شــێــخ عــەدنــان حــەمــیــد شــەفــی ســـەرۆكــی هـــۆزی قـــەرەلــــووســـی بـــۆ گـــوڵان:     مــەلا مـســتــەفــا بـــارزانـــی هەستی خۆشەویستیی بۆ كوردانی فەیلی زۆر بەرز بوو

شــێــخ عــەدنــان حــەمــیــد شــەفــی  ســـەرۆكــی هـــۆزی قـــەرەلــــووســـی بـــۆ گـــوڵان:        مــەلا مـســتــەفــا بـــارزانـــی هەستی خۆشەویستیی بۆ كوردانی فەیلی  زۆر بەرز بوو

 

 

كوردانی فەیلی هەرگیز ڕاپێچكردنی زۆرەملێ و كوشتن و بەتاڵانبردنی ماڵ و حاڵیان لەبیر نەكردووە، ئەوان بە شانازییەوە باسی مێژووی پڕ لە سەروەریی كوردبوونی خۆیان و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەكەن، نیگەرانیشن بەوەی كەیسی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی بەپێی پێویست گرنگی و بایەخی پێ نەدراوە و قەرەبوو نەكراونەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردانی فەیلی، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شێخ عەدنان حەمید شەفی سەرۆكی هۆزی قەرەلووسی و كەسایەتیی دیاری ناو شۆڕشی كوردستان ساز دا، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* وەكو سەرۆك هۆزی قەرەلووسی و كوڕی حەمید شەفی قەرەلووسی، كە بنەماڵەكەتان لە مەندەلی ڕۆڵێكی گەورەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، كە مەندەلی وەكو شارێكی دێرینی كورد چۆن دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بەر شاڵاوی جینۆساید كەوتن؟

- مەندەلی ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتیی نەوت و گاز و كشتوكاڵ و بازرگانی و، پێگەیەكی جوگرافیی لە نێوان ئێران و عێراقدا لەسەر ڕێگەی ئاوریشم هەیە، مەندەلی بە كۆنترین ناحیەكانی عێراق لە پارێزگای دیالە دادەنرێت، بەو پێیەی ئەم شارە و ناوچەكانی دەوروبەری نزیك بووە لە سنووری ئێرانەوە، بۆیە لە شەڕی ئێران و عێراقدا زۆربەی گوندەكانی وێران و خاپوور كراون و، خەڵكەكەی كە زۆرینەی كوردی فەیلی بوون، كۆچیان پێ كراوە، لە ئێستادا سیاسەتی بەعەرەبكردن دیمۆگرافیای مەندەلی گۆڕیوە. باوكم كە سەرۆكی هۆزی قەرەلووسی بووە و بازرگانێكی گەورە و ناسراوی سەردەمی خۆی بووە، هەر لەبەر كوردبوونی و بەشداریكردن و پاڵپشتیكردنی لە خەباتی مەلا مستەفا بارزانی، كەوتووەتە بەر نەفی و دەركردن، ئەوە بوو لەسەردەمی (نووری سەعید و عەبدولسەلام عارف)دا سێ جار نەفی كراوە بۆ شارەكانی (حلە و ناسرییە و عەمارە) و دوور خراوەتەوە لە نیشتمانی كوردانی فەیلی، كە لە ڕۆژهەڵاتی دیجلەوە لە خانەقین و بەدرە و زوڕباتییە و جەلەولا و سەعدییە و خاڵس و بەعقوبە و شارەبان دەست پێ دەكات، تا دەگاتە شێخ سەعد لە چیاكانی حەمرین، لەوێشەوە وەكو سنوورێكی ئیلاهی ئەم سنوورەی كوردستان درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە شنگال، ئەم سنوورە ناوچەیەكی فراوان و دەوڵەمەندە و كەوتووەتە سەنگەری پێشەوەی بەردەم هێرشی تەعریب و تەرحیل. لە ناو كوردانی فەیلیدا پیاوانی ئایینی و بازرگان و سەرۆك هۆز و كاسبكار و فەرمانبەری زۆر هەبوون، بۆیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی 1921 ڕۆڵێكی باشیان لە بونیادنانی بناغەی دەوڵەتی عێراق هەبووە، تەنیا جوو لە ڕووی بازرگانی و كاسبییەوە لە پێش كوردانی فەیلی بوون، هەر لەبەر ئەم كوردبوون و پێگە ئابوورییە و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی بوو كە جینۆساید كران، كوردانی فەیلی خۆشەویستییان بۆ ئەم سەركردەیە زۆر بوو، لەبەر كوردبوون و خۆشەویستی و هاوكاریكردنی بارزانی بووە كە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كراون، ئێ خۆ لە عێراقدا دەیان هۆز و پێكهاتەی دیكەی شیعە هەبوون، ئەی بۆچی بە زۆر ڕاپێچی ئێرانیان نەكردوون؟ لەو شاڵاوەشدا لە نوگرە سەلمان زیاتر لە 22 هەزار كوردی فەیلی دەستگیر كرابوون، ژمارەیەكی كەمیان دەربازیان بوو، ئەوانی دیكە بێسەروشوێن كران.

