كاراتێ یارییەكی شەڕانگێزی نییە
سانا سەربەست یاریزانی كاراتێ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
یانەكانی پارێزگای سلێمانی هەموو كات پێشەنگ بوونە لە دروست كردنی یاریزانی یارییە تاكەكان، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەرجەم یارییە جۆراوجۆرەكان، تیپی كاراتێ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەكاتی كردنەوەی پاڵەوانێتیە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، سانا سەربەست-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1999ی پارێزگای سلێمانی و ئێستاش بەردەوامە لەگەڵ تیپەكەی ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* چ بڕیارێك وای لێ كردی بێتە نێو جیهانی وەرزشییەوە؟
-هەر لە منداڵیەوە حەزێكی تایبەتم هەووە بۆ وەرزش كردن و چاڵاك بوون.
*لە نێو ژماریەك وەرزشی جۆراوجۆرە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- یەكەم هۆكاری من بۆ هەڵبژاردنی یاری كاراتێ ئەو ڕێزگرتنە بوو كە فێری یاریزانی دەكات، لە مەنداڵیەوە ئارەزووی تێكەڵبوونی هونەرە جەنگییەكانم هەبووە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
-كاراتێ یارییەكی شەڕانگێزی نییە و تەنها فێری بەرگریكردن لە خۆت و ئارام گرتنت دەكات، ڕاستە قورسە بەڵام هەر ئەو قورسیە هێزێكی زۆرمان پێ دەبەخشێ بۆ بەردەوامبوون و باوەڕبەخۆ بوون.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە كاتی ئێستادا یارییەكی پێشكەوتوو جیهانییە و لە كوردستانیش گرنگیەكی باشی پێدراوە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-پێویستە گرنگی بەوە بدرێ كە پاڵەوانێتی زیاتر بكرێتەوەلە ناوەخۆ و، گرنگی زیاتر بە یاریزان و تێچووەكانی بدرێت بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بۆ ئەویە ئێمەش وەك ووڵاتانی تر پێشبكەوین.
* دەلێن بەشێك لە یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە بگرە تیپیان هەر نییە ؟
-ڕاستە بەڵام لە ئێستادا لە بەشێك لە یانەكانی گرنگی باش بە كچان دەدرێت و بەخۆشحاڵیەوە ژمارەی یاریزانانی كچ زیاتر بووە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-دەمەوێ بەردەوام بم و ئاستی خۆم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بەشداری لە پاڵەوانێتیە جیهانییەكاندا بكەم..
*سەركەوتن چ هەستێك بە یاریزان دەبەخشێ؟
-بۆ ئێمەی یاریزان كە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەن و خۆمان ماندوو دەكەین، سەركەوتن بۆ ئێمە چێژێكی تایبەتی هەیە و ماندوو بوونمان لە بیر دەباتەوە.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هیچ كەسێك ئێمە هەموومان هاوڕێ یەكترین و هەوڵ بۆ سەركەوتن دەدەین.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- هیوادارم لە داهاتوودا ئەنجامی هەوڵەكانم ببینمەوە و بگەمە ئاستێك كە ببمە مایەی شانازی بۆ وڵاتەكەم و ڕاهێنەرەكانم.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-چونكە كچان ڕێگری زیاتریان هەیە لە ڕووی كۆمەڵگە و خێزانییەوە، هیوادارم لە داهاتوو ئەو ڕێگریانەش نەمێنێ و بەڕاستی لە یارییەكە تێبگەن.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لە یانەكانی تر؟
-من گرێبەستم لەگەڵ نادی پێشمەرگەی سلێمانی هەیە لە داهاتووشدا لەگەڵیان بەردەوام دەبم، چونكە پێم اویە باشترین جێگایە بۆ پێشكەوتنی یاریزان.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
- سوپاسی خێزانەكەم دەكەم هەموو كاتێك پشتگیریان كردم و هەمیشە هانم دەدەن بۆ ئەنجامی باشتر و متمانەیان پێم هەیە.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاسی تایبەتی ئێوە دەكەم كەوا گرنگی بە جیهانی وەرزشی دەدەن، سوپاس بۆ ڕاهێنەری تیپەكەمان زۆر ماندووە لەگەڵمان و هەوڵی بەرەوپێشچوونی یاری كاراتێ دەدات لە كوردستان سوپاس بۆ یانەی پێشمەرگە بۆ خزمەتی ئەم یارییە.