوردستان ددانیان پێدا نراوە، وەك یاسای باری كەسێتی كە زوڵمێكی گەورە لە ئافرەتان دەكات، هەروەها لابردنی كورسیی كۆتاكان لە یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بەمەش گورزێكی كاریگەر لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەدات و، زوڵمێكی گەورەش لەو پێكهاتانە دەكات و بێبەشیان دەكات لەوەی نوێنەریان لە ناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا هەبێت. ئەم پرسانە هەر هەموویان بابەت و پرسی گرنگی كۆبوونەوەكانی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ ئەنتۆنی بیلینكن وەزیری دەرەوە و جاك سولەیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی. دوای ئەم كۆبوونەوانە ڕاگەیەندراوی كۆشكی سپی جەختی لەسەر ئەم خاڵانە كردووەتەوە:

- كۆشكی سپی پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانی بەهێز دەكات لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقی خاوەن سەروەریدا.

- كۆشكی سپی ئازایەتی و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنێت.

- كۆشكی سپی سەركۆنەی توندی هێرشی میلیشا چەكدارە لەیاسا دەرچووەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.

- كۆشكی سپی جەخت لە پەیوەندی و هاوبەشیی دوورمەودای نێوان هەولێر و واشنتۆن دەكاتەوە.

- كۆشكی سپی پشتیوانیی هەردوو حكومەتی عێراق و هەریم دەكات، كە بە دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكەن و پشتیوانی لە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی هاوشانی پەرلەمانی عێراق دەكات.

- كۆشكی سپی ڕێز لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەگرێت و ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

- ئەمریكا هاوڕایە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا.

لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر ڕاشكاوانە پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە بڕیارسازانی كۆشكی سپی ڕاگەیاند و گوتی: «ئێمە هاوبەش و دۆستی یەكترین، شانازی دەكەین كە ئێمە هاوپەیمانی ئەمریكاین، ئێمە هەردوو لامان بە كۆمەڵێك قۆناغی سەختدا تێپەڕیوین و سوپاسگوزاری ئەو پشتیوانییانەشین كە حكومەتی ئەمریكا پێشكەشی گەلی ئێمەی كردووە، بێگومان هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا ڕووبەڕووی ئالنگاریی نوێ بووەتەوە، چاومان لەوەیە گفتوگۆ لەسەر پێشهاتە نوێیەكانی ناوچەكە و عێراق بەگشتی بكەین، بەتایبەتی پەیوەندیی دوولایەنەی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا».

كەواتە ئەوەی مسرور بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانی ئەمجارەی بۆ كۆشكی سپی جەختی لەسەر دەكاتەوە، قۆناغێكی دیكەی سەختی ئەو پێشهاتانەیە كە ڕووداوگەلی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناویەتە ئاراوە، هەروەها قۆناغێكی دیكە لەو گوشارانەی كە هێزەكانی حەشدی شەعبی خستوویانەتە سەر حكومەتی عێراق، كە داوا دەكات، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بكشێنەوە و، ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدات كە ئەمریكا ئامادەكاریی ورد بكات و بوار نەدات هەمان سیناریۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە.

ئەم پرسە یەكێكە لەو پرسانەی كە ئێستا لە ناو میدیا و ڕای گشتیی ئەمریكادا قسەی لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆشكی سپی و، هەروەها هەستكردن بە دیدێكی نوێی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا بەرانبەر بە عێراق و گرنگیدان و پیشاندانی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان. لەم بارەوە گۆڤاری (فۆرین پۆلیس)ی بەناوبانگی ئەمریكی لە وتارێكیدا كە دوابەدوای سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناونیشانی (باشترین بژاردە بۆ ئەمریكا لە عێراق كشانەوەی هیزەكانیەتی) لەم ڕووەوە چەند پرسێكی ورووژاندووە كە، بەچەند خاڵ ئاماژەیان پێ دەكەین:

 بانگهێشتی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمی بۆ واشنتۆن، سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەمریكا گرنگیی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدات.

