بابان بەشداری خولی عێراقیش دەكات

بابان بەشداری خولی عێراقیش دەكات

بابان بەشداری خولی عێراقیش دەكات
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی بابانی پارێزگای سلێمانی ئەمساڵ بەشدارە لە یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، هەر چەندە یانەكە تاكە ئامانجی بۆ ئەم وەرزە مانەوەیە لە خولی پلە یەكەكانی كوردستان، لە قۆناغی دووەم یانەكە گۆڕانكاری ڕیشەیی لە یانەكە كردوە بە ڕۆیشتنی 12 یاریزان و هێنانی ژمارەیەك یاریزان بۆ ئەوەی تیپەكە ببەنە قۆناغێكی باشتر، جگە لەوەش یانەكە بەشداری خولی عێراقیش دەكات، لەم بارەیەوە بگار ئەنوەر یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی بابان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" لەقۆناغی یەكەم ئەنجامەكانمان وەكو پێویست نەبووە بەهۆی ئەوەی نەمانتوانی لەكاتی خۆی تیپەكە ئامادە بكەین هەر چەندە ڕاهێنەریش زوو دەست نیشان كرا، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەهیمەتی هەموو لایەك توانیمان گۆڕانكاری ڕیشەیی بكەین و 12 یاریزان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە، جگە لەوەش ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ نۆ یاریزانی تازە كردوە لە سێ‌ یاری سەرەتای قۆناغی دووەم دوویاریمان بردۆتەوە و یەك یاریش یەكسان بووینە، ئامانجی یانەكە لەم وەرزە لە خولی پلە یەك تەنیا مانەوەیە و گەیشتنە بە ریزبەندەكانی پێشەوەی خولەكە، لە ئێستادا ئامادەكاری دەكەین بۆ بەشداری كردن لە خولی پلە دووی یانەكانی عێراقی وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی سێ دەست پێ بكات، دەمانەوێ لەم خولەش ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، جێگای ئاماژە پێكردنە لە خولی پلە یەكی كوردستان یانەی بابان لە كۆی ئەنجامدانی 10 یاری خاوەنی 11خاڵە لەناوەڕاستی ریزبەندی یانەكان دێت.
كارزان كانەبی

Top