د. جەمیل عەلی ڕەسووڵ سوورچی پسپۆڕ لە فیقهی بەراورد، ڕاگری كۆلیژی زانستە ئیسڵامییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و گەل شتێكی خۆڕسكە لە ناخی مرۆڤەكان، ئایینی ئیسلامیش بە چەندین دەقی پیرۆز پاڵپشتی لێ كردووە

د. جەمیل عەلی ڕەسووڵ سوورچی  پسپۆڕ لە فیقهی بەراورد، ڕاگری كۆلیژی زانستە ئیسڵامییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:     خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و گەل شتێكی خۆڕسكە لە ناخی مرۆڤەكان، ئایینی ئیسلامیش بە چەندین دەقی پیرۆز پاڵپشتی لێ كردووە

 

 

گەلی كورد لە دێرزەمانەوە پابەندی ئایینی ئیسلامە و بە پاكی و هەستی بەرز خزموتی ئیسلامی كردووە، بەڵام لە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، فۆڕمێكی تازە لە جیهانی ئیسلامی دروست بوو، كە بەمەش موسڵمانان تووشی دابەشبوون هاتن و گرووپ و كەسانێ پەیدا بوون كە دەیانەوێت جارێكی دیكە گەلی كوردستان وەك ئەوەی موسڵمان نەبێت، موسڵمانی بكەنەوە. هەروەها لایەن و كەسانێك هەن، ڕێز لە نەتەوە و خاك و پیرۆزییەكانی نیشتمان ناگرن. بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە و چەندین پرسی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتۆر جەمیل عەلی ڕەسووڵ سوورچی ڕاگری كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجام دا.

 

* گەلی كورد لە دێرزەمانەوە پابەندی ئیسلام بووە و هەمیشە بە پاكی هەستی بەرزی دینداری خزمەتی ئیسلامی كردووە و، قەت ئایینی بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێناوە، بەڵام لە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، فۆڕمێكی تازە لە جیهانی ئیسلامی دروست بوو، موسڵمانان تووشی دابەشبوون بوون. ئایا تاچەند ئەم دابەشبوونە خزمەتی بە ئیسلام كردووە؟

-  بە دڵنیاییەوە گەلی كورد هەر لەو كاتەی كە ئایینی ئیسلامی قبووڵ كردووە بە شێوەیەكی ڕاست و دروست پابەندی ئیسلام بووە، خزمەتی زۆریشی پێشكەش كردووە. مێژوو و پەرتووكخانەی ئیسلامیش گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن. لەلایەكی دیكەوە تا ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی فۆڕمێكی تایبەت هەبوو لە جیهانی ئیسلامی، دواتریش فۆڕمێكی جیاواز دروست بوو، كە بە تەئكید پەرتەوازەیی و دابەشبوونی موسڵمانان بە سەر گرووپ و ئایدیای جیاوازدا، زیانی زۆری لە موسڵمانان داوە لە نێویشیاندا گەلی كوردی موسڵمان. پێموایە پێشتر دوور لە مەرامی سیاسی هەموویان كاریان دەكرد بۆ خزمەتی ئیسلام، ڕەنگە دواتر دەستی دەرەكی و تێكدەر زۆر جار چەندین گرووپیان بەكار هێنابێت بۆ ئەجێندا و بەرژەوەندیی خۆیان، كە دابەشبوون بەسەر چەندین بەرەو و ئاڕاستەی جیاواز بووە، ئەمەش دابەشبوونی كۆمەڵگەی بەدوای خۆیدا هێنا و زیانی زۆری لە هەمووان دا، تا ئێستاش ئەم شێوازە بەردەوامی هەیە.

* ئێمەی كورد وەك گەلێكی موسڵمان، خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانێتی و كوردایەتین و چەندین زانای گەورەی ئیسلامیمان هەیە، هەر لە ئەحمەدی خانی تا دەگاتە مەولەوی و نالی، ئایا تا چەند گرینگە ئەم مێژووە فەرامۆش نەكرێت و نەشێوێندرێت؟

