زمـــان نـــاســـنـــامــــەو هەبوونى نەتەوەى کوردە

زمـــان نـــاســـنـــامــــەو هەبوونى نەتەوەى کوردە

غەفوور مەخموورى

زمانى کوردى کە ناسنامە و هەبوونى نەتەوەى کوردە، بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانى کوردستان هەوڵى قەدەغەکردن و لەناوبردنى دراوە، زمان وەك تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی، ئەویش كەوتۆتە بەر مەترسی شاڵاوی بەعەرەبكردن و بەتورککردن و بە فارسکردن، لێرەدا دەمەوێت باس لە دژایەتییەکانى زمانى کوردى لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانى کوردستان بکەم، هەر لەكۆنەوە شۆڤێنییەتی عەرەب و تورک و فارس ویستوویانە زمان و كلتوری كورد بسڕنەوەو زمان و كلتوری خۆیان بسەپێننە سەر كورد. بۆ نموونە ئەگەر باسى دەسەڵاتى عەرەبى بکەین دەبینین لەپاش جەنگی (القادسیە)ەوە لە 640ی زاینیدا، کە سەرەتای دەستبەسەرداگرتنی كوردستان بوو لەلایەن عەرەبەوەو، ئەو دەستبەسەرداگرتنە عەرەبییە بزووتنەوەیەكی بەعەرەبكردن بوو بۆ بچوككردنەوەو سڕینەوەی بەها نەتەوەییەكانی كوردو پشتگوێ‌ خستنی زمان و كلتوری كوردو، كاركردن بۆ بڵاوكردنەوەو سەپاندنی زمان و كلتوری عەرەبی، بەمەش ویستیان زمان و كلتوری كورد لەناو ببەن، بەڵام خۆشبەختانە زمان و كلتوری كورد لەسەر دەستی هۆزانڤان و رۆشنبیرانی كورد پارێزراو مایەوە. زمانی هەر نەتەوەیەك لەگەڵ لەدایكبوونی نەتەوەكە لەدایكدەبێت. بۆیە دەسەڵاتی عەرەبی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی كورد هەوڵی سڕینەوەو نەهێشتنی زمانی كوردی داوە، ئەم هەوڵدانەش لەسەدەكانی رابردووەوە تائێستا درێژەی هەیە.
لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتی عێراقیشدا كار بۆ پشتگوێ‌ خستن و سڕینەوەی زمانی كوردی كراوە، دوای دروستكردنی عێراق کەسێكی شۆڤێنی عەرەب كە ناوی (ساطع الحصري) بوو، كرا بە بەڕێوەبەری گشتی زانیاری (المعارف) و لەماوەی نێوان (17ی كانوونی دووەمی 1923 تا 31ی تەمووزی 1927) لەكارەكەیدا مایەوە، (ساطع الحصري) كەسێكی شۆڤێنی بوو، لای ئەو زمان یەكەم پێوەر بوو بۆ خۆ بەستنەوە بەوڵاتی عەرەبی ‌و هەر كەسێ‌ بەعەرەبی قسە بكات ئەوە عەرەبە جا ئایین یا رەگەز یا مێژووی هەر چییەك بێت، هەوڵی دەدا زمانی كوردی پشتگوێ‌ بخات و بیانووی زۆری دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی كورد بەزمانی خۆی نەخوێنێت و بەزمانی عەرەبی بخوێنێت ئەوەشی بۆ ئەوە بوو وردە وردە زمان و كلتوری كوردی بسڕێتەوە، بێگومان هەر زمانێك كە پێی نەخوێنرێت و پێی نەنووسرێت پێشناكەوێت و گەشە ناكات.
پاشتر رژێمی كۆماری عێراق لەساڵی 1960دا دەستیكرد بەراگواستنی مامۆستایانی كورد لەكەركوك (فەرمانێكی وەزاری دەرکرد و رەوانەیکرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری لیوای كەركوك بۆ ئەوی هەرچی دەرچووانی دار المعلمین و معلمات هەیە لە كوردەكان لەسلێمانی دابنرێت نەك لەكەركوك)، ئەوەش هەوڵێك بووە بۆ نەهێشتنی خوێندنی كوردی لەكەركوكدا، خوێندنی كوردی‌و بزاڤی كلتوری كورد بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە چ لە عێراق و چ لە سوریادا دژایەتی كراوە، هەر چەندە لەبڕگەی (ب)ی ماددەی حەوتەمی دەستووری كاتی عێراقدا هاتووە کە (زمانی كوردی زمانی رەسمی دەبێت شان بەشانی زمانی عەرەبی لەناوچەی كوردیدا)، بەڵام زۆر كەم كار بەو دەقە كراوە، رژێمی عێراق بەتایبەت بەعس بۆ ئەوە سوودی لەزمانی كوردی وەرگرتووە بیرو بۆچوونە بۆگەنەكانی خۆی لەرێی زمانی كوردییەوە بگەیەنێتە كورد، ئەگەرنا بەردەوام دژایەتی زمان و كلتوری كوردی كردووەو بڕیاری تایبەتی لەم بارەیەوە داوە، بڕیاری 632 لە 7/10/1989ی بەناو (ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی عێراق) زۆر راشكاوانە دژایەتی زمانی كوردی دەكات و بەشتێكی بێ‌ بایەخی دادەنێ‌، لەبڕگەی یەكەمی ئەو