هاوڕێیەتی كردنی ئەسپ چێژێكی تایبەتی هەیە

هاوڕێیەتی كردنی ئەسپ چێژێكی تایبەتی هەیە


فاتمە كەیفەدین:
هاوڕێیەتی كردنی ئەسپ چێژێكی تایبەتی هەیە

دیمانە: عەبدولستار جەباری

فاتیمە كیژێكی روح سووك و زرنگ و چالاك و رۆشنبیر و خوێنەرێكی زۆر باشە، وەكو یەكەم كچە كەركووكییەك، یەكەم سوارچاكە و دامەزرێنەری یەكەمین یانەی ئەسپسوارییە لە شارەكەدا. مەبەستمان بوو لە نزیكەوە بە خولیاكەی ئاشنا بین، لێمان پرسی:
• فاتمە كەیفەدین كێیە؟
- ناوم فاتیمە كەیفەدینە، تەمەنم 26 ساڵە. لە كەركووك لە دایك بووم و هەر لەو شارەشدا دەژیم.
• لە كەیەوە خولیای ئەسپسواری بوویت، چۆن بیرت لەو وەرزشە كردەتەوە؟
- پێم وایە كەسانێكی یەكجار زۆر خولیا و حەزی ئەسپسوارییان هەبێت، ئەسپ گیاندارێكی یەكجار كۆمەڵایەتییە و هاوڕێیەتی كردنی چێژێكی زۆر جیاوازت پێ دەبەخشێت، جگە لەوەی گیاندارێكی زۆر جوان و دڵڕفێنە، بۆیە منیش وەك هەموو ئەو كەسانە لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە ئەسپم خۆش ویستووە. ئەو خۆشەویستییەش گەشەی كرد تا بە ئەمڕۆ گەیشت. هەڵبەت وەك وەرزش ساڵانێكی كەمە دەستم پێ كردووە، واب ۆ ساڵێك زیاتر ئەم یانەیەم داناوە.
• تا چەند بۆ فێربوونی ئەسپسواری ڕاهێنەر گرنگە؟
- بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە بە چاودێریی ڕاهێنەرێك خۆت فێری ئەسپسواری بكەیت، چونكە وەرزشێكی ئاسان نییە، بچووكترین جووڵە یان بچووكترین كاردانەوەی ئەسپ ئەگەری هەیە زیانێكی جەستەیی و تەندروستیت پێ بگەیەنێت، جگە لەوەش ڕەنگە جووڵەیەكی ئاسایی ئەسپەكە ترست بۆ دروست بكا بە هۆی نەناسین و كەم زانیاریت لەسەری، بۆیە من هەمیشە بە گرنگی دەزانم كە هەر كەس دەستی كرد بەم وەرزشە هەڕەمەكی دەست پێ نەكات، یانەی باش و ئەسپی هێمن و ڕاهێنەری لێهاتوو هەڵبژێرێ.
• كێ هاندەر و پاڵپشتی تۆ بوو؟
- خۆم پێش هەموو كەس هاندەر و پاڵپشتی خۆم بووم، لەبەر ئەوەی هەر كات هەر خولیا و ئارەزوویەكم هەبێت بە دوایدا دەچم و تەنیا لە چوارچێوەی حەزدا جێی ناهێڵم، بەڵام دەبێت بیرشم نەچێ ئاماژە بە ناوی هاوڕێیەكەم (شۆڕش) و براكەم (ئەحمەد)بكەم، كە ئێستا پێكەوە یانەیەكی ئەسپسواریمان دامەزراندووە.
• ئەو ئاستەنگانە چین كە دێنە ڕیگەت وەك ئافرەت؟
- هەڵبەت ئافرەت هەموو شتێكی بە قورستر دێتە دەست وەك لە پیاو، هەمیشە ڕەخنەی كومەڵگای لێ نابڕێتەوە. بۆ ئەسپسواریش بە هەمان شێوەیە، كە زۆرینەی كەس دان بە راهێنانی كچدا نانێت و تاپۆی یەك رەگەزیان بەو وەرزشە داوە كە ئەویش كوڕە. زۆر كات پێم گوتراوە تۆ چیت داوە لە ئەسپ و ئەسپسواری، هەزار كاری دیكە هەن كە لایق بە كچن، بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، هیچ كات قسەیەكی ئاوایی كار لە حەز و وزەت نەكات، بۆیە من وەك خۆم هیچ جارێك كاری تێ نەكردووم و ئاسایی وەرم دانەبەزیوە و بەرگەم گرتوون، بەڵام بۆ كەسێكی تر چی؟ دەزانیت ڕۆژانە دنیایەك مەسج بۆ پەیجەكەم دێ، گلەیی ئەوە دەكەن كە لە بەر ئەوەی كچن ماڵەوەیان ڕازی نین و نابن بێن بۆ سواری، لە كاتێكدا ئاواتیانە.
• دەڵێن سوار تا نەگلیت نابێت بە سوار تۆ چەند جار گلاویت تا بوویت بە سوار؟
- جاران دەمگوت ئەمە پەندێكی چاك و لەجێی خۆیدا نییە، ئەو كەسەی ئەم پەندەی گوتووە كە كەوتووە بەس دڵی خۆی پێ داوەتەوە. چونكە خۆم نەكەوت بووم، بەڵام كە خۆم لە ئەسپسواریدا كەوتم، بۆم دەركەوت زۆر راستە، تۆ كاتێك سواری ئەسپ دەبیت بەردەوام ترست لە بەربوونەوە هەیە، هەمیشە حەزەری ئەوە دەكەی كە بەربیتەوە چیت لێ دێ. بەڵام كە بەربوونەوەت ئەزموون كرد، ئیتر تۆ ئەو ترسە فڕێ دەدەیت و دەزانیت بەربوونەوە چییە و چۆنە. بۆیە ئیستا منیش دەڵێم سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار..
• دامەزراندنی یانەی ئەسپسواری بیرۆكەی كێ بوو، چۆن ئاواتەكەت هاتە دی؟
- وەك بیرۆكە، بیرۆكەی خۆم بوو، من بۆ ئەسپسواری سەردانی شاری دیكەم دەكرد، هەموو هەفتەیەك بۆ سلێمانی دەچووم، چونكە لە شاری كەركووكدا ئەو كاتە هیچ یانەیەك نەبوو، لەگەڵ هاوڕێیەكەم (شۆڕش)كە ئەویش خولیای ئەسپسواریی هەبوو بۆم باس كرد كە زۆر باش دەبێت لە بری ئەوەی هەموو هەفتەیەك ئەم رێگایە ببڕین یانەیەك دابمەزرێنین، دڵنیاش بووم لە سەركەوتنی بیرۆكەكەم، چونكە خەڵكانێكی زۆرم دەناسی بە ئاواتی بینینی ئەسپ بوون، خولیایان هەبوو بەڵام كات و توانای بڕینی رێگاكەیان نەبوو بۆ شاریكی دی، بۆیە بە هاوبەشی لەگەڵ هاورێیەكەم و براكەم، كارەكەمان لە بیرۆكەوە كرد بە واقیع و ئیستا كەركووك خاوەنی یانەیەكی جوانی ئەسپسوارییە، یەكەمین یانەی لەم جۆرەیە و حەزمان كردن هەر بە ناوی شارەكەمانەوە بێت و ناومان نا كەركووك (kirkuk horse riding).

 

 

 

 

Top