چۆن پارتی لە کەرکووک سەرکەوتوو بووە؟

چۆن پارتی لە کەرکووک سەرکەوتوو بووە؟

بەپێی دیدگای مێژوویی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کەرکووک ئەگەر لە ٪80 دەنگەکانی پارێزگای کەرکووکی بەدەستبهێنایە، هێشتا بۆ حیزبێکی خاوەن قوربانی و شەهید و مێژوویی لەگەڵ کەرکووکی وەکو پارتی زۆر کەمە، چوونکە پارتی شۆڕشێکی گەورەی کردۆتە قوربانی ناسنامە و شوناسی کەرکووک، بەڵام فراوانبوونی مشتومڕەکان و ژمارەیەک ڕەخنە و گلەیی کە بەشێکیان لە دڵسۆزییە و بەشێکی دیکەیان لە تێنەگەیشتوویی، خۆ دزینەوەیە لە لۆژیکیەتی بارودۆخی پارتی لە کەرکووک؛

یەکەم: پارتی لە کەرکووک ڕێژەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردووی زیادیکردووە و دەنگەکانی لەسەرو (52) هەزار دەنگەوەیە، کە ئەمەش زیادبوونی ڕێژەیەکی باشە بە نزیکەی (3500) هەزار دەنگ زیادبووە.

دووەم: لەنێو سیستمی ئاڵۆزی (سانتلیگۆ) کە بۆ خۆی ئەم سیستمە چەندین نادادپەروەری ئاشکرای تێدایە و زۆرجار لە چۆنیەتی دابەشکاری کورسییەکان ناشەفافییەتی زۆر دروست دەبێت، دەستخستنی (2) کورسی و پارێزگاری لە کورسییەکانی پێشووی، بۆ خۆی سەرکەوتنە.

سێیەم: ئاڵنگارییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان؛ بیر و باوەڕ و ستراتیژییەتی پارتی سەبارەت بە کەرکووک، دیوێکی قووڵی نیشتمانی هەیە کە وابەستەیە بە پێکەوەژیان، ئەمە بووە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ و ناوچەیی عێراق، کە ئەوان هێندە لە پێگەی پارتی لە (کەرکووک) دەترسن، هەموو جۆرە ڕێگەیەکی دوور لە پرەنسیپەکانی دیموکراتی دەگرنە پارتی بۆ لێدان و کەمکردنەوەی هەژموونی پارتی، بەڵام پارتی بە دەنگەکانی ڕووبەڕووی ئەم بەرنامەیە بووەوە.

چوارەم: پارتی زیاتر لە (6) ساڵە لە کەرکووک دوورە، ئۆرگانە حیزبییەکانی لە شارەکەدا نەبووە، هەرکاتێک ویستی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دەهاتە ئاراوە، گێرەشوێن و ئاژاوەچییەکان دەهاتنە سەرشەقام و ڕێگرییان لە گەڕانەوەی پارتی دەکرد، هەموو ئەمانە هۆکار بوون تا پارتی لەماوەیەکی کورتدا نەتوانێت پروپاگەندەیەکی تەواو پێرفێکت لە کەرکووک بکات، بەپێچەوانەوە لایەنەکانی تر بە هاوکاری هێزە بێگانەکانی نامۆ بە کەرکووک پیلان و بەرنامەیان دژی پارتی دادەڕشت.

پێنجەم: ڕێکخستنەکانی پارتی لە کەرکووک لە کەسی یەکەمەوە تاوەکو بە پەیکەربەندی هاتنە خوارەوەی ئەوانی تر، ئەوەی لە توانادا بوو لەماوەیەکی کورتدا ئەنجامدرا، بەڵام کەمی کات و دەستنەکراوەیی لە زۆر بابەتدا هۆکار بوو بۆ ئەوەی پارتی نەتوانێت دەستی بە جەماوەرەکەی بە تەواوی ڕابگات، بەڵام سەرەرای ئەوەش هەر کەموکوڕییەک هەبێت قابیلی چارەسەرە نەک شێواندن و تێکدانی هەموو حەقیقیەتەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکاندا.

شەشەم: ئەوەی گرنگە دووبارەی دەکەینەوە، بەهیچ شێوەیەک پارێزەری هەڵە، یان هەڵسوکەتی نەشیاوی هیچ کەسێک نین لە کەرکووک، بەڵام حەقیقەت نابێت وون بێت، ناکرێت بەرکەوتنی ماوەی ڕابردوو و ئێستاشمان لەم سنوورەدا بێدەنگمان بکات لە ڕاستییەکان و، بەرامبەر هەموو ئەو بچووک بینیەی سەبارەت بە کەرکووک و ڕێکخستنەکانی پارتی لە کەرکووک ئاراستە دەکرێت و مەبەستی دیکەی لەپشتەوەیە.

حەوتەم: حیزب لە باشترین ئاستیدا پێویستی بە پێداچوونەوەیە، لایەنگر و کادیری پارتیش باوەڕی بە مەرکەزیەت و ستراتیژییەتی جەنابی سەرۆک و فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی هەیە و کۆمەڵێک وردەکاریی ئەگەر هەبێت لێیدەگەڕێت، بۆ تێگەیشتنی قووڵتری سەرۆک بارزانی سەبارەت بە کەرکووک.

هەشتەم: پارتی لە کەرکووک حیزبی شەهیدانە، حیزبی پێشمەرگە و هەژار و نەدار و کاسبکار و چین و توێژەکانی کەرکووکە، پارتی لە ناخی کەرکووکییەکاندایە، نە دەنگ و نە کورسی پێوەری گرنگی پارتی لای کەرکووک دیاریناکەن.

نۆیەم: پارتی لە کەرکووک پشت ئەستوورە بە جەماوەرێکی ورە پۆڵاین کە لەیەک کاتدا لەگەڵ ژەهری خیانەت و پیلانی میلیشیا و فشاری ناوخۆیی و ئیقیلیمیدا ناهێڵێت شکۆی کورد و حیزبەی بشکێت.

دەیەم: لەلای پارتی سەرکەوتنی کورد لە زیادبوونی دەنگەکانی پارتی گرنگترە، ڕاستە پارتی لە کەرکووک و نەینەوا دەنگەکانی پاراستووە و کورسییەکانی هێشتووەتەوە بەڵام پارتی لەسەر ئاستێکی زۆر فراوانتر و قووڵتر بۆ کەرکووک کاردەکات، بەهێزبوونی پێگەی کورد لە کەرکووک، نەهێشتنی ئاسەوارەکانی گۆڕینی دیموگرافی و خیانەت و تەزویر و فێڵ و تەڵەکەبازییە ئاشکراکان هەوڵی جیدی پارتی دەبێت لە داهاتوودا.

لە کۆتاییدا؛ وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووێت؛ ( ئەمڕۆ وەکو دوێنێ نییە، سبەینێش وەکو ئەمڕۆ نابێت).

 

Top