* كەواتە دەستپێكی شاڵاوی جینۆسایدی كوردانی فەیلی كەی دەستی پێ كرد و ئایا دەكرێت بگوترێت ئەم جینۆسایدە دەچێتە چ شێوازێكی كۆمەڵكوژی و تاوانی نێودەوڵەتییەوە؟   

- هەرچەندە پەراوێزخستن و دژایەتیكردن و ڕاپێچكردنی بەزۆرەملێی كوردانی فەیلی و دەستگیركردن و كوشتنی گەنجەكانیان مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام هاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حوكم تاوانەكەی چڕتر و قێزەوەنتر و خێراتر كرد، سەدان خێزانی كوردی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و دەست بەسەر ماڵ و حاڵ و بەڵگەنامەكانیاندا گیرا و، بە سەدان گەنجی كوردی فەیلییش ڕاپێچی زیندانەكان كران و بێسەروشوێن و قەتڵوعام كران، ئەمە تاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتی و پێكهاتەیەكی ڕەسەنی نەتەوەییە و دەچێتە قاڵبی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، چونكە ئامانجی سەرەكیی سڕینەوەی ناسنامەی كوردانی فەیلی و چۆڵكردنی بەغدا بوو لەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد، هەر خۆی لەخۆیدا تاوانباركردنتان بە «التبعیة الایرانیة» و تەقاندنەوەی زانكۆی موستەنسرییە زیاتر پاساوێكی بێ بنەما و بیانوویەك بووە بۆ ئەوەی بەزۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان بكەن، دواتریش بۆ هەڵگیرسانی شەڕی (عێراق- ئێران) ڕژێمی بەعس خۆی ئامادە كرد، بە هۆكاری ئەو جەنگە هەشت ساڵەی لە نێوان دەوڵەتی عێراق و ئێران ڕووی دا، تەواوی ناوچەی كوردانی فەیلییان لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و لەسەر سنوورەكان تەختی زەوی كرد، كورد هەر ئەوە چارەنووسی بووە كەوتووەتە نێوان سێ ئیمپراتۆریەتی ساسانی و عوسمانی و عەرەبی، حوكمڕانەكانیان دڕندە و داگیركەر بوون و ئازارێكی زۆری میللەتی كوردیان داوە، لەگەڵ ئەمەشدا كورد سازشی لەسەر ناسنامە و كوردبوونی خۆی نەكردووە، شای ئێران ناردی بە شوێن باوكمدا و گوتی ڕەگەزنامەت پێ دەدەین، لە وەڵامدا باوكم پێی گوت: «ناسنامەی كورد بە هەموو دنیا نادەم»، ئەمە لە كاتێكدا باوكم لە عێراقدا سێ فەرمانی لەسێدارەدانی هەبوو، بە هۆی بەشداریكردنی لە شۆڕش و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بە خۆی و 350 پێشمەرگەی كوردی فەیلییەوە.

*  باسی ئەو خۆشەویستی و پاڵپشتییەی كوردانی فەیلیت كرد بۆ مەلا مستەفا بارزانی، دەكرێت باسێكی ئەو خۆشەویستییەمان بۆ بكەیت كە كوردانی فەیلیی بەستووەتەوە بەم سەركردە گەورەیەی كوردەوە؟

- ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی خۆشەویست و ئومێدی كوردانی فەیلی بوو، ئەو سەركردە گەورەیەی كورد ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی كورد و كوردستانیان هەبوو، بە یەك چاو سەیری هەمووانی دەكرد و خۆشەویستی بۆ كوردانی فەیلی و قەزییەی كوردی هەبوو. لە بیرمە باوكم كە سەرۆكی هۆزی قەرەلووسی بوو، چەند جارێك لەگەڵ پیاوانی ئایینی و كەسایەتییە ناسراوەكانی مەندەلی چوونەتە خزمەتی ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی، باوكم خەنجەرێكی زێڕی پێشكەش بە مەلا مستەفا بارزانی كردووە، بارزانی لە چەندین مەجلیسدا گوتوویەتی حەمید شەفی برا و خۆشەویستی منە، لەو سەردەمەدا حەبیب محەمەد كەریم كە كوردێكی فەیلی بوو، جێگیری سەرۆكی كورد بووە، باوكم لە شەڕی زۆزكدا سەركەوتنێكی بێ وێنەی بەسەر سوپای عێراقدا تۆمار كردووە، ئێمە بە چاوێكی بەرزەوە دەڕوانینە بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی، كە هەمیشە درێژكراوەی ڕۆحی كوردایەتی و خەبات و قوربانیدان بوون، بنەماڵەكانی كوردانی فەیلی مەسعود بارزانی بە درێژەپێدەری ڕێبازی كوردایەتی دەناسن، عەقیدە و ڕێباز و مێژوویەكی دەوڵەمەند و شەرەفمەندی هەیە، لە ناو كوردانی فەیلیدا خەڵكی كاسب و هەژار و بازرگان و دەوڵەمەند هەبوون، هەمووان بەپێی توانا كۆمەك و هاوكاریی بارزانییان دەكرد، لە هەموو ماڵەكانی ئێمەدا (بنەماڵەی شەفی) ئەگەر وێنەی بارزانی وەكو بڕوانامەیەك هەڵنەواسرابێت، بە شتێكی نامۆی دادەنێین، ئێمە حزبایەتی بە بابەتێكی ئاسایی و سرووشتی و لاوەكی دەبینین بەرانبەر خۆشەویستیمان بۆ بارزانی و عەقیدەی بارزان.

