مـــوحــســیــن یـــادگـــار فـــەیــلــــی بـــۆ گــــوڵان : جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە مەبەستی تەعریب و لێدانی كورد بووە
جینۆسایدی كوردانی فەیلی كە دژی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كورد ئەنجام درا، سزایەك بوو لە دژی هەڵوێستی كوردایەتی و نەتەوایەتییان بەرانبەر بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پشتگیریی مەلا مستەفا بارزانی، لەم شاڵاوە دڕندانەیەدا دیموگرافیای بەغدا و ناوچەكە گۆڕدرا و ڕێژەی كوردی لەناو جەرگەی بەغدا كەم كردەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ موحسین یادگار فەیلی سەرۆكی ڕێكخراوی گەرمەسێر بۆ كوردانی فەیلی ئەنجام دا. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* بەو پێیەی سەرۆكی ڕێكخراوێكی تایبەت بە كوردانی فەیلیت و شارەزاییەكی باشت لەسەر پرسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی هەیە، با سەرەتای پرسیارەكەمان لەوەوە دەست پێبكەین، ئایا ئەو ڕەشبگیری و جینۆسایدە كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە دژی كوردانی فەیلی بەڕێوەچوو، لەژێر چ پاساوێكدا ئەنجام درا؟
- كوردانی فەیلی بەوە ناسراون كە هەستی كوردایەتی و نەتەوایەتییان لە ئاستێكی بەرزدایە. لەبیرمە ئەو سەردەمە لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، كوردانی فەیلی بە گشتی پاڵپشتی و پشتگیریی شۆڕشی ئەیلوول و خەباتی مەلا مستەفا بارزانییان كردبوو، ئەوان لە پێشەنگی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و سازشیان لەسەر كوردبوونیان نەدەكرد، بەمەش حكومەتە شۆڤێنییەكانی ئەو سەردەمەی عێراق و دواتریش حزبی بەعس، هەموویان باش دەیانزانی، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا چ مەترسییەكی لەسەر بەرژەوەندیی و مەرامە شۆڤێنییەكانیان هەیە، بۆیە بە دڕندەترین شێوە هێرشیان كردە سەر میللەتی كورد و لە نێویشیاندا كوردانی فەیلی كە پێكهاتەی سەرەكی و ڕەسەنی كورد بوون و لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەكە بوون، بەتایبەتی كە كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدای پایتەخت پێگە و مەكانەتی گەورەیان هەبوو، لەناو بازرگان و فەرمانبەرانی حكومەت و كاسبكاران، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان تاوانی بە زۆر ڕاپێچكردنی كوردانی فەیلی بۆ ئێران و كوشتن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان دەچێتە چوارچێوەی تاوانی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتی، جینۆسایدەكەش ڕاستە لە عێراق هەر لە سەردەمی (ڕەشید عالی گەیلانی)یەوە لە ساڵی 1948 ەوە دەستی پێكردووە، بەڵام دواتر وەكو شاڵاوێكی دڕندەیی ئەنفال بە سێ قۆناغ جێبەجێ كراوە:
- ڕاپێچكردنی بەزۆرەملێی یەكەمی كوردانی فەیلی لە 1969-1972
- ڕاپێچكردنی بەزۆرەملێی دووەمی كوردانی فەیلی لە 1974 – 1975
- ڕاپێچكردنی بەزۆرەملێی سێیەمی كوردانی فەیلی لە 1980—1990.
* دەكرێت شێواز و شاڵاوەكەمان زیاتر بۆ باس بكەیت؟ ئایا تا چەند بووە هۆی تێكچوونی دیموگرافیای دانیشتووان و كەمبوونەوەی ڕێژەی كورد لە ناو جەرگەی بەغدا و ڕۆژهەڵاتی دیجلە؟
- كورد و لە ناویشیاندا پێكهاتەی كوردی فەیلی لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە پەراوێز خراون و قوربانییان داوە، بەڵام لە دەستپێكردنی شاڵاوەكانی بەزۆر ڕاپێچكردن و دەربەدەركردن و كوشتنی كوردی فەیلی، زیانێكی گەورە بەر كورد بەگشتی و كوردی فەیلی بەتایبەتی كەوت، ئەوە بوو جگە لەوەی زیاتر لە 600 هەزار كوردی فەیلی بەزۆرە ملێ ڕاپێچی ئێران كران و ڕەگەزنامە و هەموو بەڵگەنامەكانیان لێ سەندرایەوە و ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەرداگیرا، زیاتر لە 20 هەزار گەنجی كوردی فەیلیش لە زیندانەكانی ئەبوغرێب و نوگرەسەلمان و موخابەراتدا دەستگیر كران و لەژێر ئەشكەنجەداندا شەهید بوون، تائێستاشی لەگەڵدا بێت، زۆربەیان ئێسك و پرووسكەكانیان نەدۆزراوەتەوە. تاوانەكە ئەوەندە قێزەوەن بوو، بەزۆرەملێ هەرچی خێزانێكی كوردی فەیلی هەبوو لە هاوسەرەكانیان جیایان كردنەوە ئەمەش بە بڕیارێكی مەجلسی قیادەی سەورەی ئەو سەردەمە بوو، لە ڕاگواستنە گەورەكەی (7/4/1980)یش زۆر لە كەسانی بەتەمەن ومنداڵ لە ئاوارەیی و پەناهەندەییدا شەهید بوون و 22 هەزار گەنجیشیان لەنێوان تەمەنی 18-38 ساڵیدا لەلایەن پیاوانی ڕژێمەوە دەستگیر كران و دواتر شەهیدیان كردن، هەندێكیشیان لەگەڵ بارزانییەكاندا تەجروبەی كیمیاوییان لەسەر جێبەجێ كردن.
