مەزڵووم ئورفەیی ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   چەكدارانی پەكەكە بارودۆخی داراییان زۆر خراپە و سەرانە لە خەڵك وەردەگرن

مەزڵووم ئورفەیی  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     چەكدارانی پەكەكە بارودۆخی داراییان زۆر خراپە و سەرانە لە خەڵك وەردەگرن

 

 

شوێنی ڕاستەقینەی پەكەكە باكووری كوردستانە، بەڵام قەندیلی لە باشووری كوردستان داگیر كردووە و بووەتە سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان و چەندین جار پەلاماری هێزی پێشمەرگەی داوە، ماوەیەكیشە بە شێوەی گرووپ لە چەندین شوێنی كوردستان دەردەكەون، كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی درۆنەكانی توركیا بۆردمانی ئەو شوێنانە بكەن. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەزڵووم ئورفەیی ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* ئایا پەكەكە لایەنێكی نەتەوەیی كوردستانییە، یان لەو بەرنامە و پەیڕەوە دوورە؟ بۆچی باكووری كوردستان كە شوێنی ڕاستەقینەی ئەوانە و چیاكانی باكووری كوردستانیش لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن، كەچی هاتوونەتە باشووری كوردستان و بەم هۆیەوە سوپای توركیایان ڕاكێشاوەتە هەرێمی كوردستان؟

- چەكدارانی پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییان بۆ كوردستان نەبووە، بەڵكو لەسەر بیر و پڕۆگرامی چەپ دروست بوون، ئەو لایەن و پارتە كوردستانییانەشیان خۆش ناوێت كە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەوڵ دەدەن، هەر ئەمەشە وای كرد، پەلاماری هەرێمی كوردستان بدەن و قەندیل و چەند ناوچەیەكی سنووری داگیربكەن، بەم هۆیەشەوە بوونەتە هۆكاری پەلكێشكردنی سوپای توركیا بۆ ناو هەرێمی كوردستان. چەكدارانی پەكەكە زیاتر لە دە ساڵ دەبێت بە فەرمانی هەڵە و ڕەفتاری خراپی سەركردەكانیان دەجووڵێنەوە و توانایی شەڕی سوپای توركیاشیان نییە، بەڵكو مەبەستیان تەنیا نانەوەی كێشە و گرفتە بۆ هەرێمی كوردستان. بەو ڕەفتار و كارە خراپانەی كە دوورە لە هزری نەتەوەیی و كوردستانی پەكەكە سەلماندوویانە كە نایانەوێت هێمنی و سەقامگیریەیی لە هەرێمی كوردستان بەرقەرار بێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 1991 كە لە ڕژێمی بەعس ڕزگاری بوو، بووەتە پەناگە و ماڵێكی گەورە و ئاسوودە بۆ هەموو كوردێكی هەر چوار پارچەی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان كە باكووری كوردستانە، لەوێش چیا و شاخی زۆر سەختتر و بەهێزتری هەیە لەوەی لە باشووری كوردستان هەیە، بەڵام چەكدارانی پەكەكە بەتایبەت سەركردەكانیان لەپێناو مانەوە و بەرژەوەندیی كەسێتی خۆیان، چەندین كەسیی هەژار و نەتەوەیان هەڵخەڵەتاندووە، بە شێوەی گرووپ گرووپی چەكداری لێرە و لەوێ لە باشووری كوردستان لە چەند دەڤەر و شوێنێك جموجووڵی بێمانایان پێ ئەنجام دەدەن. چەكدارانی پەكەكە هۆكاری ئەوەن سوپای توركیا پەلكێش بكەنە ناو سنووری هەرێمی كوردستانەوە، بەمەش زیاتر لە (600) گوند چۆڵ كراوە، لە ناوچەكانی سلێمانی نائارامی و پشێوییان دروست كردووە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا درۆنەكانی توركیا ناحیەی تەكیە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیانیان بۆردمان كردووە، لە هەفتەی ڕابردوو چەند گوندێكی سنووری قەزای ماوەتیشیان بۆردمان كرد. هەموو ئەم كردارانەی پەكەكە تەنیا بۆ ئەوەیە بەپێی ویست و خواستی ئاغاكانیان و حەشدی شەعبی هەڵسوكەوت بكەن كە چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنایەت.