 تا دێت خۆری ئەمریكا لە عێراقدا ڕوو لە ئاوابوونە و، كاتی ئەوەیە خۆری ئەمریكا لە كوردستان هەڵبێت.

 گرنگە ئەمریكا قورسایی خۆی زیاتر بخاتە سەر هەرێمی كوردستان و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە.

 كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان ببێتە ئەكتەرێكی بەهێز لە گەمەكەدا.

 بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرانبەر بە عێراق.

 داوای ئەنتۆنی بلینكن بۆ یەكگرتوویی نێوماڵی كورد، دیسان ئاماژەیەكی ڕوونە بە گرنگیدانی زیاتری ئەمریكا بە كوردستان.

 فۆرین پۆلیسی ئەوە دەخاتە ڕوو كە دەكرێت هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا جێگەی عێراق بگرێتەوە.

 لەوانەیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو عێراقدا باشترین بژاردە بێت، بەڵام نابێت كشانەوەی هێزەكانی وەك كشانەوەكەی ئەفغانستان بێت و، دەكرێت بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بهێڵدرێنەوە بۆ هاوكاریی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

 ئەمریكا نەیتوانیوە ڕێگری لە هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بكات، هەروەها نەیتوانیوە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكانی عێراق بپچڕێنێت.

ئەو واقیعەی وتارەكەی فۆرین پۆلیسی ئاماژەی پێ كردووە، بەشێكە لەو واقیعە تاڵەی كە ئێستا ئەمریكا لە عێراقدا ڕووبەڕووی بووەتەوە و، پێویستی بەوەیە، بە ستراتیژیەتێكی تازە گۆڕانكاری تێدا بكات و ئەو ستراتیژە تازەیەش ئەوەیە كە ئەمریكا قورسایی خۆی بخاتە سەر هەرێمی كوردستان، كە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان شانازی بەو هاوپەیمانی و پێكەوە كاركردنە لەگەڵ ئەمریكا دەكەن.

پشتیوانیی پێنتاگۆن بۆ هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە كە ئەندامی شاندە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەم سەردانەدا بۆ ئەمریكا و ئامادەی كۆبوونەوەكان بووە، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە ئاكامەكانی ئەم سەردانە ئەوەی ئاشكرا كرد: «سەردانی ئەمجارەمان بۆ ئەمریكا لە كاتێكی زۆر گونجاودا بوو، دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی ئیدارەی ئەمریكی، ئەوەی دەرخست كە كورد بە تەنیا نییە و پشتیوانیی بێسنوور و دوورمەودای هەیە، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش مەترسییەكی گەورەن لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و، ئەمەش پێویستی بەوەیە بە شێوەیەكی گشتی ڕێك بخرێنەوە، هەروەها لەم كۆبوونەوانەدا باس لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كرا و، پرۆسەكە بەردەوام كاری تێدا دەكرێت و هەنگاوی باشیش چووەتە پێشەوە».

ئەم لێدوانەی وەزیری پێشمەرگە، دوای كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی لەگەڵ (ساشا بەیكەر) بریكاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەوەكالەت دێت، كە دوای ئەم كۆبوونەوە گرنگە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەمجۆرە باسی لە گرنگیی كۆبوونەوەكە كرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: «پابەندی درێژخایەنی خۆمانین بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، گفتۆگۆمان لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، بەو شێوەیەی لە ڕەشنووسی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا ئاماژەی پێ كراوە، كۆبوونەوەكە دەرخەری پابەندبوونی ئەمریكایە بۆ بەردەوامیی هاوبەشییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق و، سەلمێنەری پابەندبوونی ئەمریكایە بە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها ئەمریكا هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی سەرەكی و دۆستی ستراتیژیی خۆی دەزانێت لە ناو ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش».

