هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:هیوادارین لە كاروانی ئاوەدانیی زاخۆدا بواری هونەریش گرنگیی زیاتری پێ بدرێت

هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:هیوادارین لە كاروانی ئاوەدانیی زاخۆدا بواری هونەریش گرنگیی زیاتری پێ بدرێت

زاخۆ هەمیشە مەڵبەندی پێگەیاندنی داهێنەران بووە و لەو ڕووەوە دەیان هونەرمەند، شاعیر و ئاوازدانەری پێشكەشی نیشتمان كردووە، كە كاری نایابیان پێشكەش كردووە و جێپەنجەیان لە مێژووی هونەری كوردیدا دیار و بەرچاوە، بزاڤ زاخۆیی یەكێكە لەو هونەرمەندە گەنجانەی شاری زاخۆ كە خاوەن دەنگێكی خۆش و سەلیقەیەكی هونەریی بەرزە، تا ئێستا چەندین بەرهەمی پێشكەش كردووە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* دۆخی هونەری كوردی چۆن دەبینیت؟

- بە داخەوە لە كوردستان هونەر لە ئاستێكی لاواز دایە، لە ڕووی كۆمەڵایەتییە ئەو تێڕوانینەی كە پێشتر بۆ هونەر هەبوو هێشتا ماوە، ئەگەر سەیری میللەتانی دەوروبەرمان بكەین، دەبینن كە چۆن و بە چ شێوازێك ڕێز لە هونەر و كلتووریان دەگرن، چونكە دركیان بەوە كردووە كەهونەر هۆكاری پاراستنی زمان و كلتوور و ئەدەبی میللەتانە و، دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە زمانیان پەرە پێ بدەن و بیپارێزن و، ڕوویەكی گەشی كلتوور و زمانی خۆیان پیشانی جیهان بدەن.

ئەگەر سەیری شاری زاخۆ بكەین كە شاری پێگەیاندنی كەڵە هونەرمەندان و شاری ئاوازدانەر و شاعیر و كەسانی بە توانای هونەرییە،  هونەرمەندانی بە توانا هەن لە هەموو ڕوویەكەوە كە دەتوانین پێیان بڵیێن هونەرمەندی ڕاستەقینە، بەڵام چونكە پەیوەندییەكانیان باش نییە یان كەس ناناسن، دەبینین پشتگوێ دەخرێن، بۆیە ناچار دەبێ ڕوو لە كارێكی دیكە بكەن، زۆر لە هونەرمەندان كە جەماوەر دەنگ و سەلیقەی هونەرییانی قبووڵە و خاوەن جەماوەرێكی زۆرن و بەهرەی هونەرییان هەیە، پەیوەندییەكانیان باش نین و كەسانی دەستڕۆیشتوو ناناسن، یان توانای مادییان كەمە، ناتوانین پەرە بە هونەرەكەیان بدەن، بۆیە ناچار دەبن وەك پێشە گۆرانی بڵێن نەك وەك ئامانج بۆ خزمەتكردنی میللەت.

* لە هونەرمەندەكاندا كێ زیاتر كاریگەریی لەسەرت هەبووە؟

- چەندین هونەرمەندی گەورە هەن كە كاریگەرییان لەسەر من هەبووە و بە ئەزموونی هونەرییان سەرسام بووم، لەوانە نەمران ئەیاز یوسف، ئەردوان زاخۆی، تەحسین تەها، حەسەن جەزراوی، محمد عارف جەزراوی، دوای ئەوەی بۆم دەركەوت كە خودای مەزن بەهرەی دەنگخۆشیی پێ بەخشیوم، زیاتر بەم هوەرمەندانە كاریگەر بووم و، هەوڵم دا سوود لە ئەزموونی چەند ساڵەیان وەربگرم و لەسەر ڕێچكەیان بەردەوام بم، بۆ ئەوەی بتوانم لە ڕێگەی هونەرەوە خزمەتێك بە گەل و ڵاتەكەم بكەم.

هونەرمەند بزاڤ زاخۆیی بۆ گوڵان:هیوادارین لە كاروانی ئاوەدانیی زاخۆدا بواری هونەریش گرنگیی زیاتری پێ بدرێت

* ئایا دەتوانیت لە ڕێگەی هونەرەوە ژیانی خۆت مسۆگەر بكەیت؟

- بە دڵنیاییەوە هیچ هونەرمەندێكی كورد ناتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانی خۆی مسۆگەر بكات، چونكە ئەمە زۆر زۆر قورسە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە هونەری كوردی لە زۆر ڕووەوە لە پاشەكشێدایە و ئاستی هونەر لە دابەزینێكی بەرچاودایە، نەخاسمە لە پاراستنی مافی هونەرمەندان. ئەگەر هونەری كوردی لە ئاستێكدا بوایە تەواوی كاتی خۆمی بۆ تەرخان بكەم، ئێستا بەرهەمی زۆر جوانتر و بەرزترم پێشكەش دەكرد و زیاتر خزمەتم بە هونەری كوردی دەكرد، بەڵام بەو پێیەی كە هونەرمەند حەز و ئاواتەكانی بهێنێتە دی، لە ئێستادا هونەر بۆ ئێمە وەك خولیایەكە و سەرچاوەی بژێوی ژیان نییە، بەڵام هونەر و گۆرانی كوردیمان خۆشدەوێت و بەردەوامین، ئەگەر لەسەر ئەركی خۆیشمان بێت كۆڵ نادەین، بەداخەوە ئەمە قەدەری هونەرمەندانی كوردە كە دەبێ قوربانی بدەن.