* پێشنیارت چییە بۆ ئەوەی كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە زیندوویەتی بمێنێتەوە و، جارێكی دیكە كەس جورئەتی ئەوە نەكات، ئەم تاوانە قێزەوەنە دووبارە بكاتەوە؟

- وێڕای گلەیی و نیگەرانیمان لە سەركردایەتیی كورد بۆ ئەو هەڵە و كەموكورتییانەی لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی دیالە پەیڕەوی دەكات، كە كەسانی وا پۆست و دەسەڵاتیان دراوەتێ، لای كوردانی فەیلی خۆشەویست نین، ئێمە ئومێدمان بە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسی كوردستان زۆرە بەوەی پاڵپشتیی تەواوی كەیسی كوردانی فەیلی بكەن و كێشە و گرفتەكانمان بۆ چارەسەر بكەن. بەغدا بۆ ئێمەی كورد زۆر گرنگە، نابێت خۆمان لە هەرێمێكدا قەتیس بكەین كە لە هەر چوار لاوە بە دوژمن دەورە دراوە، لە سەرجەم قۆناغەكانی مێژوودا هەمووان شەڕیان لەسەر بەغدا كردووە، كەچی ئێمە ئەو هەموو كوردەمان هەیە و نازانین كۆیان بكەینەوە و ڕێكیان بخەین، لە كاتێكدا ئەو هەموو كوردە فەیلییە لە بەغدا هەیە و هەرگیز شەرم لە كوردبوونی خۆیان ناكەن. من شانازی بە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی دەكەم، كە لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی بەڕێوە چوو، خۆم بەشداریی ئەو كۆنفڕانسەم كرد، كە تێیدا ئازار و ئەشكەنجەكانی كوردانی فەیلی خرانە ڕوو، ئومێدەوارم لە قۆناغی داهاتوودا سەرۆك بارزانی زیاتر ڕوو لە بەغدا بكات و ئیعتیماد لەسەر ئەو كوردە فەیلییانە بكات كە ماڵ و خانەوادە و هۆزەكانیان لە بەغدایە، نەك كەسانێك لە شارەكانی دیكەوە بێن و شارەزاییان لە واقیعی بەغدا و سیاسەتدا نەبێت، پێم سەیرە لە بەغدا ئەو هەموو گەندەڵی و كەمتەرخەمییە هەیە، كەچی لێپرسینەوە نییە، با بەرپرسێكی كەمتەرخەم، دڵی لە حزبەكە بڕەنجێت، نەك پێكهاتەیەكی زیاتر لە دوو ملیۆنیی كوردانی فەیلی كە بارزانی ڕابەرایەتییان دەكات، لە بەغدا پشتگوێ بخرێن، با پرسیار لەو بەرپرسانە بكەن، بزانن چەند كەس لە دەوریان كۆبوونەتەوە، لە بەغدا عەشیرەت ڕۆڵی هەیە، دەبێت تۆش ڕوو بكەیتەوە ئەو هۆز و عەشیرەتانەی پێگە و مەكانەتیان لەناو جەرگەی بەغدا هەیە، چونكە هۆز و عەشیرەت ئاسۆیەكی فراوانی هەیە و پشتگوێخستنی هەروا ئاسان نییە، ئێمە لە بەغداین و هۆزەكانمان لێرەیە و بازرگانی و كاروكاسبیمان لێرەیە، ئیتر نازانم بۆ دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان سوود لەم سامانە مرۆییە نابینێت؟ لە كاتێكدا كوردانی فەیلی ئەو پردەن لە نێوان كورد و مییلەتی عێراقدا كە نابێت هەروا بە ئیهمالی پشتگوێ بخرێن.

Top