* بۆچی پەكەكە پڕۆسەی ئاشتی كە جەنابی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری بۆ كرد و ویستی كێشەی چەكدارانی پەكەكە لەگەڵ توركیا بە دیاڵۆگ چارەسەر بكات، لەباریان برد؟

- لە مەنهەج و بەرنامە و پڕۆگرامی پەكەكە بە هیچ شێوەیەك دیالۆگ و گفتوگۆ جێگای نابێتەوە، چونكە باوەڕیان وایە كە ئاشتی هەموو مەرام و مەبەستەكانیان لەناو دەبات. ئەگەرچی دەزانین ئێستا سەردەمی دیالۆگە و هیچ شتێك بە شەڕ نایەتەدی، بۆ ئەوەی میللەتی كوردی باكووری كوردستان چیتر تووشی نەهامەتی و شەڕ و كوشتن نەبێتەوە، جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی نەتەوەیی دەستپێشخەری كرد و هەوڵێكی زۆری دا، كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكات، كەچی چەكدارانی پەكەكە بەتایبەتی سەركردەكانیان زانییان بەو ڕێگایە بەرژەوەندییەكانیان نامێنێت، بۆیە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كوردیان ڕەت كردەوە. لەلایەكی دیكە پەكەكە و سەركردەكانیان لە دامەزراندنیانەوە دژایەتیی خۆیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو ڕێبازە شۆڕشگێڕی و نەتەوەییەی ماڵباتی بارزانی دەربڕیوە، بۆیە زیاتر دژایەتیی ئەو پڕۆسەی ئاشتییەیان كرد كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەنگاوی گەورە و پراكتیكی بۆ نابوو، سەرەڕای ئەمەش بە فیتی سەركردەكانی پەكەكە شەڕێكی ماڵوێرانی بە ناوی شەڕی خەندەقیان لەگەڵ سوپای توركیا لە ناو گوند و شارەكانی باكووری كوردستان نایەوە، كە بووە هۆی ئەوەی بە دەیان و سەدان خەڵكی باكووری كوردستان بكوژرێن و لەسەر ماڵ و گوند و شوێنی خۆیان كۆچ بكەن، كە ئەم شەڕە لە مێژووی باكووری كوردستان كەم وێنە بووە لە خوێناویبوون و ماڵ كاوڵبوون بۆ كوردانی باكووری كوردستان، لە ئەنجامیشدا پڕۆسەی ئاشتییەكە سەری نەگرت.

* هۆكار چییە پەكەكە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە خۆی لەچەند گرووپێكی چەكدار دەبینێتەوە، بەتایبەت لە هەندێ ناوچە و دەڤەری باشووری كوردستان؟

- چەكدارانی پەكەكە توانایی سەربازی و شەڕیان نەماوە، بەتایبەتی شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ سوپای توركیا كە سوپایەكی پڕ چەك و بەهێزە، هەروەها لەو پیلان و ڕەفتارانەیان دەرهەق بە هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبوون، لە سایەی حيكمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی كە فەرمووی شەڕی كورد و كورد حەرامە و بە هیچ جۆرێك نابێت ئەمە ڕوو بدات. هەر چەندە چەندین جار چەكدارانی پەكەكە كێشە و گرفتیان بە مەبەستی شەڕكردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوەتەوە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی پارتی و كوردستان وایان كردووە، بەریەككەوتن لە نێوانیان دروست نەبێت، بەڵام چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە دانانی بازگە و نانەوەی كێشە لە بەردەمی هێزی پێشمەرگە كە شەهید و برینداریش لە هێزی پێشمەرگە بووە. هەموو ئەوانە و بەرژەوەندییە كەسییەكانی سەركردەكانی پەكەكە وای كردووە، لە چەندین ناوچە و دەڤەر بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەی گرووپی بچووك دەربكەون، ئەم ڕەفتار و كردەوانەشیان تەنیا بۆ ئەوەیە كە هێمنی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بشێوێنن و كێشە و گرفتی بۆ دروست بكەن. ئەو ڕەفتارە خراپانەی چەكدارانی پەكەكە لە باشووری كوردستان ئەنجامی دەدەن، بە پاڵپشتیی داگیركەرانی كوردستانە، بەتایبەتی بە فیت و پیلانی ئێران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و وڵاتانی دیكەی هەرێمایەتییە.

* ئایا بارودۆخی دارایی و لۆجستیكی پەكەكە لە ئێستادا چۆنە؟

- ئێستا بارودۆخی دارایی چەكدارانی پەكەكە زۆر خراپ و سەختە و لە ڕووی ئازووقە و چەك و تەقەمەنیش بەو جۆرە نییە كە شایانی باسكردن بێت. پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندنی تا چەند ساڵێك پێش ئێستا، پەناهەندەكانی كووردی باكوور، بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەسكندەناڤی نیشتەجێن، مانگانە یارمەتی و هاوكارییان كۆدەكردەوە و بۆیان ڕەوانە دەكردن، ئێستا ئەو هاوكاری و یارمەتییەی كوردانی ئەوروپا زۆر كەم بووەتەوە، چونكە ڕێكخستن و پەناهەندەكانیش بۆیان دەركەوت كە پەكەكە ئەو لایەن و پارتە نییە، كار بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان بكات. هاوكات پەكەكە هەندێك بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی وەك چین و ڕووسیا ئەنجام دەدا، ئێستا ئەوەش نەماوە، هەر بۆیە چەكدارانی پەكەكە لە ڕێگای ئەو گرووپانەیان بە چەندین شێوە پارە و پێداویستی كۆدەكەنەوە، بەتایبەتی بە وەرگرتنی سەرانە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، لەو شوێن و بازگانەی كە كاسبكاران بەكاری دەهێنن كە بازگەی فەرمی نین.