* پەیوەندیت لەگەڵ ئاوازدانەر و هونەرمەندان چۆنە؟

 - پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هونەرمەندان، شاعیر و ئاوازدانەران زۆر باشە، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆریان كارم كردووە و سەركەوتنی زۆر باشم لەم بوارەدا بەدەست هێناوە، بەڵام ئەوەی كە مامۆستای منە و زۆر لێم نزیكە و بە قوتابخانە و نموونەی مامۆستایەكی ڕاستگۆی دەزانم، مامۆستای هێژا عەبدولعەزیز سلێمانە، كە زۆر زۆر یارمەتیی داوم، نەك لە بواری شیعر و ئاوازدا، بەڵكو لە ڕێنمایی و ئامۆژگارییشدا، هەر لە سەرەتای كاری هونەریمەوە تا ئێستا ئەو بەردەوامە لە پێدانی ئامۆژگاری و ڕێنمایی، بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە ئاستی هونەریم بدەم و كاری هونەریی جوانتر پێشكەش بكەم و خزمەت بە هونەری ڕەسەنی كوردی بكەم، لێرەوە سڵاوی خۆم ئاراستەی مامۆستا عەبدولعەزیز و هەموو ئەو مامۆستا و ئاوازدانەر و شاعیرانە دەكەم كە لە سەرەتای كاروانی هونەریمەوە كارم لەگەڵیاندا كردووە.

* خۆشت ئاواز دادەنێیت و تێكستی گۆرانی دەنوسیت؟

- لە ڕاستیدا شاعیری باش و پایەبەرز هەن كە خاوەنی گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی شیعرن لە هەموو بوارەكاندا، هەروەها تێكستی گۆرانی دەنووسن، و زۆر جار ئێمە خۆمان داوایان لێ دەكەین كە چیمان دەوێت، هەروەها موزیسیان و ئاوازدانەری گەورە هەن كە خاوەن شارەزایی وئەزموونی چەندین ساڵن لە بواری هونەریدا، خوای گەورە دەنگخۆشیی پێ بەخشیووم، بەم دەنگەش دەتوانم خزمەتی هونەری كوردی بكەم لە ڕێگەی تێكستی شاعیران و ئەو مێلۆدییانەی كە ئاوازدانەرە گەورەكان ئامادەیان كردووە، دەتوانین بە هەموومان كارێكی جوان پێشكەش بكەین.

* زاخۆ شارێكە بە هونەرمەندە گەورەكان ناسراوە، كە زۆریان بەخشیوە بە هونەری كوردی، بە بۆچوونی ئێوە ئایا حكومەتی هەرێم پاڵپشتی تەواوی هونەرمەندانی شاری زاخۆ كردووە؟

- لە ڕاستیدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، دوای ئەوەی زاخۆ بوو بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ گەشەسەندنێك گەورەی شارستانی بەخۆیەوە بینی لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و لە هەموو بوارەكاندا، ئەمەش لە سایەی بەڕێز جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، كە گرنگییەكی زۆر بە پڕۆژەكانی زاخۆ دەدات، وەك هونەرمەند هیوادارین لایەنی هونەریش پشكی ئەم پاڵپشتییە هەبێت كە حكومەت پێشكەشی خەڵكی شاری زاخۆی دەكات و، دڵنیاین جەنابی سەرۆكی حكومەت و ئیدارەی سەربەخۆ ئەمە لەبەرچاو دەگرن، چونكە زاخۆ پێشتر و ئێستاش و لە ئایندەشدا شوێنی پێگەیاندنی هونەرمەندانی شۆڕشگێڕە، كە لەپاڵ پێشمەرگە قارەمانەكاندا بە گۆرانی و سروود خزمەتی كوردستانیان كردووە.

* مامۆستا عەبدولعەزیز سلێمان بۆتۆ چی دەگەیەنێت؟

- كاركردن لەگەڵ مامۆستا عەبدولعەزیز سلێمان یەكێكە لەو شتانەی كە شانازیی پێوە دەكەم، چونكە ئەو لە سەردەمی هونەرمەندان فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەها و حەسەن جەزراوی و محمد عارف جزراویدا بووە، هەروەها مامۆستای هونەرمەندانی كۆچكردوو ئەیاز یوسف و ئەردەوان و زۆرێك لە هونەرمەندان بووە، جا ئەو هونەرمەندانە لە زاخۆ یان لە شارەكانی دیكەی كوردستان بووبن، هەروەها خاوەنی ئەزموون و شارەزاییەكی زۆرە لە بواری تێكست و ئاواز و میلۆدی و ناسینی دەنگەكان، بەتایبەتی لە بواری مێلۆدی و هەڵبژاردنی گۆرانی و تێكستدا، زۆر جار پێم دەڵێ چەند تایبەتمەندییەك زۆر پێویستن لە هونەرمەنددا هەبن، وەك: یەكەم شت دەنگ، كە زۆر گرنگی بە دەنگی خۆش دەدات، دووەم، زۆر ووردبوونەوە لە كارە هونەرییەكان، من یەكێكم لەو كەسانەی كە بە ئاسانی هەر بەرهەمێك ناكەم بە گۆرانی، بەڵكو لە هەموو ڕوویەكەوە لێی دەكۆڵمەوە و بەدوای لایەنە بەهێز و لاوازەكانیدا دەگەڕێم، دواتر ئەم بەرهەمە هەڵدەبژێرم، ئەمەش ئەوەیە كە مامۆستا لەبەرچاوی دەگرێت و بە یەكێك لە مەرجە گرنگەكانی دەزانێت و، دەڵێت دەنگی تۆ دەنگێكی پاكی كوردییە، و ئەم سیفەتانەی تۆ لە ئەیاز و ئەردواندا هەبوون، بە گشتی زۆر گرنگی بە دەنگ دەدات و بە هۆكارێكی سەرەكیی دەزانێت بۆ سەركەوتنی هونەرمەند لە كارەكانیدا.

Top