قــســەیــەک بــۆ مــوسڵمانانی وڵاتەكەم

قــســەیــەک بــۆ مــوسڵمانانی وڵاتەكەم

شانازییە کە دەبینی هەولێر و هەولێرییەکان چۆن هەمیشە دەرگایان بۆ هەموان بێ جیاوازی واڵا بووە و پێشەنگ بوونە لە میواندۆستی و مەردایەتی و حەواندنەوەی خەڵكی دی، بەڵام حەیف و مەخابن بەشێك لەوانەی بە نان و ئاوی هەولێر گەورە بوون و نمەکی ئەو شارەیان کرد، ئێستا لە پشت مۆبایل و لاپتۆپەكانیان دانیشتوون و سەد بیانوو بۆ بێدەنگییان بەرامبەر بەو زوڵم و دەستدرێژیی و پشێوییە دێننەوە کە سوپای پاسدارانی ئێران، ترسنۆکانە دژ بە هەولێر كردوویەتی.

ناحەقی، زوڵم، کوشتن، رژاندنی خوێنی منداڵ و ئافرەت و تێکدانی ژینگە، ئەمانە تاوانی گەورەن، ئەوجا چ موسڵمانێک بیکات یا غەیرەموسڵمان. ئەگەر خۆت پێ موسڵمان بووە، ئیسلامەتیت بە خەڵکی فرۆشتووەتەوە و فرمێسکت بۆ غەزە و فەلەستین ڕشتووە و وێنەی پرۆفایلت بۆیان گۆڕیوە و فەیسبووکت پڕ کردووە لە نزا، ئەوا ئەگەر راستگۆی لەگەڵ خۆت و خوای خۆت، وەرە و ئەمڕۆ بەرگری لە خاک و وڵات و ئاڵا و نیشتمانت بکە كە كوردستانە، پڕ بە قورگت هاوار بکە و بڵێ کوردم و موسڵمانم، پاسداری ئێران بوختانم پێدەکا و بە ناحەق دەمکوژێت و قاتوقڕم دەکا! ئەگەریش نایکەی، ئەوا تۆ نە لەگەڵ خۆت و نە لەگەڵ خوای گەورەش راستگۆ نیت، چونکە خوای گەورەش ئەو نیفاق و حیقد و دووڕووییەت لێ قەبووڵ ناکات.

کە دەڵێم بەرگری لە وڵات و نیشتمان و خاک و ئاڵای خۆت بکە و هەڵوێستت هەبێت، هەزار شێر و رێوی مەهێنەوە، تۆ لە خۆتەوە دەست پێبکە، نەتەوە و نیشتمانت تێکەڵ بە سیاسەت و حزبایەتی مەکە، تۆ بەرگری لەو نیشتمانە بکە کە لێی دەژیت و نمەکت کردووە و لە خێروبێریت خواردووە، چونکە ئەگەر ئەو خاک و نیشتمانە نەبێت، نە تورکیا، نە فەڵەستین، نە ئێران، نە ئەو عێراقە کاولبووە، من و تۆی کوردیان بە هاووڵاتیی پلە هەشتیش قەبووڵ نییە.

پێغمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرموویەتی (مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم كمثل الجسد، إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى). ئەرێ دایکە جەرگسووتاوەکەی ژینای 11 مانگ ناپرسێ کوا ئەو برا موسوڵمانەم لە عێراق و كەنداو و تورکیا و میسر و سووریا کە من هەموو جارێک شین و ڕۆڕۆی بۆ دەکەم؟ ئێستا کە پێویستیم پێی هەیە، بۆ دەنگی نییە و هاوخەمم نییە و لەگەڵم نیە؟

تۆ کە خۆت پێ موسوڵمان و ئیماندارە، ئەركتە بەر لە هەموو کەسێک، لەسەر ئەو دەستدرێژی و ناهەقی و زوڵمەی لە برا کوردە هەولێرییە موسوڵمانەكەت كراوە، بێیە دەنگ و هەڵوێستت هەبێت. منداڵێکی 11 مانگ چی لە سیاسەت زانیوە تا پاساو و بیانووی ناڕەوا بۆ بێدەنگبوون لە بەدەنگهاتن لەسەری بهێنیتەوە؟ هانای دایکی چ تاوانی هەیە کە لە کاتی قورئان خوێندندا بووەتە قوربانی؟ بەڵێ تۆی موسوڵمان ئەگەر ئەمانەشت بەخەیاڵا نایەت، فەرموو لەسەر ئەو قورئانە بەرگ سەوزە وەرە دەنگ کە پاسداری نامەرد بە مووشەکەکانی سووتاندویەتی.

هەموو ئەوانەی بۆ خەمی بێگانە واوەیلایان بوو و فەیسبووكیان پڕ کردبوو لە دوعا و قسەی گەورە و فرمێسک رژاندن، ئێستا بۆ خەمی وڵات و شار و نیشتمانی خۆیان بێدەنگن و یا بە سەرشۆڕی و شەرمنانە قسە دەكەن، ئەوا دەبێت لە كوردبوون و ئیمانداریی خۆیان بەگومان بن. چونكە نە کوردایەتی و جاشایەتی یەک دەگرنەوە، نە ئیمان و نیفاقیش لە دڵی مرۆڤدا پێکەوە کۆ دەبنەوە.

Top