سەنار سەفین: لە ژیانمدا هیچ ساڵێكم بەبێ دەستكەوت تێنیپەڕاندووە
سەنار سەفین، كچێكی گەنج و پەنجەڕەنگین و بەسەلیقەی شاری كۆیەیە، كە لە ڕێگەی كارە دەستییەكانی توانیویەتی سەرچاوەیەكی داهات بۆ خۆی دەستەبەر بكات و ببێتە خاوەنی بڕاندی خۆی، لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین كەلوپەلەكانی دەفرۆشێت، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ئەزموونی كارەكانی و خەون و خولیاكانی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەنار سەفین، تەمەنی 23 ساڵە و دەرچووی بەشی زانستی كیمیایە و دانیشتووی شاری كۆیەیە، خاوەنی بڕاندی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوی (سەنار كرۆچێت) كە بڕاندێكی كوردیی تایبەت بە دیزاین و چنینی چاكەت و جانتای خانمانە لەگەڵ گوڵی چنراو، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە هەمیشە پشتی بە تواناكانی خۆی بەستووە، ئەوەش وای كردووە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی سەركەوتوو بێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بێ ئەوەی چاوەڕوانی یارمەتی لە كەس بكەم، پشتم بە هێز و توانای خۆم بەستووە و كار دەكەم، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەر و خاوەن بیرۆكە و دیزاینەر و دروستكەری براندەكەش هەر خۆمم. بەهرەی خۆمم لە كارە دەستییەكانم دەبینمەوە و دەمەوێ داهێنانێكی تازە لە كارەكانمدا ڕەنگ بداتەوە، لە داهاتوودا دەمەوێ چەند كۆلێكشنێكی نوێ وەك ئێكسسوارات و پێڵاو و چەند بەشێكی دی بۆ بڕاندەكەم زیاد بكەم و، دەمەوێت هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین بڕەخسێنم و بیكەم بە براندێكی جیهانی، هەروەها لە بەرنامەمدا هەیە كە خولی ئۆنڵاین بكەمەوە بۆ ئەو خانمانەی كە خولیای كاری دەستییان هەیە».
سەبارەت بە بەرهەمی تازەی سەنار سەفین دەڵێت: «لە ئەمساڵیشدا كارەكانم زیاتر بەرەوپێش برد و بەرهەمێكی ترم زیاد كرد كە گوڵی چنراو بوو، زۆر جیاوازە» چونكە ئەم گوڵە هەمیشە بە گەشی و جوانی دەمێنێتەوە و تێك ناچێت و جیاوازە لە گوڵە سرووشتییەكان، لە ژیانمدا هیچ ساڵێكم بە بێ دەستكەوت تێنیپەڕاندووە. ئەوانەی باسم كردن، تەنیا دەربارەی كارەكەم بوو، بەڵام ئەزموونی دەیان كار و كۆرس و بابەتی دیكەم هەیە كە بۆ گەشەپێدانی خۆم كارم لەسەر كردوون. ئێستاش بەرهەمەكەی وردە وردە دەچنمەوە و، هێشتاش بۆمن سەرەتایە. تەنیا لەشمان ساغ بێت، پشت بە خوای گەورە شتی زۆرتر هەن بۆ كاركردن. هەتا ڕۆژێك زیاتر هەبێت، دەستكەوتێكە بۆ خۆی، نابێت كات بەفیڕۆ بدرێت، بۆ بەدیهێنانی خەونەكەت دەبێت كات بۆ كاركردن لە پێشی هەموو شتێك دابنێین».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا پیاوانی ناوچەكەت تاچەند بڕوایان بە توانا و لێهاتوویی ئافرەتان هەیە؟ گوتی:» كۆیە شاری ڕۆناكبیرانە و پیاوانی ناوچەكەی ئێمە بەردەوام پشتگیری كچان و خانمان دەكەن بۆ بەرەوپێشچوونیان لەو توانا و لێهاتووییەی كە هەیانە، تا ئێستا نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم كاركردنی خانمان و تەنانەت بۆ ئاسانكردنی كارەكانیان یارمەتیشیان دەدەن. دەتوانم بڵێم پشتگیری باوكم بوو وای كرد بەم ئاستەی ئێستام سەركەوتوو بم و بەردەوام لەگەڵمدا بووە و لە هەموو بارودۆخێك پشتگیری كردووم».
هاوكات گوتی: «هەموو كچێك خەون و ئاواتی خۆی هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵی بۆ بدەن، ئەمەش بە ئەزموون كۆكردنەوە لەو بوارەی حەزیان لێی هەیە و دەتوانن بیكەن بە كارێك بۆ خۆیان و سوود بە خۆیان و كۆمەڵگە بگەیەنن. هەروەها ئێمە یەك جار دەژین، بۆیە دەبێت بە گرنگییەوە بژین سوود لە كاتەكانی ژیانمان وەربگرین، هەلەكان بقۆزینەوە بۆ باشتركردنی ژیانمان.
خانمانی كورد زۆر دەستڕەنگینن و خاوەن هێزێكن كە هەر كارێك بیانەوێت دەتوانن ئەنجامی بدەن. خۆشبەختانە لە ئێستادا خانمان بە كردار ئەوەیان سەلماندوە و هاتوونەتە نێو مەیدانی كار، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن داهات و ئابووریی سەربەخۆی خۆیان و ژیانی خۆیان و خێزانیان باشتر بكەن. بە خۆشحاڵییەوە بزاڤی كاركردنی خانمانی كورد ڕێچكەیەكی دیاری گرتووە و لە ئێستادا دۆخی ئافرەتان لە بواری كاركردندا زۆر باشتر بووە لەچاو ڕابردوو، خانمان هەنگاوێكی گەورەیان هەڵگرتووە، ئافرەتانی كورد لە گشت كاروبارێك هەموویان دەستڕەنگین و لێهاتوون».