بۆیە هەموو شاڵاو و دەركردنەكە بۆ تەعریب و لێدانی پێگەی كورد بوو لە عێراق، ئەو دەمە تاكو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە ناوچەكانی كوردانی فەیلی تەعریبێكی بەرنامە داڕێژراو بەردەوام بوونی هەیە و تا دێت ئەم پیلانە مەترسیدارتر دەبێت. لە ساڵی 1962 تاوەكو 1972 لەبیرمە كاتێك ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی كۆماری عێراق بوو، نازم گزار بەڕێوەبەری گشتیی ئەمنی عێراق بوو، ئەو دەمە هێرشیان لەسەر كوردانی فەیلی دەست پێكرد، هۆكارەكەشی لەبەر كوردبوون و پاڵپشتییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و بوونی ژمارەیەكی زۆر لەناو ڕیزەكانی پارتی بوو. ئەو سەردەمە كورد یەك حزبی ناسراو و وا بەربڵاوی هەبوو، بۆیە نازم گزار، پیلانێكی قێزەوەنی بە مەبەستی كەمكردنەوەی نفووزی مەلا مستەفا بارزانی و كورد لەناو جەرگەی بەغدا داڕشت و جێبەجێی كرد، ئەوەبوو بەپاساوی «التبعیة الایرانیة» زۆر لە خانەوادە كوردەكانی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كرد و ژمارەیەكی زۆری دیكەشی بێسەروشوێن كرد، ئەم مەترسییەی پیاوانی ڕژێم لەو سەردەمەدا بەرانبەر بوونی كوردانی فەیلی، زیاتر بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، كە لە دوای ئەوەی بەیانی 11ی ئازار خوێندرایەوە، بە سەدان گەنجی كوردی فەیلی ڕژانە نێو شەقامەكانی بەغدا و پاڵپشتی و پشتگیریی خۆیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد دەربڕی. ئەو سەردەمە لە ساڵی 1970 مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی لە ئەبوو نوئاس لە بەغدا بوون، نازم گزار، پیلانی تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی دانا و كوردێكی فەیلی پێش جێبەجێكردنی پیلانەكە ئاشكرای كرد.
كوردی فەیلی لە عێراقدا هەر بەشمەینەتی حاڵیان بووە. خۆ لە ساڵی 1963 حەرەس قەومی بەرگریی هێزەكانی عەبدولكەریم قاسمیان بە تانكەكان لەناو برد و عەبدولسەلام عارف بە كودەتایەكی سەربازی هاتە سەر حوكم و عەبدولكەریم قاسمیان لەناو ئێزگەی ڕادیۆ گوللەباران كرد، هەر ئەم عەبدولسەلام عارفە كە كەسێكی شۆڤێنی بوو، قەسابخانەیەكی دژی پارتییەكان و شیوعییەكان دروست كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئەندامەكانیان لە كوردانی فەیلی بوون . ئەم شاڵاوە لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و خانەقین و زۆربەی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە كە بە ناوچەكانی كوردانی فەیلی ناسرابوون جێبەجێ كرا. دوو شاڵاوی نەفیكردن بۆ شارەكانی باشووری عێراق و ڕاپێچكردن بۆ ئێران دەستی پێكرد و بە تەواوەتی دیمۆگرافیای ناوچەكە گۆڕا و تەعریبێكی فراوان دەستی پێكرد.
