دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

سترانبێژ و شێوەكار(دەز دەنیز) خەڵکی شارۆچکەی میدیادێی سەر بە شاری مێردینی باكوری‌ كوردستانە‌، ماوەیەکی زۆرە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت، لە ساڵی 2007 یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاو کردۆتەوە و تا ئێستا خاوەن چەندین گۆرانی و ئەلبوومە، سەرەڕای گۆرانی گوتن شێوەکار و دەیان تابلۆی جوان و رەنگینی نەخشاندووە و لە بواری سینەماش شارەزایی هەیە. جگە لە زمانی کوردی بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانیش گۆرانی وتووە، لە دیمانەیەکدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

* ماوەیەكی زۆرە لە بواری ڕاپدا كار دەكەیت، سەرەتای دەستپێكردنت تا چەند ئاستەنگی بۆ درووست كردیت، چونكە ئەو كات ڕاپ تا ڕاددەیەك نامۆ بوو لە كۆمەڵگەی كوردیدا؟

- كاتێك دەستم بە ڕاپی كوردی كرد، من وەك ئافرەت و ڕاپ بێژ تەنیا بووم، پێشتر لەو شوێنەی لێی دەژیام بەشداریم لە كۆنسێرتێكدا كردبوو، سەرەتا ئامادەبووان بە لایانەوە موزیكی ڕاپی كوردی ئاسایی نەبوو و كاردانەوەیان نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی چەند گۆرانییەكی نیشتمانپەروەریم پێشكەش كرد، ئیتر پێشوازییان لێی كرد و كاردانەوەیەكی زۆر باشیان لەگەڵی هەبوو، هەوڵ مدا هەستی نەتەوەیی و جۆش و خرۆشی خۆم لە ڕێگەی ئەم موزیكەوە بە جەماوەر ڕابگەیەنم، كەسانی بە ساڵاچوو و ئەوانەی لە سیاسەتەوە نزیكن پرسیاریان دەكرد ئایا موزیكی دیسكۆ دەبێتە موزیكی ڕاپەرین؟، زۆر سوپاسی جەماوەرەكەم دەكەم كە ئێستا خۆشحاڵم، پێویستە ئەوەش بڵێم كە ڕاپ و هیپ هۆپ بۆ كوردانی ئەوروپا نامۆ نەبوو و كاتێك بینییان كە ناوەڕۆكی كارەكانم كوردی و نەتەوەیین زیاتر دڵیان خۆش بوو، من بوومە هۆكاری ئەوەی كە بە دەیان لاوی كورد نزیكتر ببنەوە لە موزیكی ڕاپ و بوون بە ڕاپەری كورد، ئێستا بە دەیان گەنجی كورد كاری زۆر جوان پێشكەش دەكەن و بە ملیۆنان بینەریان هەیە.

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

* ئێستا تێڕوانینی كۆمەڵگەی كوردی چۆنە بۆ ئەم هونەرە و بۆ خۆت وەك دەز دەنیز؟

- ماوەی 20 ساڵە من لە بواری موزیكدا كار دەكەم، ئەگەر لە ساڵی 2004ـەوە بڕوانین تا ئەمڕۆ، میللەتی كورد بەرەو كرانەوە هەنگاو دەنێت، هونەرمەندی ئافرەت لە زیادبووندان، ئێمە كۆمەڵگەیەكین بەرەو نوێخوازی كراوەیی هەنگاو دەنێین، ئینتەرنێت زۆر شتی بۆ ژیانی ئێمە زیاد كردووە، بە جۆرێك ئێمە دەتوانین بە ئاسانی بگەین بە ڤیدیۆ و بەرهەمی هەموو هونەرمەندانی كورد لە هەر شوێنێك بن، كەواتە هونەرمەندانی كورد هەنگاو بە هەنگاو لە نێو هونەرمەندانی جیهاندا شوێنی خۆیان دەكەنەوە، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

* ئایا تۆ و هونەرمەندانی هاوشێوە كە لە بواری ڕاپدا كار دەكەن، كاریگەرییان لەسەر لاوانی كوردی تاراوگە هەبووە بۆ نزیكبوونەوە لەو جۆرە هونەرە؟

- كوردانی ئەوروپا هەمیشە نزیكی یەكتر بوون، لە گشت شارەكاندا دامودەزگای كوردی و ئەكادیمیای هونەری كوردی هەیە، لەم دامودەزگایانە تەنیا باسی سیاسەت ناكرێت، بەڵكو كۆرسی موزیك، فۆلكلۆر و زمانی كوردیش پێشكەش دەكرێن، بە خۆشحاڵییەوە من لە یەكێك لەو ئەكادیمیانە كە هونەرمەندی كوردی تێدا بوو وانەی موزیكم خوێند و شارەزای دەیان بەرهەمی فۆلكلۆریی كوردی بووم، ئەو كاتەی من بە ئەكادیمی هونەری كوردیم دەخوێند سەردەمی هونەری ڕاپ بوو، بۆیە زۆر زەحمەت بوو، كۆمەڵگەی كوردی وەك پێویست ئاشنای ئەم جۆرە موزیكە نەبوو، بەڵام هەوڵ هەبوو كە ئەم شێوازە بە هونەری ڕەسەنی كوردییەوە گرێ بدرێت و بەردەوام بم، خۆشترین ساتەكانی ژیان و گەنجێتیم لەگەڵ دەستپێكردنی كاری هونەری بەڕێ كرد تا ئێستاش ئەو ڕۆژانە بە زیندوویی لە هزری مندا ماونەتەوە، پێویستە كوردانی دەرەوە هەوڵ بدەن زمان و كەلتووری ڕەسەنی خۆیان بپارێزن.

