هونەرمەند هێرۆ جەواد: لە كوردستان ڕەخنەگری شانۆیی بە توانامان هەیە كە زۆر بە باشی قەڵەمەكانیان دەخەنە كار
خانمە هونەرمەند هێرۆ جەواد محەمەد یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی كوردستان، لە ساڵی 1983 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانییە، تائێستا بەشداریی چەندین شانۆگەری و كورتەفلیم و درامای تەلەفزیۆنی كردووە، هەروەها كاری دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆگەری كردووە وەك: دارستانی بەختیاری، بۆیاخچیەكان یادگارییان نییە، جەنگی ژنێك...وهتد، هەروەها وەك ئەكتەر بەشداریی چەندین شانۆگەریی كردووە لەوانە: ژووری ژمارە شەش، وەرن ئێمەش ببینن، توندوتیژی، یاداشتەكانی عەرعەر، عەترەكانی عەرەبستان، ژنانی شارەكەم، نماز، زنە، زەماوەند، چوار، جەستەی ژن، ئێوارەی گوڵە مێخەك، سێ خوشك، بیرەوەریی ونبوویەك، شالیر و جادووگەرانی ماكبێس و...هتد، هەروەها بەشداریی چەندین كورتەفیلم و درامای كردووە لەوانە: خومار لە دوا سەردانەوەیدا، گەرمیان و كوێستان، خوناو، ئەڵقە، تاریكی، گەڕان، ساتەكانی ژیان، سۆما، شەوێك و ...هتد، لە ئێستادا هونەرمەند هێرۆ جەواد مامۆستای پەروەردەی هونەرییە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری سلێمانی، بەمەبەستی ئاشنا بوون بە كارە هونەریەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ بكەیت؟
- سەرەتای ئاشنابوونم بە هونەری شانۆ، ئەوە بوو كاتێ چوومە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی لەبەشی شانۆ وەرگیرام، پەیمانگە بوو وێستگەی دەستپێكردنم بە كاری نواندنم بوو، هەرلەوێ خۆشە ویستیم بۆ شانۆ دەستی پێكرد و بەشداریی چەندین كاری شانۆییم كرد.
* تۆ شانۆت هەڵبژارد یان شانۆ تۆی هەڵبژارد؟
- كاتێ بە ویستی خۆم چوومە پەیمانگە، واتە خۆم شانۆم هەڵبژارد، بێگومان حەز و ئارەزوویەكی زۆرم هەبوو بۆ هونەری نواندن، هەوڵێكی زۆریشم دا بۆ ئەوەی بەردەوامی بەم حەز و ئارەزووە بدەم.
* رۆڵی شانۆ لە ژیانی گەلان چۆن دەبینیت؟
-دەستەواژەیەكی شانۆیی هەیە دەڵێت شانۆ قوتابخانەی گەلە، هونەری شانۆ لە ڕێگەی جەستەی ئەكتەر بەشێوەیەكی زیندوو پێشكەش بە بینەران دەكرێت، خاڵێكی دیكەی شانۆ ئەوەیەكە زۆربەی هونەرەكانی دیكە وەكو موزیك، شێوەكاری لە نێو شانۆدا هەن، لە هەمانكاتدا ئەدەبیش لە ڕێگەی دەقی شانۆیی ڕەگەزێكی گرنگی شانۆیە، هەربۆیە بە باوكی هونەر ناوزەند كراوە، لەبەر ئەم فاكتەرانە پێگەی هونەری شانۆ ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە گۆرانكاری و هۆشیاركردنەوەی گەلان.
* خاتوو هێرۆ جەواد كاریگەریی كام شانۆكاری لەسەرە، یان بە نواندنی كام شانۆكار سەرسامە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت حەز ئەكەم تەنیا خۆم كاریگەریم لەسەر خۆم هەبێت، ڕێزی زۆرم بۆ هەموو شانۆكارەكانی دیكەیش هەیە، بەڵام حەز دەكەم تەنیا لەخۆم بچم لە (هێرۆ جەواد) بێگومان هونەرمەندی زۆر باش و بەئەزموونیشمان هەیە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، لێرەوە ڕێز و سڵاوم هەیە بۆیان، بەڵام ئەوە حەز و ئارەزووی خۆمە.
* چۆن دەڕوانیتە ڕەخنەگرانی شانۆ لە كوردستان؟
-لە كوردستان ڕەخنەگری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان هەیە و زۆر بە باشی قەڵەمەكانیان دەخەنە سەر نمایشەكان، من زۆر بە وردی ڕەخنەكانیان دەخوێنمەوە و دەستخۆشیی زۆرم هەیە بۆیان، چونكە دوورن لە موجامەلەی شانۆكاران و هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم، هیچ كارێكی هونەرییش كامڵ نییە، بۆیە هیچ كارێكیش بێ ڕەخنە نابیت، بە ڵام ڕەخنەی ڕووخێنەر نا، بەڵكو ڕەخنەی بنیاتنەر بێت و لەپێناو خزمەتی كارەكەدا بێت.
