ڕێبەر ئیسماعیل ئامێدی بەرپرسی مەڵبەندی حزبی شیوعیی كوردستان لە دهۆك:   داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەین دەستپێشخەرییەكی جددی بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەرجەم حزبە سیاسییەكان بكات

ڕێبەر ئیسماعیل ئامێدی بەرپرسی مەڵبەندی حزبی شیوعیی كوردستان لە دهۆك:     داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەین دەستپێشخەرییەكی جددی بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەرجەم حزبە سیاسییەكان بكات

 

 

ڕێبەر ئیسماعیل ئامێدی، بەرپرسی مەڵبەندنی حزبی شیوعیی كوردستان لە پارێزگای دهۆك، لە ڕاپۆرتی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی پێ ڕاگەیاندین.

لە ڕوانگەی ئێمەوە وەك حزبی شیوعیی كوردستان، پێشتریش دەستپێشخەریمان كردبوو، بەوەی ئێمە بتوانین هەموو حزبەكان دەست بە دیالۆگێكی نیشتمانی بكەین و گەشەی پێ بدەین، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانمان كرد، بە (پارتی و یەكێتی)شەوە. ئەم دەستپێخەرییەمان بە ناو حزبی شیوعی و سێ حزبی چەپی دیكەی كوردستانی پێشكەش كردن، بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئێمە هەستێكی دژوارمان هەیە لەوەی ئەمڕۆ هەڕەشە لەسەر كوردستان هەیە و، مەترسیی هەیە ئەو دەستكەوتانەی بەدەستمان هێناون لە دەستی بدەین.

لەلایەكی دیكەوە بەداخەوە، ململانێ و بەرژەوەندیی حزبیی تەسك و دەسەڵات، ڕێگر بوون لەوەی ئەم دەستپێشخەرییەی ئێمە سەركەوتوو بێت، بۆیە زۆر بە ڕاشكاوی لە ئێستادا داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەستپێشخەرییەكی جددی بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی حزبە سیاسییەكان هەموویان گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەو مەترسییانەی لەلایەن بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بە جددی هەست دەكرێت كوردستان كەوتووەتە ژێر گوشارێكی گەورە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ هەموو حزبە سیاسییەكان زۆر بە ڕاشكاوانە هەڵوەستە لەسەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە نەكەن و كۆنەبنەوە، ئەوا ناتوانن خاڵی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا دروست بكەن و ئیرادەیەك دروست بكەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو گوشار و مەترسییانە ببینەوە. بە مەزندەی ئێمە ئەمە بارودۆخەكەیە و بەرەو خراپتریش دەچێت. لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە ژینگەیەكی سیاسیی بەو جۆرە فەراهەم بكرێت كە حزبەكان بتوانن پێكەوە كار بكەن، ئەگەر گوتارێكی سیاسیی یەكگرتوو بونیاد نەنێین، یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بەهێز نەكەین، ناتوانین بەرانبەر ئەو هێرش و مەترسییانە ڕابوەستین كە چاوەڕوانمان دەكەن.

 

Top