ئایا خۆراك پەیوەندی بە زیپكەوە هەیە؟

ئایا خۆراك پەیوەندی بە زیپكەوە هەیە؟

  زیپكە Acne حاڵەتێكی هەوكردنی باوی پێستە كە گلاندەكانی چەوری كە كەوتوونەتە ژێر كونی دەرچوونی مووەكان تووشی داخستن دەبن بە چەوریی پێست Sebum و خانە مردووەكانی پێست، دەرەنجام بەكتریا هەوكردن پەیدادەكات و زیپكە پەیدا دەبێت. ئەمە سەلمێندراوە كە هەندێك جۆری خۆراك و شلەمەنی ڕیسكی سەرهەڵدانی زیپكە زیاد دەكەن، هەندێكی دیكەیش ئەگەری سەرهەڵدانی زیپكە كەم دەكەنەوە یان لە توندیی زیپكە كەم دەكەنەوە، بەڵام پێویستە ئەمە بزانرێت كە هیچ خۆراك یان شلەمەنییەك ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی دەركەوتنی زیپكە یان ڕێگە لە پەیدابوونی بگرێت، بە هەمان شێوە بۆماوە (جینەكان) و ستایلی ژیان ڕۆڵیان لە ورووژان یان سووكبوونی زیپكەدا هەیە. خۆراكە ورووژێنەرەكانی زیپكە بریتین لە: شیر و بەرهەمەكانی، گۆشتی سوور، خۆراكی خێرا، جیبسی پەتاتە، سۆدا و شلەمەنییە كاربۆنكراوەكانی دیكە، هەروەها سەرچاوەكانی شەكر و كاربۆهیدراتی سافكراوە وەك: هەویركاری و نانی سپی، برنجی سپی، كێك، شیرینی و قەنادی، شوكولاتە. ئەو خۆراكانەی كە لە سەختی و سەرهەڵدانی زیپكە كەم دەكەنەوە بریتین لە: خۆراكی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ وەكو شوفان، پاقلەمەنییەكان، سێو، قەیسی، گێلاس، ئاڵو، گێزەر، سپێناغ و سەوزە گەڵا تاریكەكانی دیكە، تەماتە، بلوبێری، پەتاتەی شیرین، نانی گەنمی تەواو، ماسیی سالمۆن كە دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3، باوی یان فستقی سودانی كە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین E و كانزای سیلینیۆم، گیای دەریایی Seaweed، هەروەها مەحار(گوێچكەماسی) كە دەوڵەمەندە بە كانزای زینك.

 

Top