* تاچەند ( دەق ) گرنگە لە پرۆسەی نمایشدا؟
- دەق ڕەگەزێكی گرنگ و گەورە و گرانی سەركەوتنی هەموو كارێكی شانۆیە و رۆڵێكی سەرەكی دەبینیت لە پرۆسەی نمایشدا، چونكە دەق نیوەی دەرهێنانە، بۆیە هەڵبژاردنی دەق بۆ هەر دەرهێنەرێكی شانۆیی گرنگە، بەجۆرێك دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەركەوتنی نمایشەكە.
* ئێوە خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆیین، دوا خەڵات وەكو باشترین ئەكتەر و دووەمین كچ لە فیستیڤاڵی شەشەمی نێودەوڵەتیی شانۆی عێراقت وەرگرت، هەستت چۆن بوو؟
- بێگومان خەڵات بۆ هەر هونەرمەندێك گرنگە پاڵپشت و هاندانێكی گەورەیە بۆ هونەرمەند، شانازی بە هەموو خەڵاتەكانەوە دەكەم و هەستێكی زۆر خۆشە، لە هەمان كاتدا خەڵات وا لە هونەرمەند دەكات زیاتر هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەو توانستەی هەیەتی پێشكەشی بكات، بەڵام نابێ بەدەستهێنانی خەڵات ببێتە هۆی ئەوەی هونەرمەند تووشی لووتبەرزی بكات، بەڵكو دەبێت هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی بەرەو سەركەوتنی گەورەتر هەنگاو بنێت.
*لە ئێستادا شانۆی كوردی لە چ ئاستێكدایە، ئایا پێتان وایە شانۆی كوردی لە قەیراندایە؟
- نەخێر، ئەوەی من دەیبینم و بەردەوامیشم شانۆ لە شارەكەی مندا زۆر زیندووە و لە قەیراندا نییە، ئەوەی قەیرانە، بەداخەوە قەیرانی ئابووری و كەمیی سپۆنسەری كارە شانۆییەكانە، ئەگەر نا ئێمەی شانۆكاران لە ئامادەباشی داین بە هەر كارێكی شانۆییدا بەشداربین، شانۆكارانی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەرەوەی عێراقیش هەن و بەشداریی فیستیڤاڵە شانۆیییەكان دەكەن و خەڵاتیش بەدەست دەهێنێن، لە شارەكەی مندا هیچ مانگێك بە بێ نمایشی شانۆ تێپەر ناكات، بۆیە من ئاستی شانۆی كوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم.
* لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە چ پەیامێكی كەسی یان هونەریت هەیە بۆ شانۆكاران و بینەرانی شانۆ ؟
-پەیامی من پەیامی خۆشەویستی و یەكڕیزییە، بە جۆریك هونەرمەند دوور بێت لە پاشقول گرتن لە یەكتر و ناوزڕاندن، چونكە هونەرمە ند زۆر گەورەیە، پێویستە خۆی دوور بێت لەو دیاردە ناشرینە، هیوای ئەوە دەخوازم هونەرمەندان هەمیشە لە لووتكەدا بن و كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بە بینەران بكەین.
* هیچ پرۆژەیەكی نوێی هونەریتان هەیە؟
- بەڵێ كاری نوێم هەیە، بە شداریی درامایە كم كردووە و ڕۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینم، بەڵام نازانم لە كام كەناڵ پەخش دەكرێت، درامایەكە بە ناوی (كرێچییەكان) لە نووسینی(شوعلە شەریعەتی)یە نووسەر و هونەرمەند (پێشڕەو حسێن) كاری وەرگێڕانی كردووە و هونەرمەند (كاوە ئەحمەد میرزا) پێداچوونەوەی بۆ دەقەكە كردووە، هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) كاری موزیكی دراماكە ئامادە و جێبەجێ دەكات، كاری دەرهێنانی لەلایەن هونەرمەند (دكتۆر غەسان عەبدوڵڵا) بۆ كراوە، هەروەها لە ئامادەكاریداین بۆ كارێكی شانۆ لەگەڵ كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان و مامۆستای بە ڕێز مامۆستا (شەفیق) كاری دەرهێنانی بۆ دەكات، بەمەرجێك ئەگەر داهاتی كارەكەمان بۆ دابین بكەن.