هەستەوەریی بەركەوتن

هەستەوەریی بەركەوتن

 هەستەوەریی بەركەوتن Contact dermatitis جۆرێكە لە ئەكزیما لە ئەنجامی بەركەوتنی پێست بە ماددەی كیمیایی ڕوو دەدات و تووشی وشكبوون و سووتانەوە دەبێت. بە گشتی هەستەوەری بەركەوتن دوو جۆری سەرەكیی هەیە: یەكەم، ئەو جۆرەی كە زیاتر دەبێتە ئەگەری سووتانەوەی پێست Irritation كە نزیكەی 80%ی حاڵەتەكان پێك دەهێنێت و پەیوەندیی بە كاردانەوەی سیستمی بەرگریی لەشەوە نییە و بریتییە لە سووربوونەوە و سووتانەوەی پیست لەكاتی بەركەوتنی بە هەندێك جۆری سابون، لابەری ڕەنگ Bleach وەكو فاس، پاككەرەوەی جۆراوجۆر، ئەو جۆرانەی خشڵ كە كانزای نیكل لەخۆ دەگرن، جلوبەرگی خوری، ئارایشت، بۆیەی قژ، زنجیری جلوبەرگ، هەروەها زیاد شووشتنی دەستەكان هۆكارێكی دیكەی تووشبوونە بەم جۆرەی هەستەوەرییەی بەركەوتنی پێست. دووەم، ئەو جۆرەی كە هەستەوەریی Allergy زیاتر بەرجەستەیە و بریتییە لە ڕوودانی كاردانەوەی هەستەوەری بە شێوەی قانی سووری خورشت لە ماوەی یەك تا دوو ڕۆژ لە بەركەوتن بە ماددەیەكی دەرەكی، بۆنموونە ماددە چەورەكانی ڕووەكی لەبلابی ژەهراوی Poison ivy، بەڕووی ژەهراوی، پۆلیشی نینۆك، كانزای نیكل، هەروەها هەندێك جۆری بۆن، ئینجا پاش بەركەوتنی پێست، كاردانەوەیەكی توند لە لەشدا سەرهەڵدەدات بە شێوەی خورشت و خاڵی سوور، كە هاوكاتە لەگەڵ تفركردن و دەركەوتنی بڵۆق لە هەندێك حاڵەتدا.

 

Top