ئەم دوو لێدوانە وەزیری پێشمەرگە و وتەبێژی پێنتاگۆن دوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بریكاری پێنتاگۆن، سەلمێنەری ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا بەگشتی و پێنتاگۆن بەتایبەتی بەو ئاراستەیە هەماهەنگی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگە كوردستان دەكەن، تا ببێتە هێزێك لە هەموو ڕوویەكەوە بتوانێت پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكات و، پێنتاگۆن لەوە تێگەیشتووە ئەو ئالنگاری و هەڕەشانەی لە ئێستادا لەسەر سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەیە، لە توانای لۆجیستیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاترە و پێویستە پێنتاگۆن بە ئاستی ئالنگاری و مەترسیی هەڕەشەكان لە هەموو ڕوویەكەوە هاوكاری و پاڵپشتیی هێزەكانی پێشمەرگە بكات، بەتایبەتی لە ئێستادا ئالنگاری و هێرشە دوژمنكارییەكانی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان بریتین لە ڕۆكێتی بالیستیكی و درۆنی بۆمبڕێژكراو و هێزی پێشمەرگە چەكی پێشكەوتووی دژە ڕۆكێت و دژە درۆنی نییە، هەتا بتوانێت بەرپەرچی ئەو هێرشانە بداتەوە، بۆیە لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە پڕچەككردن هەیە، بە چەكی پێشكەوتوو، بەتایبەتی چەكی دژە هێرشەكانی ئاسمانی كە ئەو توانایەی هەبێت مەترسییەكان دوور بخاتەوە.

ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێنتاگۆن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بێگومان پشتگیریی ئەنجومەنی سەنات و نوێنەرانی لە پشتە و دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت، بەتایبەتی وەك لە دیدار و كۆبوونەوەكانی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سیناتۆری جیاواز و كۆنگریسمانەكان گوێبیستی بووین و، هەموویان جەختیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەكردەوە و، نوێنەرانی هەردوو پارتی سەرەكیی ئەمریكا (دیموكراتی و كۆماری) جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە پێویستە زیاتر و باشتر پشتیوانی كوردستان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ئەم هەرێمە بكرێت.

 فراوانكردنی ئاستی وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستاندا

ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئاداری 2024 ژووری بازرگانیی ئەمریكا دیدارێكی بۆ پێشوازیی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكخست. لەم دیدارەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و خاوەنكار و وەبەرهێنەرە دیارەكانی ئەمریكا و چەندین كەسایەتیی ڕەوەندی كوردستانی نیشتەجێی ئەمریكا بەشداری بوون، سەرۆكی حكومەت گوتەیەكی بەمجۆرە پێشكەش كرد: «سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانیانە دەكەم كە وەبەرهێنانیان لە كوردستان ئەنجام داوە، هەروەها سوپاسی ئەو كۆمپانیایانەش دەكەم كە دەیانەوێت سەردانی كوردستان بكەن و بەدوای دەرفەتی وەبەرهێناندا بگەڕێن. سوپاسی ژووری بارزگانیی ئەمریكا و ئەنجومەنی بارزگانیی ئەمریكا و عێراق دەكەم، كە ئەم دەرفەتەیان ڕێك خستووە و لێرەوە دەمەوێت لە قۆناغی دووەمی وەبەرهێنانەكانتاندا لە (كێڵگەوە بۆ سفرە) بانگهێشتتان بكەم.

