سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریکرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریکرد

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد.
 

 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ مادده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ـى ساڵى 2005ـی هه‌مواركراو، "نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى رۆژى 10-6-2024 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان."
 
به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌، هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م فه‌رمانه،‌ کە هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد؛ یەکەمجار رۆژی 1/10/2022 بوو، بەڵام نەتواندرا لەو کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت و بۆ جاری دووەم 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام دووبارە نەتواندرا لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت.
 
رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوە دا، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
سێ ملیۆن و 789 هەزار و 630 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا دوو ملیۆن و 787 هەزار و 689 کەس کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و دەتوانن بەشداریی لە دەنگدان بکەن.

Top