مــوســا خەمۆ حوسێن ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە ئامادەیە بۆ هەموو وڵاتێك شەڕ و كێشە لە دژی هەرێمی كوردستان بنێتەوە

مــوســا خەمۆ حوسێن  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە ئامادەیە بۆ هەموو وڵاتێك شەڕ و كێشە لە دژی هەرێمی كوردستان بنێتەوە

 

 

پەكەكە لەو كاتەوە دامەزراوە، باوەڕی بە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستان نەبووە و نییە، بە هۆی داگیركردنی قەندیل و چەندین شوێنی سنووری هەرێمی كوردستان دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەی دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ موسا خەمۆ حوسێن ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا. لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* ئایا هۆكار چی بوو كە پەكەكە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی كە كوردستانی باكوورە، بەجێی هێشتووە و پەلاماری چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستانی دا، بەتایبەت چیای قەندیل و چەند شوێنێكی سنووری داگیر كرد؟

- زۆر كەس هەقیقەت و مەبەستەكەی چەكدارانی پەكەكە و چیرۆكی بەجێهێشتنی باكووری كوردستان و هاتنی پەكەكە بۆ باشووری هەرێمی كوردستان نازانن، یان بە ڕاستگۆیی نایخەنەڕوو. من كە ماوەیەكی زۆر لەناو پەكەكە بووم ئاگاداری چەندین وردەكاریم ئەم ڕاستییانە ئاماژە پێ دەكەم:

یەكەم: بۆ خەڵكی باكووری كوردستان دەركەوت، پەكەكە لایەنێكی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی و نیشتمانی و كوردستانی نین، بەڵكو باوەڕیان زیاتر بە بیر و بەرنامەی یەكپارچەیی توركیا و سۆشیالیستیی هەیە، ئەمەش خەیاڵێكە لە دنیادا بە واقیعی بوونی نییە. ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە هۆكاری ئەوە بوو، پەكەكە جەماوەری خۆی لەدەست بدات، بەتایبەتی ڕێكخستنە نهێنییەكانیان لە باكووری كوردستان و تەواوی دنیا باوەڕ و متمانەیان پێیان نەمێنێت، بەمەش پەكەكە نەیتوانی بەسەر كار و جووڵەكانیان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان سەركەوتوو بن.

دووەم: چەكدارانی پەكەكە دەستیان بە هەڵخەڵەتاندنی كوڕ و كچانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵی كرد و لەپاشان چەكداریان دەكردن و ڕێگاشیان نەدەدا باوك و دایك و خێزانەكانیان بیانبینن.

سێیەم: پەكەكە لە باكووری كوردستان بۆ حەوانەوە و دابینكردنی خواردن و ئازووقەی مانگانە، زیاتر بوونە بارگرانی و زەحمەتێكی زۆر و قێزەوەن بە سەر خەڵكەوە.

چوارەم: چەكدارانی پەكەكە بەبێ ئاگاداركردنەوەی گوند و دەڤەرەكانی باكووری كوردستانی پیلان و جووڵەی سەربازییان ئەنجام دەدا، كە دەبووە هۆی ئەوەی خەڵكی سڤیل لە ڕووی گیانی و دارایی زیانی زۆر بكەن، بەتایبەت دوای شەڕەكان كە سوپای توركیا هەڵیدەكوتایە سەریان و خەڵكەكەیان دەستگیر و ئازار دەدا.

پێنجەم: وڵاتان و بەتایبەت داگیركەرانی كوردستان بەگشتی دەستیان لە پشتی پەكەكە دا، كە بێنە باشووری كوردستان لەو ڕێگایەوە سوپای توركیا ڕابكێشنە ناو سنووری هەرێمی كوردستان، وەكو ئەوەی چەندین ساڵە ڕووی داوە و لەو ڕێگایەشەوە كێشە و گرفت و ناسەقامگیری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن.

شەشەم: پەكەكە لە دامەزراندنییەوە بیری لە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان نەكردووەتەوە، هەرێمی كوردستانیش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم هەرێمە یاسایی و دەستووریی و فیدڕاڵییە كە زۆربەی وڵاتانی دنیا و ڕۆژئاواییەكان مامەڵە و پەیوەندییان لەگەڵیان هەیە، زیانی گەورەی بەركەوێت، پەكەكە مەبەست و مەرامیەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەگەر لەناویش نەچێت، لە كاروبار و پێشكەوتن و دیپلۆماسیەت كێشەی بۆ بنێتەوە.

