یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك» بەڕێوە دەچێت

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك بە سەرۆكایەتی ئەمیرعەلی محەمەد، بە دەرهێنانی هونەریی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركی، بە درووشمی «وەرزش» و «وەرزش بۆ هەموان» و بە نمایشی ١٠٧ بەرهەم لە سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی دێسامبەر/ كانوونی یەكەمی 2024 لە هۆڵی «كۆنگرە»ی زانكۆی دهۆك و كۆمەڵەی سینەمایی «دهۆك مۆڵ» لە شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

پەرەپێدان و گەشەكردنی سینەما و بەرەوپێشچوونی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك

یەكەمین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك، لە هۆڵی «پانۆڕاما ئازادی» لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو و مەسعوود عارف وتەبێژی فەرمیی ئەم فێستیڤاڵە گوتی: «هەر ساڵە هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك دوو شت، لەوانە؛ پەرەپێدان و گەشەكردنی سینەما و بەرەوپێشچوونی فێستیڤاڵ و فەرهەنگی شاری دهۆك و هەروەها گەشەسەندنی هونەر بە شێوەی گشتی و بەتایبەت سینەما بۆ ئێمە یەكجار زۆر گرنگە»، هەروەها گوتی: «ئێمە لە بانگەوازێكدا ڕامان گەیاند بوو كە لە ڕۆژانی ١٥ی جوون تا ١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ فیلمەكان بۆ بەشداری لە یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك، لە ڕێگەی دەرگای فیلمەوە وەردەگرین، كە خۆشبەختانە ئەمساڵ ٧٥٠ فیلمی بیانی و كوردی لە لایەن دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانەوە بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ ڕەوانه كرابوو، كە دوای هەڵسەنگاندن لە لایەن ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردنی فێستیڤاڵەوە، كە پێك هاتبوون لە هونەرمەندانی بەئەزموون، كە بە ڕاستی ئەم قۆناغە ڕۆحی فێستیڤاڵە، لە دەرئەنجامدا ١٠٧ فیلم چوونە قۆناغی پێشبڕكێوە كە لەم ناوەندەدا ٦١ فیلمی بیانی پێكهاتوو لە ٩ فیلمی سینەمایی، ٧ بەڵگەفیلم و ١١ كورتە فیلم، لە بەشی پێشبڕكێی «سینەمای جیهان» و ٣٤ فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی سینەمای جیهان، بە گشتیی هەموو ئەم بەرهەمانە لە ٣١ وڵاتی دنیا و هەروەها ٤٦ فیلمی كوردیی پێكهاتوو لە ٧ فیلمی سینەمایی، ٨ بەڵگەفیلم و ١٢ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی و ١٩ فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی سینەمای كوردی لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا پیشان دەدرێن.

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

سینەمای هیندستان میوانی تایبەتی یازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك

سەبارەت بە بەشی «سینەمای میوان» لەم خولەی فێستیڤاڵدا، سەرۆكی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر ڕایگەیاند: ئەمساڵ هیندستانمان وەكو وڵاتی میوان دەستنیشان كردووە، زۆر خۆشحاڵین كە سینەمای هیندستان، میوانی خولی یازدەیەم دەبێت. هیندستان وڵاتێكی سەرمایەدار و دەوڵەمەندە لە بواری سینەمادا و بە فیلمەكانی خۆیان و چەندین چالاكیی فەرهەنگی و هونەریی دیكە، لەم ڕووداوە سینەماییەدا ئامادە دەبن، لە ڕاستیدا ئەم ئامادەبوونە، سەنگ و پێگەیەكی دیكە بە فێستیڤاڵیش دەبەخشێت».