بڕیارەدا هاتووە كە قوتایی بەدەرنەچوو (راسب) دانانرێ‌ ئەگەر هاتوو لەوانەی زمانی كوردیدا دەرنەچوو، ئەو بڕیارەش هەموو ئەو قوتابخانانە دەگرێتەوە كە زمانی كوردییان تێدا دەخوێنرێت، لەبڕگەی دووەمیشدا بڕیارەكە كراوە بەبڕیارێكی یەكلاییكەرەوەو تێیدا هاتووە (كار بەهیچ دەقێكی تری پێچەوانەی ئەو دەقە ناكرێت). ئەگەر لەعێراقدا خوێندنیش بەزمانی كوردی بووبێ‌ ئەوا بەشتێكی كەم بایەخ سەیر كراوەو، پرۆگرامی خوێندن هەمان پرۆگرامە عەرەبییەكە بووەو وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، پرۆگرامەكەش بەهیچ شێوەیەك گوزارشتی لەكۆمەڵی كوردەواری نەكردووە، بۆ نموونە لەبابەتی مێژوودا مێژووی نیشتمانی عەرەب و، لە بابەتی جوگرافیادا جوگرافیای نیشتمانی عەرەب و لەبابەتەكانی تریشدا هەر هەمووی هی عەرەب دەخوێنرێت، ئەوەش بۆ ئەوە بووە كە خوێندەڤانی كورد هەمیشە عێراق بەوڵاتی خۆی بزانێ ‌‌و لەرێی عێراقیشەوە (نیشتمانی عەرەبی) بەنیشتمانی خۆی بزانێ ‌‌و مێژوو و جوگرافیا و شارستانییەتی ئەوانیش بەهی خۆی بزانێت و، هەست نەكات كە كوردستان نیشتمانی ئەوەو بەشێكی بەزۆر بەعێراقەوە لكێنراوەو داگیركراوە.
رژێمی بەعس بە بەردەوامی هەوڵی سڕینەوەی زمان و كلتوری كوردی داوەو، قوتابخانە كوردییەكانی داخستووەو، لەساڵی خوێندنی (2000-2001)ەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لەهیچ قوتابخانەیەكدا خوێندنی بەزمانی كوردی نەهێشتووەو هەمووی كردووە بەعەرەبی، لە (كەركوك، مەخموور، شنگاڵ، زەممار، قەراج، خانەقین،. . .و شوێنانی دیکەیش)و خوێندنی عەرەبی سەپاندۆتە سەر كورد.
لەو رێیەوە رژێمی عێراق ویستوویەتى زمان و كلتوری خۆی بسەپێنێتە سەر كوردو زمان و كلتوری كوردیش كەم بایەخ بكات، ئەگەر سەیر بكەین دەبینین ئێستاش كاریگەرییەكی زۆری كلتورو زمان و هزرو سیاسەتی عەرەبی بەسەر رۆشنبیرانی كورد لە باشووری كوردستاندا دیارە، ئەمە بۆ رۆژئاوای كوردستانیش راستە، لەبەر ئەوەی نەتەوەی سەردەست هەوڵیداوەو هەوڵدەدات هەموو شتێكی خۆی بسەپێنێتە سەر نەتەوەی بندەست، لە باكوروردا كاریگەری زمان و كلتوری تورك و لەرۆژهەڵاتیشدا كاریگەری زمان و كلتوری فارس بەسەر زمان و كلتوری كورددا هەیە. ئەم سیاسەتەی داگیركەرانی كوردستان سێ‌ واقیعی كلتوری جیا لەیەكی دروستكردووە. لەهەریەك لە توركیاو ئێراندا خوێندن بەزمانی كوردی قەدەغەیە و رێی پێنادرێ ‌‌و كوردیان ناچاركردووە بەزمانی ئەوان بخوێنی ‌و بنووسێ‌، دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان لە كۆنەوە تائێستا زمانی خۆیان سەپاندۆتە سەر كورد، كورد بەناچاری زمانی دەستەڵاتدارانیان لەكاروباری رەسمییدا بەكارهێناوە، وەك لەپێشەوە باسمانكرد عێراق بە بەردەوامی هەوڵی سڕینەوەی زمان و كلتوری كوردی داوەو كەنارگیری كردووە.
لەسوریاشدا خوێندن و نووسین بەزمانی كوردی قەدەغەیە و تەنها دەبێت بەزمانی عەرەبی بێت و ئەمەش لەماددەی (4)ی دەستووری سوریادا جێگیركراوە، كە دەڵێت (زمانی عەرەبی زمانی رەسمییە). شۆڤێنییەتی عەرەبی هەستی بەوەكردووە، كە ئەگەر زمانی كوردی رێی پێبدرێت ئەوا گەشە دەكات و تایبەتمەندییەكانی خۆی دەپارێزێت، بۆیە كەوتۆتە دژایەتیكردنی زمانەكەمان. بێگومان زمانیش هۆكاری لەیەكتر گەیشتن و خوێندن و نووسین و بیركردنەوەیەو یەكێكە لەتایبەتمەندییە بنچینەییەكانی هەر نەتەوەك. لەگەڵ ئەو هەموو دژایەتی‌و قەدەغەكردنەشدا زمانی كوردی لەرێی رۆشنبیرانی كورد بەردەوام بەرەنگاری داگیركەرانی كوردستان بۆتەوەو خۆی پاراستووەو لە گەشەكردنیشدایە. بەعەرەبكردن و بە تورککردن و بە فارسکردن مەترسییەكی زۆری بۆ سەر مانەوەو گەشەكردنی زمانەكەمان هەبووەو هەیەو بۆتە هەڕەشە لەسەر نەهێشتن و سڕینەوەی زمانەكەمان، بۆیە پیویستە هەموو لایەکمان وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى کاربکەین بۆ بایەخدان بە زمانى کوردى و پێشخستنى.

Top