هــــەمــوو ڕۆژێک بۆ خۆشەویستی

هــــەمــوو ڕۆژێک بۆ خۆشەویستی

(*)

ڕۆژی خۆشەویستی یان ڕۆژی هاوڕێیەتی و جەژنی خۆشەویستی ساڵانە لە جیهاندا لە ڕۆژی 14 فەبرایەر (شوبات) یاد دەکرێتەوە وەک هەموو بۆنەکانی دیکە کە هەریەکەیان ڕۆژێکیان بۆ تەرخانکراوە، لەسەرەتادا لە چەند وڵاتێک دەکرا بەڵام ئێستا لە هەموو وڵاتان گرنگی پێدەدرێت و بە شێوەی فەرمی و نافەرمی یاددەکرێتەوە ، لەم ڕۆژەدا لە دونیا خەڵکی خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن بۆ یەکتری ئیتر چی بە نامە گۆڕینەوە یان بەخشینی گوڵێک یان شیرینیەک یان هەرجۆرە دیاریەک بێت لەنێوان دەزگیرانەکان یان براو خوشکەکان یان باوک و دایک بۆ منداڵەکانیان یان هاوسەران لەنێوان یەکتریدا یان خزم و کەس و کار یان هاوڕێیان یان کەسێک دڵی کەسێکی دیکەی ڕەنجاندوە و لەم ڕۆژەدا دیاریەکی بۆ دەبات و دڵی ئاشت دەکاتەوە ، لەبارەی مێژوی ئەم یادەوە و ناونانی بە ڤەلانتاین چەند گێڕانەوەیەک هەیە و هەندێک دەیگێڕنەوە بۆ نزیکەی حەڤدە سەدە پێش ئێستە و هەندێک پێیانوایە هەر ئەفسانەیە ، یەکێک لە گێڕانەوەکان گوایە فەرمانڕەوای ڕۆما لەم ڕۆژەدا گورگێگ شیری پێداوە و هێز و توانا و بەرگریی پێبەخشیوە و لەوڕۆژەدا ئاهەنگ گێڕراوە ، گێڕانەوەیەکی تر پێیوایە ڤالانتاین بتپەرست بوە و وازی لە بتپەرستی هێناوە بووە بەقەشە و لەدوایدا ڕۆمانیەکان کوشتویانە ، بڵاوترین گێڕانەوەش ئەوەیە کە ئیمپراتۆری ڕۆما لەشەڕدا بووە پەیوەندی نێوان ژن و مێردایەتی قەدەغەکردە و لەیەکی دابڕیون و ڕێگری کردوە لە هاوسەرگیری ، بەڵام ئەم قەشە ڤالانتاینە بە نهێنی هاوسەرەکانی گەیاندۆتەوە بەیەک و گڕێبەستی هاوسەرگیری نێوان کوڕ و کچانی ئەنجامداوە ، بۆیە ئیمپراتۆری ڕۆمانی لەڕۆژی چواردەی فەبرایر لەسێدارەی داوە، لەوڕۆژەوە ڤالانتاین بووە بەڕەمزی خۆشەویستی و ئەم ڕۆژەش بوەتە ڕۆژی خۆشەویستی .
لەڕاستیدا ڕونکردنەوە و باسکردنی ئەڤین کارێکی پیرۆزە و هاندەرێکە بۆ بیرخستنەوەی مەزنترین سیفەت و هەستێکی خواکردەی مرۆڤەکان کە ئەویش هەستی خۆشەویستی پاک و خاوێن و جوانە ، چونکە خۆشەویستی ئیمانی ڕاستەقینەیە و ئەهلی بەهەشت ئەهلی خۆشەویستی ڕاستەقینەن و ئەهلی دۆزەخیش ئەهلی ڕق و کینەن ،بێگومان سیفەتی خۆشەویستی یەکێکە لە سیفەتە مەزنەکانی خودای گەورە و یەکێکە لە ڕێگە و هۆکارەکانی بەدەستهێنانی بەهەشت و ئەوەی خۆشەویستی تێدا نەبێت بەهەشت بە چاو نابینێت، چونکە خۆشەویستی واتە لێبوردن و ئاشتیخوازی و ئەو دوو ڕەوشتە جوانەش تەنها لە شوێنکەوتوانی شەیتان و ئەهلی شەڕ بونیان نیە ،
خوای گەورە مرۆڤی زۆر خۆش دەوێت ، باوکە ئادەمی دروستکرد ئەوجا خۆشەویستێکی بۆ دروستکرد ،پاشان خۆشەویستی لەنێو دڵەکانیاندا دروستکرد بۆ ئەوەی خۆشەویستی بڵاوبکەنەوە و سەرزەوی بە خۆشەویستی دابپۆشرێت ، چونکە خۆشەویستی دڵە زیندوەکەی کەون و کائیناتە ، جوداکەرەوەی خێر و شەڕە ، ساڵەح و ناساڵحە ، ویژدان زیندوو و مردووە ، تەنها خۆشەویستیە جیاکەرەوەی ڕەوشت و ئاکارە مرۆڤیەکان و ڕەفتارە دزێو و ناشیرین و خوێنڕشتنی ناو