كابینەكەم بەرنامەی بەو جۆرەیە كە ئابووریی كوردستان لە چەندین ڕەوەوە فرەچەشن بكات، نەك تەنیا سێكتەری وزە، دەمانەوێت وەبەرهێنان لە سێكتەرەكانی (كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری) بكەین، بۆیە داواتان لێ دەكەم، سەردانی كوردستان بكەن و دەرفەتەكان ببینین. ئێمە لە هەرێمی كوردستان فەرمانگەی وەبەرهێنانی كوردستان (Invest Kurdistan)مان هەیە، دەستەی وەبەرهێنان و یاسای وەبەرهێنانی دۆستانەمان هەیە، بانگهێشتتان دەكەین، وەرنە كوردستان و سەیری هەزارەها دەرفەت بكەن، كە لە هەرێمی كوردستان هەیە. ئێمە وێبسایتی تایبەتی وەبەرهێنانمان هەیە و دەتوانن سەردانی وێبسایتەكەمان بكەن و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەستەی وەبەرهێنانەوە بكەن، بۆ ئەوەی دەرفەتەكان ببینن. كوردستان بە بەشداریی ئێوە، بە سەلامەتی و بەهێزی و ئایندەیەكی پرشنگدار دەمێنێتەوە».

ئەم بانگهێشتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی ئەمریكا، لەلایەن ژووری بارزگانیی ئەمریكاوە بە گەرمی پێشوازی لێ كرا و، لە وتەیەكدا (ستیف لوتس) جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەباشیی كۆمپانیاكانی ئەمریكای بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان پیشاندا و گوتی: «ژووری بازرگانیی ئەمریكا گەورەترین ڕێكخراوی بازرگانییە لە جیهاندا و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی سێ ملیۆن كۆمپانیا لە سێكتەرە جیاوازەكانی ئەمریكا دەكات. ئەمڕۆ شانازی دەكەین بووینە خانەخوێ بۆ میوانداریی ئەنجومەنی (كاری ئەمریكی- عێراقی) كە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە بەردەوامیی كار و دەرفەتەكان بۆ وەبەرهێنان و كۆمپانیا بارزگانییەكان كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كاردەكەن و، هەوڵەكان یەك دەخەین بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەكان. شانازی دەكەین لە ساڵانی ڕابردوو توانیمان لەگەڵ شاندی بارزگانی بێینە هەرێمی كوردستان كە دوایین سەردانمان لە حوزەیرانی ساڵی 2023 بوو، بەمەش بە مەبەستی بازرگانیی (لە كێڵگەوە بۆ سفرە) شاندەكەمان كە چەندین بازرگان و تایبەتمەندیی گەورەی لە بواری پیشەسازیی خۆراك لەگەڵدا بوو، سەردانی هەولێر و سلێمانیمان كرد و هەموویان بەدوای ئەو دەرفەتە هاوبەشانەی بواری زنجیرەی خۆراكدا دەگەڕان، كە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، كە ئەویش فرەچەشنكردنی ئابوورییە لە كوردستان. ئەو كاتەی لە كوردستان بووم، شانسی ئەوەم بۆ دروست بوو كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی وبەرهێنانی كوردستان (Invest Kurdistan) ڕابگەیەنین، سوپاسی بەڕێز بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی باش و سەرنجڕاكێش و پڕدەرفەت بۆ كۆمپانیاكان، پێشتر كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی لە كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە وەك كۆمپانیای (HKN) لە بواری وزە، كە گەورەترین وەبەرهێنەری ئەمریكییە لە كوردستان، هەروەها كۆمپانیایەكی دیكەمان لە سلێمانی وەبەرهێنان دەكا،ت لە بواری زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵیی پەتاتە و، چەندین كۆمپانیای دیكەشمان لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، هەر بۆیە سەرەڕای بوونی ئالنگارییەكان، دەمانەوێت بە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڵێن: ئێمە وەك ژووری بازرگانیی ئەمریكا دەمانەوێت پابەند بین و پێزانینیشمان هەیە بۆ گرنگیپێدانتان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان، دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە، كە جارێكی دیكەش لەگەڵ شاندێكی بارزگانیی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ كوردستان».