پەكەكە لە ئێستادا وەك تاقم و گرووپێكی چەكداری لە ناوچەكەدا لە ئامادەباشیدایە بە فیت و پیلانی وڵاتانی داگیركەری كوردستان وەك ئێران و ڕژێمی سووریا و حەشدی شەعبی و وڵاتی دیكەش لە هەر شوێنێك پێویست بكات، یان فەرمانیان پێ بكەن، شەڕ و كێشە و پشێوی بۆ حكومەت و دامودەزگا شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بنێنەوە، كە ئەمەش تەنیا مەبەستیان چاوهەڵنەهاتنە بەو پێشكەوتن و ئاوەدانییەی لەو هەرێمە فیدڕاڵ و سەقامگیرەی كوردستان هەیە. نموونەیەك لەو كارە قیزەونانەی پەكەكە لەوبارەوە دەخەمەڕوو. چەكدارانی پەكەكە هیچ كار و ئیشێكیان لە شنگال نییە و ڕێككەوتنێك بۆ ئاودەانكردنەوە و ئاساییكردنەوەیی سنوورەكە لە نێوان حكومەتی كوردستان و بەغدا هەیە، تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، ئەمەش بە هۆی مانەوە و چۆڵنەكردنی ناوچەكەیە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە، لەو پیلانەشدا بە هاوكاری و پشتگیریی حەشدی شەعبییە هەر بەو هۆیەشەوە زیاتر لە هەزار چەكداری پەكەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە مووچەو هاوكاری و یارمەتی لۆجستێكی وەردەگرن.

* ئایا پەكەكە پابەندە بە بنەماو مەرجەكانی ماڤی مرۆڤ، چونكە لەوەتەی هەندێ شوێن و ناوچەیان لە باشووری كوردستان داگیر كردووە، هەوڵی بەردەوام بۆ هەڵخەڵەتاندن و چەكداركردنی كچ و كوڕانی خوار تەمەنی 18ساڵانە لە باشووری كوردستان دەدەن؟

- چەكدارانی پەكەكە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیان پابەندی بنەماكانی ماڤی مرۆڤ و میساق و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەبوون. چونكە كار و ڕەفتاری زۆر دیاریان بەتایبەتی لەناو ڕێكخستنەكانیان هەڵخەڵەتاندنی كوڕ و كچانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵان بووە و چەكداریان كردوون، ئەو ڕەفتارەیان تا ئێستاكەش بەردەوامە، بەتایبەتی لەناو باشووری كوردستاندا كە ئەو كوڕ و كچانە لەپاشان چەكدار دەكەن و ناهێڵن دایك و باوك و خانەوادەكانیان سەردانیشیان بكەن. هەروەها هەر كەسێك یان چەكدارێكی پەكەكە بیەوێت ڕیزەكانیان بەجێبهێلێت، ڕێگری لێدەكەن، زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەش ئەو كەسانەی دەیانەوێت وازبێنن، دەیانكوژن و ئەو كەسانەی لە دەرفەتێك لەناو پەكەكە هەڵاتوون، لەهەر شوێنێك بۆیان بگونجێت، دەیانكوژن.

*  بۆچی پەكەكە كێشە بۆ كەمپی مەخموور دروست دەكات؟

- ماوەی چەندین ساڵە لە سایەی حكومەتی كوردستان و چاودێری و هاوكارییەكانیان، كەمپی مەخموور بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ حەوانەوەی كوردانی باكوور، هەر لەوێشەوە كوڕ و كچانی ئێمەی كوردی باكوور توانیویانە درێژە بە خوێندن و كار و كاسبی بدەن و چەندین كەسمان لە كوڕ و كچان توانیویانە قۆناغەكانی خوێندن تا زانكۆش تەواو بكەن، چەكدارانی پەكەكە ئەو ڕاستییە دەزانن كە ئەوانەی لەو كەمپە دەژین، جارێكی دیكە مەیل و سۆزیان بۆیان نابێت، بۆیە ماوەیەكە بە فیتی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دەیانەوێت كێشە و گرفت و پشێوی بۆ كەمپی مەخموور دروست بكەن، بە مەبەستی ئەوەی بیخەنە بەردەستی میلیشیاكانی عێراقی كە سەر بە ئێرانن.

 

Top