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

«ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر» لە دریژەی قسە‌كانیدا گوتی: «بە شێوەی ڕەسمی لەگەڵ قۆنسووڵخانەی وڵاتی هیندستان لە شاری هەولێر، چەندین كۆبوونەوەمان ئەنجام دا، جێگەی خۆشحاڵیمانە كە سینەمای گرینگی وڵاتێكی وەكو هیندستان، خوازیاری بەشداریی لەم فێستیڤاڵەدا هە بێت، ئەوە بۆ ئێمە وەكو بەرپرسانی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵیش قۆناغێكی گرنگ و دڵخۆشكەر بوو، چونكە لە لایەنی مێژوویی، كۆمەڵایەتی و كەلتوورییشەوە، نەتە‌وەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەی هیند، هاوبەشیی زۆرمان هەیە، لە وڵاتی هیندستان ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار فیلم بەرهەم دێت و بۆ ئێمەش شانازییەكی گەورەیە كە وڵاتێك بەم كلتوور و هونەرە دەوڵەمەندەوە ببێتە میوانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك، لە ڕاستیدا ئەمە بووەتە سەربڵندی بۆ ئێمە».

وەرزش، درووشم و بابەتی سەرەكی یازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك

ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر سەبارەت بە درووشمی فیستیڤاڵ گوتی: «ئەمساڵ بابەتی سەرەكیی فێستیڤاڵ وەرزش و وەرزش بۆ هەموان دەبێت. وەرزش پێگەیەكی باشی لە جیهاندا هەیە، ئەمساڵیش چەندین ڕووداوی گرینگی وەرزشی لە دنیادا بەڕێوەچوو، لەوانە یارییەكانی ئۆڵەمپیای ٢٠٢٤ پاریس لە وڵاتی فەرەنسا، جامی نەتەوەكانی ئەورووپا ٢٠٢٤ لە وڵاتی ئەڵمانیا، كۆپا ئەمریكا ٢٠٢٤ لە وڵاتی ئەمریكا، ئێمەش دوای توێژینەوەی زۆر كە لەگەڵ هاوكارانی خۆماندا كردمان، بەو دەرئەنجامە گەیشتین كە وەرزش بە ناونیشانی بابەت و دروشمی سەرەكی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك دەڵبژێرین».

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

پێشكەش كردنی خەڵاتی «گەڵا مێویی زێڕین» بە براوەكان

حەسەن عارف بەرپرسی ڕاگەیاندنی گشتیی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك سەبارەت بە خەڵاتەكانی ئەم ڕووداوە سینەماییە گوتی: «لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردیی ئەم فێستیڤاڵەوە، تەندیسی گەڵا مێوی زێڕ و زێو، لەوحەی فەخری و خەڵاتی دە هەزار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی پێنج هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی چوار هەزار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی سێ هەزار دولاری بۆ باشترین ئەكتەری پیاو، خەڵاتی سێ هەزار دولاری بۆ باشترین ئەكتەری ژن، خەڵاتی پێنج هەزار دولاری بۆ باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتی 8500 دولاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆك بۆ باشترین كورتە فیلم بۆ پشتیوانی لە سازكردنی پڕۆژەی نوێی دەرهێنەری ئەم بەرهەمە، خەڵاتی دە هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین كورتە فیلم كە لە ناوچەی بادینان بەرهەم هاتووە، خەڵاتی دە هەزار دولاریی پارێزگاری دهۆك بۆ باشترین فیلمی سینەمایی فیلم كە لە ناوچەی بادینان بەرهەم هاتووە، خەڵاتی چوار هەزار دولاریی یەكێتی نووسەرانی كورد بۆ باشترین فیلمی كوردی كە لە دەرەوەی سنوورەكان ساز كرابێت و، هەروەها خەڵاتی سێ هەزار دولاریی ئەنستیتۆ «گۆتە»ی ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی كورت، پێشكەش دەكرێت.

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت

پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە كوردەكان و سینەماكارانی جیهان

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك بە سەرۆكایەتی ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر و بە دەرهێنانی هونەری شەوكەت ئەمین كوركی بە یادی سینەماكاری هەرمانی كورد «یەڵماز گۆنای» دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی «چڵە خورمای» فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «كان»ی فەڕەنسا ساڵی1982 و بە مەبەستی پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە كوردەكان و سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان و، هەروەها ڕەخساندنی ئاڵوگۆڕی كەلتووریی نێوان نەتەوەكانی دنیا دامەزراوە.

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت
یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆك»  بەڕێوە دەچێت
Top