-  گەلی كورد خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەندە، بەتایبەت لە پاش موسڵمانبوونی، سەلمێنەری ئەم ڕاستییە، بریتییە لە بوونی نووسەری گەورە كە بەشداربوون لە دروستكردنی شارستانیی ئیسلامی و خزمەتی گەورەیان پێشكەش كردووە بە زانستە ئیسلامییەكان، وەك ئیبنولئەسیر، ئیبنولخەلەكان، ئیبنولحاجیب و ئیبنولسەلاحی شەهرەزووری و دەیان سەركردەی عەسكەریشیان هەبووە كە خزمەتی دەوڵەتی ئیسلامییان كردووە، كە دیارترینیان سەڵاحەدینی ئەیوبی بووە. لە مێژووی كۆن و هاوچەرخیش دیوان و شیعری ئەدیب و شاعیرەكانمان وەك ئەحمەدی خانی، مەلای جەزیری، مەولەوی، مەحوی، نالی و بێخود، گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن، هەروەك سەركردە و شۆڕشگێرەكانمان دەرچووی مزگەوت و حوجرەكان بوون، وەك شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، پێویستە مێژووی پرشنگداری خۆمان لە بیر نەكەین و پابەند بین بەم كەسە مەزن و خاوەن شكۆیانە و ڕۆڵەكانمان ئاشنا بكەین بە ڕابردووی پاكی خۆمان، بۆ ئەوەی كەسانی قین لە دڵ نەتوانن مێژوومان بشێوێنن و ڕۆڵەكانمان تەفرە بدەن، ئەمەش ئەركی ئێستای دەسەڵاتدارانی كوردە بۆ ئەوەی گەلەكەمان بەرانبەر نەیار و دوژمنانی بە سەربەرزی بمێنێتەوە.

* بەپێی ئەو بیروباوڕانەی دروست بوون، دەركەوتووە كە بەشێك لەوانەی هەڵگری ناسنامەی ئایینن، بایەخ بە پرسی خاك و نەتەوە نادەن، ئایا سڕینەوەی ئینتیما، یان پەراوێزخستنی پیرۆزییەكانی نیشتمان كارێكی ڕەوایە؟

-  خۆشەویستیی خاك و نیشتیمان و گەل شتێكی خۆڕسكە لە ناخی مرۆڤەكان، ئایینی ئیسلامیش بە چەندین دەقی پیرۆز پاڵپشتی لێ كردووە. لە بەر ئەوە ناكرێت مرۆڤ حاشا لەو ڕاستییە بكات، هەر كاتێكیش هەر گرووپ و حزبێك لەژێر هەر ناوێك كەمتەرخەمی بەرانبەر ئەم ئەركە پیرۆزە بكات، ئەوە زیان بەو كەسانە دەگەیەنێت كە گوێڕایەڵی دەبن، چونكە دووریان دەخاتەوە لە فیترەتی ڕاستەقینەی خۆیان و كارەساتی گەورەی لێ دروست دەبێت بۆ دواڕۆژ، لەبەر ئەوە پێویستە ڕۆڵەكانمان ڕابێنین لەسەر خۆشەویستییان بۆ نیشتیمان و بوونی ئینتیما بۆ خاكیان بۆ ئەوەی خزمەتی بكەن و لە كاتی پێویست بەرگری لێ بكەن، بۆ ئەوەی گەلەكەمان بە زیندوویی بمێنێتەوە و دوژمنان نەتوانن لەم ڕێگەوە لەناومان ببەن.

* هەندێ جار زیانی گەورە لە گەلی كورد دراوە و ویستوویانە پێگەكەشی لەكەدار بكەن و نیشانەی پرسیار لەسەر موسڵمانێتیی كورد دابنێن. ئایا ئیسلام تەنیا ئەوەیە لە دەلاقەی گرووپێكەوە پێناسە بكرێت، یان مەبەست و ئەجێندای دی لەپشت ئەو جۆرە دەست و هەوڵانە هەیە بۆ شكاندنی كورد و دروستكردنی لەمپەر لە بەردەم گەیشتن بە مافەكانی؟

- بەداخەوە ئەو برایەتییەی كە ئیسلام دایناوە لە نێو گەلانی موسڵمان و سەركردە و سیاسییانی گەلانی دیكە كە دراوسێی كوردن، لە ڕابردوو و ئێستاشدا وەك پێویست ڕەچاوی ناكەن، بەڵكو بەردەوامن لە چەوساندنەوەی گەلەكەمان و داگیركردنی خاك و نیشتمانی و ڕێگە نادەن بە گەلەكەمان بۆ ئەوەی بە ئازادی لە سەر خاكی خۆی بژی و وەك گەلانی دیكەی موسڵمان خۆی حوكمی خۆی بكات، لەگەل ئەوەشدا زۆر جار ئایینیان وەك چەك بەرانبەر بە گەلی ئێمەی موسڵمان بە كارهێناوە و لەژێر ئایەتە پیرۆزەكانی قورئانی پیرۆز بڕیاری كوشتن و ئەنفالكردنیان بۆ دەركردووین، ئەمەش بەڕاستی تیرۆرێكی سیاسییە كە دەوڵەتانی دراوسێ بەرانبەرمان بەكاری دێنن، كە لە هیچ شوێنێكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام جێگای نابێتەوە. ئایین خۆی دوورە لەم كارە ناشیرین و ستەمكارەی ئەوان. بەڵام دیار و ڕوونە كە ئیسلام ئایینێكی جیهانییە و قەتیس كراو نییە تەنیا لەسەر نەتەوەیەك، یان گرووپێك، یان ڕەوتێك، تا تەنیا خۆیان بە خاوەنی بزانن و چۆنیان بوێت بەو شێوازە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان تەفسیری بكەن و فەتوای بەناوەو بدەن، بۆ ئەوەی نەتەوەیەك ناشیرین بكەن و مێژووەكەی بشێوێنن.

