زیادبوونی منداڵانی سەر شەقام و بەركار هۆكار و چارەسەر
نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1948 پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤی دەركرد و، زۆرینەی وڵاتانی ئەندام پەسەندیان كرد. دواتر ڕێككەوتننامەی ساڵی 1989 تایبەت بە مافەكانی منداڵان پەسەند كرا. هەر لە پەراوێزی ئەو یاسایەدا ڕۆژی 17/ 6 وەك ڕۆژی جیهانیی كارپێنەكردنی منداڵان دیاری كرا، لە یاسای كاری عێراقیش كاركردن بە منداڵان سنووردار كراوە. بە هەمان شێوە لە یاساكەدا قەدەغە كراوە منداڵ بۆ كاری سواڵكردن بەكاربهێندرێت، بەڵام وێڕای بوونی ڕێككەوتننامەی پاراستنی مافەكانی منداڵ و چەندین ماددە و بڕگەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكانی منداڵ، كەچی لە چوارچێوەی خێزان و كۆمەڵگە نەتوانراوە وەكو پێویست مافەكانی منداڵ دەستەبەر بكرێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ پرسی كارپێكردنی منداڵان دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
مامۆستا مەلا ڕەعد ئۆمەربلی بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «لە ئایینی ئیسلامی پیرۆزدا، واجبە لەسەر دایك و باوك كە منداڵی خۆی بەخێو بكات و، پەروەردەیەكی جوانی فێر بكەن و، جیاوازیی ڕەگەزی لە نێوانیاندا نەهێڵن، هەروەها لە دوای تەمەنی حەوت ساڵی پەروەردەی ئایین و نوێژیان فێر بكەن و، فێری ڕێز و خۆشەویستی بكرێن، هەروەها دایك و باوك دەبێت ژیانی منداڵی خۆیان دابین بكەن، كوڕ تا تەمەنی بلووغ (كامڵبوون) واتە لە سەرووی تەمەنی (١٥) ساڵی و كچ تا ئەو كاتەی شوو دەكات و ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت، كەواتە بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بۆ منداڵ لەسەر دایك و باوك واجبە». لە بارەی كارپێكردنی منداڵیش ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی: «منداڵ دیاری و خەڵات و ئەمانەتی خودای گەورەیە لە لای دایك و باوكان، بۆیە دەبێت منداڵان بە خوێندن و هەندێك گەمەی گونجاو سەرقاڵ بكرێن، نەك كارپێكردن و پارە پێ كۆكردنەوە، ئەگەر ویسترا، لەبەر ئەوەی فێری كار ببێت و لە داهاتوو كەسێكی خاوەن پیشەی لێ دەربچێت، دەكرێ وەكو شاگرد لەلای كەسێكی دەست و داوێن پاك و بە ویژدان دابنرێن، بەڵام كاركردن بە منداڵ لەسەر جادە و لە هەندێك كارگە، بە هیج پاساوێك دروست نییە لەو شوێنانە كاریان پێ بكرێت».
مەلا ڕەعد ئۆمەربلی، لە درێژەی ڕێنماییەكانیدا باسی ئەوە دەكات، «ئایینی ئیسلامی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە سواڵكردن نادات و هانی خەڵكی داوە بە كاركردن، ئەگەر سواڵكردن بۆ كەسی گەورە و بەتەمەن ڕێگەپێ نەدراو بێت، كەواتە هیج پاساوێك نییە بۆ ئەو كەسانەی سواڵ بە منداڵەكانیان دەكەن، ئەم كارە لە ئیسلامدا حەرام و قەدەغە كراوە. لەمە خراپتر ئەوەیە خەڵكانێكی چاوبرسی كار بە منداڵانی هەژار دەكەن، یان لەلایەن هەندێك سواڵكەر ترافیك و شوێنە قەرەباڵغەكان داگیر دەكەن، یان بە یەكتری دەفرۆشنەوە».
تەنیا بەدرەدین پسپۆڕی دەروونزانییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بەپێی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ هەموو تاكێكی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆی نییە كار بكات، بێگومان منداڵ پێویستی بەوەیە بەخێوكەرانی ژیانێكی شایستەی بۆ دابین بكەن و لە خوێندن بەردەوام بێت. بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە جیهاندا بڵاو دەكرێنەوە، بەشی زۆری ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی یاسایی (18 ساڵ) كار دەكەن، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، بەتایبەت لە هەندێك وڵاتی تازە پێگەیشتوو، یان دواكەوتوو، لە هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا كۆمەڵێك منداڵ لەسەر شەقامەكان و ترافیكەكان كار دەكەن لە هەردوو ڕەگەز و لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدان». گوتیشی: «بەپێی ئەو كەیسانەی كە هەمان بووە، یان ئەو حاڵەتانەی كە ئاگاداری بووین، بەداخەوە كەسانی دەروون نەخۆش هەوڵ دەدەن دەستدرێژی بكەنە سەر منداڵانی شەقام لە كچ و لە كوڕ، بە حوكمی ئەوەی منداڵ لەم تەمەنەدا لە ڕووی عەقڵییەوە تەواو پێنەگەیشتووە و هەموو ئامانجیشی لەو كاتەدا پارە پەیداكردنە، هەر بۆیە ڕەنگە ئاسانتر لە بەرانبەر پارە قەناعەتی پێ بهێندرێت. تەنانەت هەندێكجار ئەو منداڵانە بۆ دەستكەوتنی پارە پەنا دەبەنە بەر دزیكردن، هاوكات ئەو منداڵانە لەسەر شەقامەكان فێری زۆر خوو و ڕەوشتی نەشیاو و ناشیرین دەبن، ئەوانەی گوێبیستی دەبن دوورە لە دونیابینی منداڵیی خۆیان. لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە كە زۆرجار منداڵ بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێندرێت و دوور نییە بەو هۆیەوە خودی منداڵەكەش فێری بەكارهێنانی ماددەكە بێت. لە ڕووی دەروونییشەوە ئەو منداڵانە باری دەروونییان تێكدەچێت و ڕووبەڕووی سووكایەتیی جۆراوجۆر دەبنەوە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تووشی خەمۆكی و قەیرانی گەورەی دەروونی ببن، وێڕای ئەوەی لەلایەنی جەستەییشەوە زەرەرمەند دەبێت و ڕووبەڕووی لێدان و ئەشكەنجە و سزادان دەبنەوە، یان لەگەڵ منداڵانی دیكە تووشی شەڕ و ئاژاوە دەبن، هەندێك جاریش تووشی ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ دەبن».
