لــــە سەڵاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.
رۆژی سێشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەڵاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.
لەم دیدارەدا کە بەڕێز مەکسیم ڕوبین کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ڕووسیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و بە بەشداری ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕالی عێراق و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.