* باس لە بەرهەمهێنانی توندوتیژی و تیرۆر دەكرێت، هەندێ گرووپی توندڕەو پەیدا بوون، هەوڵی چاندنی تۆوی توندوتیژی و ئیرهاب لە كۆمەڵگە دەدەن‌، ئەم توندوتیژییە تاچەند كۆمەڵگە بەرەو ناسەقامگیری و كاولبوون دەبات؟

-  كۆمەڵگەی ئێمە لە كۆنەوە ئایینی ئیسلامی بە فۆڕمێكی دروست وەرگرتووە، لەبەر ئەوە لە ڕابردوو لە كوردستان هیچ توندوتیژییەك بە ناوی ئایینەوە لەنێو پێكهاتەكان دروست نەبووە و، كەس تۆمەتی تەكفیری بەرانبەر كەسێكیتر بەكار نەهێناوە بۆ ئەوەی خوێن و ماڵی حەڵاڵ بكات. بەداخەوە لەم دواییانەدا چەندین گرووپ و ڕەوتی توندڕەو دروست بوون كە ئەگەر دەستیان بڕوات خەڵكیتر تەكفیر دەكەن وسەر و ماڵیان حەڵاڵ دەكەن و هەرێمەكەمان بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن، ئەمەش نامۆیە بە ڕابردووی گەلی كوردستان و خودی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە بەر ئەوە لێرەدا گرینگیی بوونی قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆ و كۆلێژ و ناوەندە زانستیەكانی فەرمی پەیوەست بە ئایین بە دیار دەكەوێت بۆ دروستكردنی مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بە شێوازێكی ئەكادیمی و میانڕەو و دوور لە هزری توندڕەوی لە كوردستان.

* خاڵێكی دیكەی مەترسیدار لە گرووپە توندڕەوەكان مەسەلەی دووبارە تەفسیركردنەوەی «فەتوا»دانە، فەتوادانی بێ بنەما و بۆ چەواشەكاریی خەڵك، ئایا ئەمە بێماناكردنی فەتوا و دروستكردنی ئاژاوەوە نییە لە كۆمەڵگە؟

-  فەتوا لە ڕوانگەی ئیسلام بریتییە لە خستنەڕووی بۆچوونی شەرعناسان سەبارەت بە پرسێكی دیاریكراو لە دیدگای شەریعەت و فیقهی ئیسلامییەوە، بۆیە زانایانمان لە كۆن و ئێستادا زۆر بە گرینگی دەڕواننە فەتوا، زۆر بە هەستیاریشەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن، چونكە فەتوا پەیوەستە بە مافەكانی خەڵك، لە بەر ئەوە دەبینین لە هەموو كتێبەكانی پەیوەست بە بنەماكانی فیقهی ئیسلامی وەك بابەتێكی سەرەكی و هەستیار باسی لێوە دەكرێت، بەڵكو هەندێك پەرتووكی تایبەت بەم بابەتە نووسراون، كەسی موفتی چەندین مەرج و ئادابی زۆر قورسی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی مەرامی شەخسیی خۆی تێكەڵ بە فەتوا نەكات و لە ڕوانگەی دەقە پیرۆزەكانەوە فەتوا بدات، لە بەر ئەوە بە هیچ شێوازێك فەتوا نابێت بە سیاسی بكرێت. هەر فەتوایەك كە مەرامی سیاسی لە دواوە بێت، فەتوایەكی دوورە لە ڕۆح و مەبەستەكانی دەقە پیرۆزەكانی ئیسلام، لە بەر ئەوە پێویستە دامودەزگاكانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی كاروباری ئایینی كەسانی بژاردە و شیاو لە ڕووی زانستییەوە ڕابسپێرن بۆ ئەم ئەركە قورسە، هەروەها هەموو ئەو كەس و لایەنانە قەدەغە بكەن لە فەتوادان كە مەرج و پێویستییەكانی فەتوادانیان تێدا نییە، چونكە هەر كاتێك كەسانی نەشیاو لە ڕووی زانست و دانایییەوە دەستیان بۆ فەتوا برد، ئەوە لە گرینگی و پێگەی فەتوا كەم دەكەنەوە و ڕووی جوانی ئایین لە پێش چاوی خەڵك ناشیرین دەكەن، وەك زۆر جار كەس و گرووپە توندڕەوەكان لە ڕێگەی فەتواوە سەر و ماڵی خەڵكیان حەڵاڵ كرد و كێشە و ئاژاوەی زۆریان دروست كرد بۆ كۆمەڵگە و، ئەمن و ئەمانیان تێكدا بە ناوی ئایینەوە كە ئایین خۆی دوورە لەم جۆرە فەتوایانە.

 

Top