حەوتەم: پەكەكە لەو ڕۆژەوە دامەزراوە بیر و كاریان لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی بارزانی و عەقیدە و ڕێبازی بارزانی بووە، دڵنیاشن ئەو قەوارەی هەرێمی كوردستانە بەرهەمی شۆڕشگێڕی و بەخشینی خوێنی شەهیدانی پارتییە، بۆیە پەلاماری هەرێمی كوردستانیان داوە، كە لەو ڕێگایەشەوە ڕۆژانە گرفت و گێرەشێوێنی و ناسەقامگیری دێتە ڕێگای حكومەتی كوردستان، هەر لەسایەی ئەو چەكدارانەی پەكەكەیە، ناوچەیەكی زۆری سنووریی زیانی بەركەوتووە و زیاتر لە (600) گوند چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئەمەش زیانی كۆمەڵایەتی و دارایی بە خەڵكی ئەو گوند و ناوچانە گەیاندووە، كە زۆر جار بە هۆی شەڕ و و تۆپباران و مووشەكبارانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا، چەندین كەسی سڤیلی باشووری كوردستان شەهید و بریندار كراون.

هەشتەم: هۆكارێكی زۆر گرنگ و دیاریش ئەوەیە كە چەكدارانی پەكەكە لە هاتنیان بۆ باشوور، بوونەتە هۆكاری كێشە و گرفت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە زۆرجار بۆیان بگونجێت و هەڵكەوێت، پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەدەن و بوونەتە سەرئێشەیەكی زۆر بۆیان.

* چەكدارانی پەكەكە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بە شێوەی گرووپ گرووپی چەكداری لە بەشێكی باشووری كوردستان دەبیندرێن، ئەو كار و جووڵانەوانەیان بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندە و مەرامی چ وڵاتێكە؟

- هاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ قەندیل و سنووری نێوان باشوور و باكووری كوردستان، وای كردووە، دەستی سوپای توركیایان بە درێژاییەكی زۆر ڕاكێشاوە بۆ نانەوەی ناسەقامگیری لە باشووری كوردستان، هاوكات ئەو جووڵەی گرووپە چەكدارانەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای كەركووك، وەك قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەكیە و چەندین شوێنی دیكە هەیانە، وای كردووە سوپای توركیا بە درۆن پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات، ئەوەتا دەبینین و چەندین ڕووداوی دڵتەزێنیش ڕوویان داوە، بەو هۆكارەوە درۆنی توركیا چەندین شوێنی باشووری كوردستان لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێ دا، بۆردومان كردووە، ئەمەش هەر نانەوەی كێشە و گرفتە بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان كە دەستی وڵاتانی هەرێمایەتی بەتایبەتی ئێران و سووریا و حەشدی شەعبیی عێراقی لە پشتیانەوەیە.

* بۆچی پەكەكە نەیهێشت پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ لەنێوان خۆیان و توركیا كە جەنابی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری بۆ كردبوو، سەربكەوێت؟

- پەكەكە لە هەموو كارێكدا دەیەوێت تەنیا خۆی سەركردە و پێشڕەو بێت و، هیچ لایەن و حزبێكی دیكە قبووڵ ناكات، لە بەرنامە و پڕۆگرامیشیدا ئاشتی و گفتوگۆ جێگای نابێتەوە، لەلایەكی دیكەوە سەركردەكانی پەكەكە بە هاتنەدیی ئاشتیی، پلان و بەرژەوەندییەكانیان لەگۆڕ دەنرێت، بۆیە پیلانی بۆ دەگێڕن. پەكەكە كە دیتی جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی گەلی كوردستان بەو كارە هەستاوە و دەیەوێت چیتر ڕۆڵەی كورد نەكوژرێت و بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەری كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ توركیا بكات، ئەوە بە جارێك چەكدارانی پەكەكە بەتایبەتی سەركردەكانیان، چاویان چووە پشتی سەریان و هەوڵی ئەوەیان دا، پڕۆسەكە لەبار ببەن، بۆ ئەمەش شەڕی خۆلەناوبردنی میللەتی كوردی باكووریان دروست كرد، كە شەڕی دۆڕاوی خەندەق بوو، كە تێیدا بە سەدان كەس لە خەڵكی سڤیلی باكووری كوردستان شەهید و بریندار و دەربەدەر بوون.