دڕندەکانی دارستانەکان ، مەلائیکەکان تەنها خۆشەویستی دەزانن، شەڕ و خراپە ناناسن ، شەیتانەکانیش خۆشەویستی ناناسن تەنها شەڕ و ڕقو کینە دەزانن ،بێگومان شەیتان لە بنەڕەتدا دوژمنی پەیامی خۆشەویستی یە و لێ ی تێناگات چونکە ئەو سیفەتەی تێدا دروست نەکراوە ،بۆیە شەیتان گەورەترین دوژمنی خۆشەویستی یە و عیشق ی پاک خەوی دەتارێنێ و لەناوبەری خواستە خوێنڕێژی و تاوانکاریەکانیەتی ، فریشتەکان نیشتەجێ ی نیشتیمانی خۆشەویستین و شەیتانەکانیش وێرانکەری وڵاتی خۆشەویستی ، خۆشەویستیش شەیتان سوک و ڕیسوا دەکات و ئاگری تێبەردەدات .
هەموو کتێبە ئاسمانیەکان گرنگیان بە خۆشەویستی داوە و بە پیرۆزیان داناوە ، لەناو هەمویاندا قورئانی پیرۆز تەواوکار وشاگوڵی ناو کتێبە پیرۆزەکان هەموی خۆشەویستیە ، لە هەندێک جێگەدا بە مەوەدە تەعبیری لە خۆشەویستی کردووە ، لە سورەتی المائدة ئایەتی 82 دەفەرموێت : ( لَتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاوَةً لِلَّذِينَ آمَنُوا الْيَهُودَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا وَلَتَجِدَنَّ أَقْرَبَهُمْ مَوَدَّةً لِلَّذِينَ آمَنُوا الَّذِينَ قَالُوا إِنَّا نَصَارَى ذَلِكَ بِأَنَّ مِنْهُمْ قِسِّيسِينَ وَرُهْبَاناً وَأَنَّهُمْ لا يَسْتَكْبِرُونَ )) هەروەها لە سورەتی الروم ئایەتی 21 دەفەرموێت : (وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ) هەروەها لە سورەتی هود ئایەتی 90 دەفەرموێت : (وَاسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوا إِلَيْهِ إِنَّ رَبِّي رَحِيمٌ وَدُودٌ ) ودود بەمانای موحیب و خۆشویستراو هاتووە ، قورئان فەرمان دەکات بە خۆشویستنی نێزیکەکان بێگومان نەوەی ئادەم هەموو لێک نزیکن چونکە هەموو نەوەی پیاوێک کە ئادەم و ژنێک کە حەوا ن ، لە قورپانی پیرۆز ئایەتی 23 لە سورەتی الشورى دەفەرموێت (ذَٰلِكَ الَّذِي يُبَشِّرُ اللَّهُ عِبَادَهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ قُل لَّا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ أَجْرًا إِلَّا الْمَوَدَّةَ فِي الْقُرْبَىٰ وَمَن يَقْتَرِفْ حَسَنَةً نَّزِدْ لَهُ فِيهَا حُسْنًا إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ شَكُورٌ ) فەرمانمان پێدەکات کە ڕق و کینە بگۆڕین بە سۆز و خۆشەویستی ، لە ئایەتی 7 سورەتی الممتحنة دەفەرموێت : (عَسَى اللَّهُ أَنْ يَجْعَلَ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَ الَّذِينَ عَادَيْتُمْ مِنْهُمْ مَوَدَّةً وَاللَّهُ قَدِيرٌ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ ) خودای گەورە زاتی تەعالای خۆی بە لێبوردە و خۆشەویست بەهەموان دەناسێنێت لە ئایەتی 14 سورەتی البروج دەفەرموێت : (وَهُوَ الْغَفُورُ الْوَدُودُ ) ئەم ئایەتانە و چەندان ئاێەتی تر لە قورئانی پیرۆز کە لێرەدا جێگەمان نیە ئاماژە بە هەموویان بدەین، سەرجەمیان باس لە خۆشەویستی خودا بۆ بەندەکانی و پێداگری قورئان لەسەر خۆشویستن دەکەنەوە ، هەروەها خۆشەویستی و ئولفەت و ماناکانی و پێداگری