سۆلین عوسمان چالاكی مەدەنییە سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «مەسەلەی منداڵ و گیروگرفتەكانی لە وڵاتەكەماندا بەگشتی و لە شارەكەی من (سلێمانی) بەتایبەتی گرنگییەكی باشی پێ دراوە، بەڵام وێڕای ئەمانەش هێشتا بە لێشاو منداڵ لەسەر شەقام و لەناو كوچەی بازاڕەكاندا دەبینین كە لەلایەن خێزانەكانیانەوە ناچار بە سواڵ، یان كاركردنی زۆرەملێ كراون. هۆكارەكەشی ناهۆشیاریی خێزانە كە بەداخەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر گوزەرانی منداڵەكانیان ناكەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێكی زۆری منداڵانی سەر شەقام كورد نین و زۆربەیان سوورین و بەشێكیشان عەرەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی نەتەوایەتی وا ناكات، دڵمان ئێش نەكات بۆیان، چونكە لە كۆتاییدا هەموویان مرۆڤن و لە زەمەنێكی پاكدان كە لایەق بەو پیسكردن و بەلاڕێ بردنەیان نین. چارەسەری ئەم پرسەش بەشێكی بە خێزان و كۆمەڵگە و بەشەكەی دیكەشی بە حوكمەت دەكرێت. پێویستە ڕۆژێك دروست بكەین، كە نە هیچ منداڵێك بۆ وەرگرتنی پارە بپاڕێتەوەو نە هیچ باوك و دایكێك لە ئەسڵی خۆیان دەربچن و منداڵیان لەسەر شەقام ڕەها بكەن، ئەمەش هەمووی بە كاری پێكەوەیی چارەسەر دەكرێت».
ئیدریس محەمەد، وەك ڕێنماییكاری دەروونی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پەروەردە مەسەلەیەكی گشتگیر و بەردەوامە، مرۆڤ بە درێژایی ژیانی لە كاتی بوونییەوە تاوەكو نەمانی پێویستی بە ئاراستەكردنی پەروەردەیە و خۆیشی بە حوكمی ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی پەروەردەكەی ئاراستە دەكاتەوە بۆ دەوروبەری، لە قۆناغی منداڵییش چونكە بناغەیە و ئەو بناغەیەش زۆرجار دەبێتە ئاوێنە بۆ قۆناغەكانی دیكەی تەمەنی، ئەگەر بە باشی پەروەردە نەكرا و، بە باشی ئاراستە نەكرا، بە لاڕێدا دەڕوات. سواڵپێكردن لە تەمەنی منداڵیدا ئاراستەكردنێكی خراپە لەلایەن پەروەردەكارانەوە و پەروەردەیەكی ناتەندروستە، پێویستە ئەو دایكان و باوكانە بە خۆیاندا بچنەوە، ڕاستە كۆمەڵێك بیانوویان هەیە، لەوانە هەژاری و بێكاری و نەخۆشی، بیانووەكانیان ڕاستن، بەڵام بۆ منداڵەكان نا، پێویستە دایك و باوك چارەسەرێكی باشتریان هەبێت دەكرێ بەخۆیان كاربكەن، ئەوان پێیانوایە ئەگەر منداڵەكەیان ئەوە نەكات، لە برسان دەمرن، بێ ئەوەی بیر لە داهاتووی ئەو منداڵە بكەنەوە».
ئەو ڕێنماییكارە دەروونییە، ئەوەشی دووپات كردەوە كە «سواڵكردن پاڵنەرە بۆ ئەوەی منداڵەكە بیركردنەوەكانی منداڵیی بیربچێتەوە، هاوكات ڕووبەڕووی دەیان گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی دەبێتەوە. منداڵی سەرشەقام و بەركار بە حوكمی ئەوەی زۆربەی كات لە دەرەوەیە، بەركەوتنی لەگەڵ خەڵك و هاوڕێی خراپ زۆر دەبێت و لە ئاكامدا تووشی تاوانی جۆراوجۆر دەبێت، ئەو كات گەستنی پەنجەی پەشیمانی هیچ سوودێكی نابێت، وێڕای ئەوەی ئەو منداڵە ڕووبەڕووی ئازار و ناخۆشی دەبێتەوە و ڕەنگە لەلایەن كۆمەڵگەوە سزا بدرێت». گوتیشی: «دایك و باوك پێویستە بنەماكانی پەروەردە لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەی دیدگای خۆیان و منداڵەكانیان فراوانتر بێت، بۆ ئەوەی هەمیشە شتەكان بە بەرفراوانی ببیندرێن و بە بیرتەسكی لە كێشەكان نەڕواندرێت، چونكە منداڵ نیعمەتێكە لەژێر دەستی دایك و باوكدا و پێویستە بە جوانترین پەروەردە ئاراستەی كۆمەڵگە بكرێن و كەرامەتیان پارێزراو بێت».