ڕووداوەكانی ڕۆژ لە نێوان شكانەوەی دەستەكان و بەهێزی و ئیرادەی كورد

ڕووداوەكانی ڕۆژ لە نێوان شكانەوەی دەستەكان و بەهێزی و ئیرادەی كورد


ئەگەر بەوردی سەیری دۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژ بكەین بە ڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە قەیرانەكان هێندە ئاڵۆز بوون كە چارەسەریان زەحمەت بووە، ئاخر لەم هەرێمەی كە هاوبەشی خەمەكان ئەستەمە، چۆن بتوانین شەریكی خەمی یەكدی بین، لە كاتێكدا كە ئێمە نەتوانین درك بە مەترسی و كوێرەوەرییەكان بكەین، چۆن تێدەگەین لەم چوار دیوارەی كە بە دوژمن دەورە دراوە و كەڵبەی تیژی گورگ ئاسایان لەجەستەی نیشتمان گیر كردووە، بۆ تێگەیشتن لەو خەمە قوڵە دەبێت لە ئازاری برینەكانی نیشتمان باش تێبگەین .
كاتێك كە برینەكانی خۆمان دەبینین، ئەوا بەڕونی تێدەگەین كە لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ دروست بوون و دەستكەوت و ئازادییەكان، دوژمن هەوڵی لەباربردن و گەڕان بەدوای دروستكردنی قەیرانەوە بووە، ئەوەتا بەڕوونی دەبینین كە هاوتەریب لەگەڵ جینۆساید و سڕینەوەی نەتەوەییمان لە پڕۆسەكانی ئەنفال و بەكارهێنانی چەكی كۆكوژ و خاپووركردنی گوندەكان، لەگەڵ بە دەستهێنانی ئازادییەكان و دروست بوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی ڕوون دەبینین، كە لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، بەئاشكرا دیارە كە مەبەستیان هەڵوەشاندنەوە و داڕمانی ئەم قەوارەی هەرێمی كوردستانەیە، وڵاتانی دراوسێی عێراق بەشێوەیەكی گشتی و بەبێ دوودڵی خوازیاری ئەوەن عێراق دەوڵەتی مەركەزی بێت، كورد لە هاوكێشە سیاسییەكە وەدەربنێن، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و خۆگرتنەوە و هەژموونی دەسەڵاتدارانی بەغدا و چەسپاندنی سیاسەتی تاكڕەویان دەركەوت هەنگاوەكان لە ماددەی ١٤٠ ەوە دەستی پێكرد و دواجار ڕووبەڕوو بوونەوەی سوپای عێراق هەتا ١٦ی ئۆكتۆبەر و دواجا بڕینی قوتی خەڵك و بەكارهێنانی مووچە وەك چەكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان ، كە كاریگەرترین میكانیزمە بۆ ئەوەی هەرێم بەشێوەی ئۆتۆماتیكی هەڵبوەشێتەوە، هەر ڕۆژە و پاشەكشە لە دەستەڵاتێكی خۆی بكات.
ئەگەر جارێكی دی بە تێڕامانەوە له دۆخەكە بڕوانین، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە عێراق بە تەنیا نییە و جەمسەری گەورەی ئێرانە كە تەمویلی بەرەی مقاوەمە دەكات و درونەكانی بەئاسمانی پایتەختەوە دەسوڕێنەوە، لەهەركاتێكدا بیانەوێت موشەك بارانی خەڵكی سڤیل دەكەن و سەرچاوەی داهات و ئاوەدانی وڵاتمان دەدەنە بەر ڕەحمەتی موشەكەكانیان، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا موشەك بارانی هەولێر گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن كە دوژمن ئامانجی سڕینەوەی دەدات، ئێمەی كوردیش بیئاگا لەوەی كە ئەم دوژمنە لە هەوڵەكانی نەوەستاوە .
لە ناوخۆی خۆشماندا نەمانتوانیوە لە خەمەكانمان بگەین بیركردنەوەمان كوردانە بێت و لە خەمی لەدەستنەدانی ئەم ئەزموونەماندا بین كە بە خوێن و خەبات بەرهەم هاتووە، ئەگەر وەڵامدانەوامان لە بەرامبەر دوژمن كوردانە بێت و بەهەستێكی ناسێۆنالیستییانەوە بێت، بەم شێوەیە وەڵام دەرەوەی دۆخەكە دەبین،
خۆمان لەئازارەكان نادزینەوە و لێناگەڕێین هیچ شتێك سەرقاڵمان بكات كوردانە بیر بكەینەوە و بۆ كوردستان و لەو پێناوەدا بڕیار دەدەین .

 

 

/ بەرپرسی لیژنەی ناوچەی شارباژێڕ

 

Top