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

* وەك گۆرانیبێژێكی ڕاپ، لەگەڵ گۆرانی و بەرهەمی فۆلكلۆری كوردیدا نێوانت چۆنە؟

- من حەز لە فۆلكلۆر و دەنگی هونەرمەندانی ڕەسەنی كورد هەموو پارچەكان دەكەم بەبێ جیاوازی، لە بەرهەمەكانی داهاتووشمدا كاری فۆلكلۆری هەیە و بڕیارم داوە جگە لە گۆرانیی ڕاپ بەرهەمی فۆلكلۆریش پێشكەش بكەم. زمانی دایك ناسنامەی مرۆڤە، ئامانجی یەكەمی من لە گوتنی ڕاپی كوردی ئەوە بووە كە خۆم فێری زمانی كوردی ببم و گەنجانی كوردیش حەز لە زمانی خۆیان بكەن، بەتایبەتی گەنجەكان كە بە تەواوی شارەزای زمانی دایك نەبوون، ئامانجی دووەمم ئەوەیە كە لە ڕێگەی (ڕاپ) كە موزیكێكی جیهانییە، زمان و كلتووری كوردی بە خەڵكی بیانی بناسێنم.

* لە بواری تابلۆ و شێوەكاریشدا كاری هونەریت هەبووە، گۆرانی یان شێوەكاری، كامیان لە تۆوە نزیكن؟

- هەر لە منداڵییەوە ئارەزووم لە گۆرانی و موزیك و وێنەكێشان بووە، بەڵام زیاتر حەزم دەكرد ببم بە گۆرانیبێژ، چونكە ماوەیەكی زۆرە من تێكستی گۆرانی دەنووسم، بۆیە گۆرانیگوتن لە پێشەوەی ئارەزووەكانم بووە، ژیانی گەنجێتیم ڕووداوگەلێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە ڕێگەی گۆرانیگوتن و سازكردنی كۆنسێرتەوە زۆر وڵات گەڕاوم و بە هەزاران كەسم ناسیووە، لە سەردەمی كەرەنتین و بڵاوبوونەوەی كۆڤیددا ئێمە بە تەنیا لە ماڵەكانی خۆمان ماینەوە و بێزار بووین، ئەو كات زۆر گونجاو بوو بۆ وێنەكێشان، بەڵام بە دیتنی ڕەنگ و كاركردن لەسەریان تا ڕاددەیەك بێ ئومێد بووم، هەرچەندە دوو بواری جیاوازن، بەڵام لەبەر ئەوەی حەز لە هەردوو بوارەكە دەكەم ناتوانم دەستبەرداری هیچیان ببم، لەبەر ئەوەی هونەر بەردەوام لە پێشكەوتندایە من لە هەردوو بواردا خەریكی ئەنجامدانی كاری نوێم.

دەز دەنیز بۆ گوڵان: ئێستا كۆمەڵگەی كوردی بۆ هونەرە جیهانی و هاوچەرخەكان كراوەیە

* هیپ هۆپ و ڕاپ بۆ تۆ چ جیاوازییەكیان هەیە لەگەڵ گۆرانی ئاساییدا؟

- موزیكی ڕاپ لە هونەری هیپ هۆپەوە هاتووە، بەڵام گۆانیبێژ دەتوانێت بێ ناوبڕ بیڵێت، بۆ گوتنی ڕیتمێكی موزیك ٣-٥ خولەك یان زیاتری پێویستە، ئەمەش كاتێكی زۆرە، لەم ڕووەوە ئەگەر بۆ ڕووداوێك بگوترێت كاتی زۆری پێویستە تا ئامادە بكرێت، بۆ ئامادە كردنی تێكستەكە پێویستە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی زۆر بكەم و موزیكی گونجاوی بۆ بدۆزمەوە، لە ڕاپدا پێشتر موزیك ئامادە دەكرێت دواتر كۆمپۆزیسیۆن، بۆیە دۆزینەوەی موزیكی باش زۆر ئەستەمە.

* جگە لە گۆرانی و وێنەكێشان، پێموایە لە بواری سینەماشدا خوێندۆتە، دەكرێت ئەوەمان بۆ باس بكەیت؟

-  ماوەیەك لە بواری سینەمادا خوێندم و چەند كۆرسێكم وەرگرت، بەڵام لەبەر سەرقاڵی و كاری ستۆدیۆ سەردانی هیچ شوێنێكم نەكرد بۆ كاری سینەمایی، زۆر حەز لە سینەما دەكەم و هیوادارم لە كورتەفیلمێكی كوردیدا بەشدار بم و ڕۆڵم هەبێت.

* دوایین كاری هونەریت چییە؟

- بەم دواییانە كاری كلیپێكم تەواو كردووە، لە ئێستادا هەوڵ دەدەم چەند گۆرانییەكی نوێ ئامادە بكەم، لە هەمان كاتدا كار دەكەم ژمارەیەك كۆنسێرت ساز بكەم.

Top