د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   دەبێت كێشەكانی خۆمان بە ئەقڵ و هۆشیاری و زانستی دەستەبژێر و پسپۆڕان و سیاسەتمەدارەكانی خۆمان چارەسەر بكرێت

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     دەبێت كێشەكانی خۆمان بە ئەقڵ و هۆشیاری و زانستی دەستەبژێر و پسپۆڕان و سیاسەتمەدارەكانی  خۆمان چارەسەر بكرێت

 

 

د.سالار عوسمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی بازنەی گفتوگۆ دەكات كە لە ساڵی پارەوە (2023) تا ئێستا چواردە گفتوگۆی ڕاشكاوانەی لەسەر پرسە هەستیار و گرینگەكانی پەیوەست بە دۆزی نیشتمانی و نەتەوەییمان و هەروەها تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و پرۆسەی حوكمڕانی و ڕۆڵی حزبە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا ئەنجام داوە و، 12 گفتوگۆی ساڵی پار لە دوو كتێبی قەوارە گەورە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ كراون. لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان» وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی بەشداربووی ئەم بازنەیە، جەختی لەسەر  گرینگیی گفتوگۆی ڕاشكاوانە كردەوە و بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی.

 

 

«ئەگەر گفتوگۆی كوردستانییانەی ڕاشكاو و ڕاستگۆیانە لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و تەواوی كێشەی خەڵك و كۆمەڵگە بكەین و، جیاوازیی سیاسی و ئایینی و نەتەوەییمان بخەینە كار بۆ ئەوەی وەك خۆی (بێ خاترگرتنی هیچ لایەنێكی سیاسی) بیخەینەڕوو و پێكەوە بیر بكەینەوە و، پێكەوە پێشنیار و ڕاسپاردەی دروست و ئامانجدار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەرهەم بهێنین و بیخەینە بەرچاوی خەڵك و سەركردایەتیی سیاسیی وڵاتی خۆمان، ئەوا دەتوانین ڕێگەچارەی گونجا و مومكین بۆ سەرجەم كێشەكانی كۆمەڵگەی خۆمان بدۆزینەوە. ئەزموونی 14 ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆش ئەو ڕاستیەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كردوون، كە ئامادەباشییەكی زۆر باشی نیشتمانییانە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی و ئەكادیمی و پسپۆڕ و زاناكانی خۆمانەوە، بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە بوونی هەیە و ئامادەن كاتی خۆیان تەرخان بكەن و گفتوگۆی جددی لەسەر كێشە هەستیارەكانی خۆمان بكەن، هەروەها لە میانەی ئەو ڕاپرسی و ڕاپۆرتە مەیدانییانەی بازنەی گفتوگۆ بۆ هەر ئەڵقەیەكی گفتوگۆكان ئامادەی دەكەن، كە خەڵكی كوردستانیش خوازیاری ئەوەیە كە بەشدار بێت لە گفتوگۆ  و ڕاپرسیی جددی و بەشدار بێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی خۆی، ئەوەشی كە زۆر گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین كە دیسان ئەزموونی ئەم گفتوگۆیانە پێی گوتین: ئێمە هەموو مانگێك لەبەر ڕۆشنایی ئەو گفتوگۆیە و ڕاپۆرتە مەیدانییەكان و ڕاپرسییەكان، ڕاپۆرتێكی زۆر ڕاستگۆیانە لەسەر پوختەی ئەو گفتوگۆیەی لێرە دەكرێت و ڕاوبۆچوون و ڕاپرسییانەی لەناو خەڵك دەكرێن، ڕاپۆرتێكی تایبەتمان بۆ سەركردایەتیی سیاسیی ئەم وڵاتە و حوكمڕانانی وڵاتی خۆمان بە ڕاستگۆیی بەرز كردووەتەوە، وەڵامدانەوەی ئەو لایەنانە بە ئەرێنی و ڕێزگرتن لەو هەموو بیروبۆچوون و پێشنیار و ئەو ڕاسپاردە بەرزانەی كە بەڕێزانی بەشداربووی ئەم بازنەیە و ڕاپۆرتە مەیدانییەكان دەیخەنەڕوو، لەمەش زیاتر هانیان داوین كە بازنەی گفتوگۆ نەك هەر بەردەوامی پێ بدەین، بەڵكو فراوانتری بكەین و نوێنەرانی تەواوی حزبە سیاسییەكان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان تیایدا ئامادە بن. وەك ئێوەی بەڕێزیش كە ئەمڕۆ لەم گفتوگۆیە بەشدارن، دەبینن نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانمان لەگەڵ بەشدارن كە ئامانجی سەرەكیی ئەو گفتوگۆ ساغڵەمەیە كە دەمانەوێت لە كوردستان بێتە ئاراوە».