لەسەر خۆشەویستی زیاتر لە 276 جار لە ئینجیل و تەورات هاتوون .
هەروەها پێشەوای ئیسلام محمد درودی خودای لەسەر بێت دەفەرموێت : ( لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه ) . البخاري ومسلم .
لە فەرمودەیەکی دیکەدا دەفەرموێت: ((والذي نفسي بيده، لا تدخلون الجنة حتى تؤمنوا، ولا تؤمنوا حتى تحابوا، أوَلَا أدلكم على شيء إذا فعلتموه تحاببتم؟ أفشوا السلام بينكم))؛ رواه مسلم

لێرەوە دەتوانین بڵێین خۆشی دەربڕین و ئاهەنگ گێڕان بۆ خۆشەویستی هیچ دژایەتیەکی نیە لەگەڵ پەیامی ئاسمان و مەبەستەکانی شەریعەت ، چونکە ئێمە وەک مرۆڤ پێویستە لەسەرمان خۆشەویستی پاک و خاوێن دەرببڕین بۆ هەموو مرۆڤەکان بە شێوەیەکی گشتی و هاوئاین و هاوڵاتی و هاونەتەوەکانمان بە شێوەیەکی تایبەتی ، تەنانەت ژیان بە بێ خۆشەویستی نێوان پیاو و ژن بەردەوام نابێت ، خۆشەویستیەکی ڕاستگۆیانە دور لە ئارەزووە شەیتانیەکان، بێگومان خۆشەویستی مرۆڤ جوان دەکات ، پێیدەگەیەنێت ، گەشەی پێدەکات ، ڕەوشت و ئاکاری پاڵفتە دەکات، ڕق و کینە و کەڕاهیەت مرۆڤ دەچروکێنێتەوە و دزێو و ناشیرینی دەکات دوژمنانی خۆشەویستی دوژمنی ئاسمانن ، ئەوانە بڵاوکەرەوانی فەسادن، ئەوانە شوێنکەوتوانی شەڕوخراپە وشەیتانن ، ڕەحمەتی پەروەردگار نایانگرێتەوە ، بەداخەوە دژایەتی ڕۆژی خۆشەویستی دەکرێت بەهۆی ئەوەی بەرانبەرە بە ڕۆژی یادکردنەوەی کوشتنی ڤالانتین کەئەمەش ناکاتە ئەوەی ئێمە لەم ڕۆژەدا دژایەتی خۆشەویستی کەفەرمانی خودایە بکەین لەبەر دەمارگیری و ڕق و کینە .
، خودا خودای خۆشەویستیە و خۆشمانی دەوێت و خۆشەویستیمان تێدادەڕوێنێت و فێری خۆشەویستیمان دەکات
یادی خۆشەویستی لە ئەوینداران پیرۆز بێت، هەمووڕۆژێکتان پڕ بێت لە ئەڤین

 

(*)مەلائیدریس ژاڵەیی

 

Top