ئەم ئامادەباشییەی ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی ئەمریكا لەسەر ئاستی كۆمپانیای (قەوارە گەورە و مامناوەند و بچووك)، ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی ئیدارەی ئەمریكی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستانی لا گرنگە و، بە بێ ئاسایش و سەقامگیری زەمینەی گونجاو بۆ وەبەرهێنان ناڕەخسێت و، كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكاش كە پێویستیان بە ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیرە، ئەگەر نەزانن وڵاتەكەیان پشتگیریی تەواوی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پاراستنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی كوردستان، ئەوا ئەوانیش ئەو ئامادەباشییە پیشان نادەن.

لەلایەكی دیكەوە هاتنی كۆمپانیاكانی ئەمریكا بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان و گەڕان بەدوای هەزاران دەرفەتی وەبەرهێناندا كە تائێستا دەستیان بۆ نەبراوە، ئەمە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی كۆمپانیای زیاتری دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا بێنە هەرێمی كوردستان و سوود لە دەرفەتە دەست بۆ نەبراوەكان وەربگرن، بەتایبەتی ئەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان كە لە دەرەوەی هەردوو سێكتەری نەوت و گازن.

مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی حكومەتەكانی دوبەی لە ساڵی 2023 جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لە داهاتی نەوت و گازەكەی وەبگرێت و ژێرخانەكانی دیكەی ئابووری فرەچەشنی پێ زیندوو بكاتەوە و، نایەوێت هەرێمی كوردستان وەك وڵاتێكی ڕەیعی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت و گاز ببەستێت، لە دیدارەكەشی لە 1ی ئاداری ئەمساڵ (2024) لەگەڵ كۆمپانیا و خاوەنكارەكانی ئەمریكا زۆر ڕاشكاوانە ئەوەی پێ ڕاگەیاندن كە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە كە لە دەرەوەی كەرتی نەوت و گاز، وەبەرهێنان لە سێكتەرەكانی (كشتوكاڵ، بە پیشەسازیكردنی كشتوكاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی) فراوان بكات. بێگومان هەرێمی كوردستان جیا لەوەی جوگرافیایەكی گرنگە بۆ پەرەپێدان و بە پیشەسازی كشتوكاڵ كە لە ئێستادا جیهان بەرەو تەنگژەی خۆراكی هەنگاو هەڵدەگرێت، زۆر بە باشی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی سەرجەم بوارە جیاوازەكانی خۆراك و، جیا لەوەی ئەم ئاراستەیە هەرێمی كوردستان بەرەو وڵاتێكی خۆبژێوی لەسەر ئاستی دابینكردنی خۆراك دەبات، لە هەمان كاتدا دەشتوانێت ببێتە وڵاتێك كە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەناردەی دەرەوە بكات، هەروەك چۆن ئێستا بەرهەمەكانی (هەنار، سێو، پەتاتە، هەنگوین) هەناردەی وڵاتی جیهان دەكات.

لایەنێكی دیكەی فراوانكردنی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان پەیداكردنی دەرفەتی هەلی كارە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، لەم ڕاستەشەوە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانییانەی دێن و لە كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن، مەرجدارە بەوەی دەبێت بە ڕێژەی 75% سوود لە دەستی كاری لۆكاڵی لە هەرێمی كوردستان وەربگرن. ئەو ئاراستەیە كە بەرەو ئەوەمان دەبات كەرتی تایبەت زۆر فراوان بێت و كەرتی گشتی سنووردار بێت، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كەرتی تایبەت ببێتە سەرچاوەی پەیداكردنی هەلی كار و چیتر وەك پێشان خەڵك چاوەڕوانی دامەزراندنی كەرتی گشتی نەكات.

ئەم ئومێد و گەشبینییانەی لەم سەردانەی ئەمجارەی سەرۆكی حكومەت بۆ كۆشكی سپی دەخوێندرێتەوە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە جددییەتی هەردوولا (ئەمریكا و هەرێمی كوردستان) بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و واشتنۆن ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە، كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی تەواوی لێ دەكرێت لە سیاسەت و ستراتیژیەتی تازەی ئەمریكادا، هەم بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیش بەرانبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان.

Top