ئایا دەرمانی میتفۆرمین گونجاوە بۆ دابەزاندنی كێش؟

ئایا دەرمانی میتفۆرمین گونجاوە بۆ دابەزاندنی كێش؟

 دەرمانی میتفۆرمین Metformin وەكو یەكەم كۆرس بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم بەكاردێت. بەكارهێنانی متیفۆرفین جگە لەوەی كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، گەلێك جار بۆ دابەزاندنی كێشی لەش ئەنجامی باشی دەبێت، بەمەرجێك بە بڕیار و چاودێریی دكتۆر بێت. میتفۆرمین بە دوو ڕێگە هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش: یەكەم، كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن كە دەرەنجام دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دروستبوونی شەكری گلوكۆز، لە جگەر و كەمبوونەوەی هەڵمژینی شەكر لە خۆراكەوە، هاوكات لەگەڵ باشتركردنی مامەڵەی لەش لەگەڵ هۆرمۆنی ئینسولیندا، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ كەمبوونەوەی كێشی لەش. دووەم، كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن، یان كەمبوونەوەی هەستی برسیبوون بە زیاد هەستیاربوونی لەش بۆ هۆرمۆنی لێپتین Leptin كە بە هۆرمۆنی تێربوون ناسراوە، واتە ڕێگرتن لە زوو خواردن و زیاد خواردن، واتە بە تێپەڕبوونی كات وەرگرتنی كالۆری كەم دەبێتەوە و كێشی كەم دەكات. میتفۆرمین لەوانەیە كە زیانی لابەلای دیكەی پەیدابكات وەك» بێهێزبوونی لەش، گرفت لە هەناسەدا، ئازاری گەدە، هێڵنج یان ڕشانەوە، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها سەرسووڕان.

Top