* چەكدارانی پەكەكە چۆن لایەنی دارایی و لۆجستیكی خۆیان دابین دەكەن و ئەو بازرگانی و كارانەی ئەنجامی دەەدن، چییە؟

- چەكدارانی پەكەكە هەموو كاتێك ئامادەن هەر وڵات و گرووپ و كەسێك، تەنانەت داگیركەرانی كوردستانیش كە بیانەوێت بەكاریان بێنێت، لەپێناو داهات و پارەدا ڕەتی ناكەنەوە، لەم ڕێگایەشەوە ئەوە ئێران و حەشدی شەعبی و ڕژێمی سووریاش چەكدارانی پەكەكە بەكار دەهێنن و پارە و مووچە و پێداویستیی لۆجستیكییان پێ دەدەن، هەر ئەمەشە وای كردووە لە شنگاڵ ناكشێنەوە، كە زیاتر لە هەزار چەكداری پەكەكە لە شنگالن و لە حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی ئێران مووچە وەردەگرن، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە جگە لەوەی جۆرەها بازرگانی دەكات، كە زۆربەی ئەو بازرگانیانیە شەرعی نین و لە ڕووی بنەماكانی مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتییەوە قەدەغەن، هەروەها هەر شوێنێك بۆیان گونجا، دەیكەنە بازگە و تێیدا سەرانە لە خەڵك و كاسبكاران و بازرگانان وەردەگرن، بەم ڕێگایانە تا ئێستا توانیویانە بژێویی خۆیان دابین بكەن و جووڵەكانیان بۆ تێكدانی باشووری كوردستان و نانەوەی كێشە بۆ قەوارە و حكومەتی كوردستان بەردەوام بكەن.

* ئایا چەكدارانی پەكەكە چۆن سەیری كەمپەكانی حەوانەوەی كوردانی پارچەكانی دیكە لە باشووری كوردستان دەكەن؟

- چەكدارانی پەكەكە بە هۆی نەبوونی بیری نەتەوەیی و كوردایەتی، بە هیچ شێوەیەك باوڕیان بە ماڵ و خێزان و شوێنی حەوانەوە نییە، وابیر دەكەنەوە كە كورد تاوەكو دنیا دنیایە، هەر لەسەر چیاو و لە ناو ئەشكەوت و لەژێر تاشە بەردان دەبێت بژیت و زۆر جیاوازن لە شۆڕشگێڕان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە هەمووان دەبینن، كار و هەوڵی بەردەوامیان بۆ ئاشتی و ڕۆژگاری باشتر و گوزەرانی خۆشی خەڵكی كوردستانە. نموونەیەك لێرە باس دەكەم. لەو كاتەی شەڕی داعش دەستی پێكرد و پەلاماری هەرێمی كوردستانیان دا، چەكدارانی پەكەكە وەك موژدەیەكی خۆش ئاهەنگیان بۆ دەگێڕا، كە گوایا ئەو هەرێمە نامێنێت، لە پاشان دیتیان و بۆیان ڕوون بووەوە كە سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە سەركردایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لە پێشەوەی بەرەكانی جەنگ شان بە شانی پێشمەرگە جەنگان و لە ئەنجامدا ئەفسانەی داعشی تیرۆریستیان لەناو برد و لەبری هەموو جیهان توانییان شەڕی داعش لەسەر زەوی بكەن، هاتنە شنگال و دواتریش بوونە كێشە بۆ خەڵكی شنگال و ناوچەكە، ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكەن كە دەستیان بگاتە كەمپی مەخموور، كە كەمپێكە بۆ ئاوارەكانی باكووری كوردستان و چەندین ساڵە لە سایەی هەرێمی كوردستان بەبێ كێشە تێیدا دەژین و كاری ڕۆژانەی خۆیان دەكەن، ئەگەرچی چەكدارنی پەكەكە دەیانەوێت ئەو كەمپە بگرنە دەست و كاولی بكەن و تەسلیمی ڕاستەوخۆی حكومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بكەن، چونكە شوێنەكە لە ڕووی ستراتیژی، گرنگییەكی تایبەتی لە ناوچەكەدا هەیە. 

Top