د.سالار عوسمان، لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكانیدا، جەختی لەوە كردەوە كە «ئێمە هەموومان بە جیاوازی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینیمانەوە دەبێت، پشتگیریی ئەو ئیرادە سیاسییە بكەین كە بەو ئاراستەیە هەوڵ دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم نیشتمان و كۆمەڵگەیە، بەوەی كێشەكانی خۆمان بە ئەقڵ و هۆشیاری و زانستی دەستەبژێر و پسپۆڕان و سیاسەتمەدارەكانی خۆمان چارەسەر بكرێت، هەر بۆیە ئێمە باوەڕمان بەوەیە زیاتر گوێ لە پەیڤە بەرزەكانی ئێوە بگرین و خۆمان كەمتر قسە بكەین، قسەكانیشمان لەبەر ڕۆشنایی و ئاراستەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكە سەربار دەكەین بۆ ئەوەی پێكەوە كۆمەڵێك چارەسەر و پێشنیار و ڕاسپاردە وەك میكانیزم و چارەسەر بۆ كۆی كێشەكانمان بخەینە بەردەست». گوتیشی: «ئەو ژینگە ناتەندروستەی ململانێی حزبە سیاسییەكان، ژینگەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان بە جۆرێك شێواندووە، كە خەریكە دەگاتە ئەوەی هەموو جوانی و پیرۆزییەكانی ئەم نیشتمانە ناشیرین بكەن، بە سیمای جوانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكترقبوڵكردنی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، كە ئێستا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتییەوە دەستیان بۆ ئەم سیما جوان و پیرۆزەی (پێكەوەژیان) لە كوردستان بردووە و دەیانەوێت لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە مانایەك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە نەهێڵنەوە و كورسیی كۆتاكان نەهێڵن».

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیاری ئەوەشی كرد: «ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەبێت شێوازی دیالۆگ و قسەكردنمان لەگەڵ یەكتری بگۆڕین. گفتوگۆكانمان لەگەڵ یەكتری ئەوجا بەرانبەر هەر بیروبۆچوونێكی سیاسی، یان ئایین و نەتەوەییەكی جیاواز بێت، واقیع فەرزی دەكات لەسەرمان و دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت و دەبێت بگەینە ئەو قەناعەتە كە ئامانج لە جوانیی جیاوازییەكان ئەوەیە یەكتری تەواو بكەن و، ڤێژنی تازە بۆ چارەسەرەكان بدۆزێتەوە، جیاوازییەكانمان دەبێت سەرچاوەی هێزی نەتەوە و ئیرادەی نیشتمانپەروەریمان تەواو بكات، نەك جیاوازییەكان بە ئاراستەیەكی هێندە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، كە یەكتری پێ بسڕینەوە، یان یەكتری پێ لاواز بكەین، ئێمە ئەگەر بمانەوێت بە راشكاوی بكەین دەبێت پانتایی بیركردنەوەمان فراوان بكەین ، شێواز و رەهەندی ئاخافتنمان فراوانتر بكەین، بە دیدێكی كوردستانیانە واقیعە بخوێنینەوە و كاریگەری دەرو دراوسێكانمان ببینین و نەیار و دژ و دوژمنەكانیشمان ببینین ، كە بەم پانتانیە فراوانە بیرمان كردەوە ، نەتەوەو ئاینەكانی دیكە و لەگەڵیشدا دوژمن و نەیارەكانیشمان دەبینین، باشتر دەتوانین پرسەكان پۆلین بكەین و گفتوگۆ و ئاخاوتنەكانیشمان بەرهەمدارتر دەبن».

 

Top