* باسی نزیكبوونەوەی كوردانی فەیلیت لە مەلا مستەفا بارزانی كرد، ئەم واقیعە لە ئێستادا كەمتر دەبینین و كوردێكی زۆری فەیلی هەن كە تێكەڵ بە حزبە شیعەكان بوون، یان بەرشوبڵاو بوونەتەوە و پێگەیان لە بەغدا و عێراق لاواز بووە، هۆكاری ئەوە چییە؟
- سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئەم سەردەمە و ئەو سیاسەتەی ئێستای حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی دەیگرنە بەر، زۆر جیاوازە، مەلا مستەفا بارزانی سەرۆكی هەموو كورد بوو. لەلای هەموو پێكهاتەكانی كورد بەبێ جیاوازی خۆشەویست بوو. كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1958 لە یەكێتیی سۆڤێت گەڕایەوە، كوردان بەگشتی و كوردانی فەیلی بەتایبەتی بە ئاپۆڕا و چەپڵەلێدان و خۆشەویستییەوە پێشوازییان لێ كرد و تا ئۆتۆمبێلەكەی گەیشتە بەغدا پارێزگارییان لێ كرد، لە بەغدا هەرچی سەركردە و بەرپرسی ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و تەنانەت سكرتێری پارتی، كوردی فەیلی بوون. جەعفەر محەمەد كەریم فەیلی لە كادیرە ناسراو و دامەزرێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و، براكەی (حەبیب محەمەد كەریم) سكرتێری حزب بوو، یەدوڵڵا فەیلی و دەیان كوردی فەیلی دیكە پێگەیان لەناو پارتی هەبوو. لە ئێستادا جێگای دەستخۆشییە لەسەر داوا و سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆنفرانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ تاكو ئێستا ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكە پشتگوێ خراوە، لە كاتێكدا جێبەجێكردنی داوای مەسعود بارزانی بوو؟ سیاسەتی هەردوو حزبە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی) لە بەغدا و عێراق پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بەغدا و كوت كە كۆتا بۆ كوردانی فەیلی دانرابوو، لە هەردوو پاڵێوراوەكەی پارتی و یەكێتی دەنگی پێویستیان نەهێنا، لە كاتێكدا عامر داود فەیلی وەكو كەسایەتییەكی سەربەخۆ 4000 دەنگی بەدەست هێنا، ئەمە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی 2006 لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی دوو كورسی لە كوردانی فەیلی بەدەست هێنا لە سنووری 50 هەزار دەنگدا، لە ئێستادا بە هۆی لاوازیی ڕێكخستنەكان و ئەدای خراپی بەرپرسانی لق و مەڵبەندەكان لە بەغدا، بە تەواوەتی كورد بەرشوبڵاو بووەتەوە و بێ خاوەنە. لە بەغدا نزیكەی ملیۆنێك كوردی فەیلی هەن، بەڵام لەلایەن هەردوو حزبەوە پشتگوێ خراون. بەڕاستی دەبێت هەردوو حزب بە بەرپرسیارێتی و كەسایەتییەكانیاندا لە بەغدا و كوت و دیالە و پارێزگاكانی دیكە چاوخشاندنەوەیەكی باش بكەن و بەرپرسەكانی حزبی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن، نەوەكو تەنیا پاساو و بیانوو بۆ سەرۆك و كەسی یەكەمی حزبەكەیان بهێننەوە.
* بەڵام ئایا پێت وانییە جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە عێراقیشدا مافی تەواوەتی خۆی پێ نەدراوە، كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەم كەیسە گرنگە پشتگوێ خراوە و نەتوانراوە كوردانی فەیلی ئەو پێگە و دەسەڵاتەیان بۆ بگەڕێتەوە؟
- لەم كەیسەدا حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر كەمتەرخەم بوون، تەنانەت ئەو بڕیارانەی بەعس كە دژی كوردانی فەیلی دەری كرد، تاكو ئێستا زۆر لەو بڕیارانە هێشتا ماون و لانەبراون و هەڵنەوەشاوەتەوە و، بەپێی پێویست هەنگاو بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی هەڵنەگیراوە. بۆیە ئێمەی كوردانی فەیلی داواكارین:
1. لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتیمان هەبێت.
2. پێویستە جینۆسایدی كوردانی فەیلی لەناو دەستووری هەرێمی كوردستاندا ئاماژەی پێ بدرێت، چونكە كوردی فەیلی بەشێكی دانەبڕاوە لە نەتەوەی كورد.
3. دامەزراندنی ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی كوردی فەیلی لە سەرجەم وەزارەتەكان و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەمان لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت.
4. لەسەر ئاستی بەغدا و ئەو ناوچانەی بە شوێن و پێگەی كوردانی فەیلی دادەنرێن، پێداچوونەوە و چاوخشاندنەوە بە پۆست و پێگەی ئەو كەسانە بكرێت كە بەرپرسیارێتیان هەیە.