ئالین بۆگوڵان:هونەری كوردی هۆكاری پاراستنی زمان و كلتوورمانە

ئالین بۆگوڵان:هونەری كوردی هۆكاری پاراستنی زمان و كلتوورمانە

خانمە هونەرمەند ئالین لە ڕۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، ماوەیەكی زۆرە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەیان گۆرانی و كلیپی پێشكەش كردووە، كە دوایینیاندا سروودی (بابێ مێرخاس بارزانی) بوو، كە لە ساڵیادی لە دایكبوونی باوكی ڕۆحی كورد (بارزانی نەمر) پێشكەشی كرد.

چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئالین كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە.

* هونەری كوردی چ ڕۆڵێكی لە پاراستنی كلتووریدا كو‌ردی هەبووە؟

-لە دێر زەمانەوە ئێمەی میللەتی كورد هەمیشە ڕووبەڕووی بندەستی و داگیركاری بووینەتەوە، تا ئێستاش ئەم بابەتە چارەسەر نەكراوە، تەنیا بەشێكی كوردستان ئازادە، ئەویش لە چوارلاوە دەورە دراوە و دوژمنان بەردەوام هەوڵ دەدەن بە شێوازی جیاجیا لە ناوی بەرن، ئەگەر باس لە هونەر بكەین، بە درێژایی مێژووی كورد ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پاراستنی زمان و كلتووردا، ئێمە كورد خاوەن كلتوورێكی دەوڵەمەندین، هۆكاری مانەوەی زمانەكەمان بە زیندووی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی نەهامەتی و داگیركاری بۆ هونەری كوردی دەگەڕێتەوە، بە هەموو شێوازەكانی و لە هەموو پارچە و شوێنەكانی كوردستان.

* پێتوایە لە كام پارچەی كوردستان هونەری كوردی زیاتر پێشكەوتووە؟

- سەبارەت بە پێشكەوتنی هونەر لە پارچەكانی كوردستان، ناتوانین بە ڕەهایی بڵێین لەم پارچە هونەری كوردی پێشكەوتووە یان لە پارچەكەی دی پێش نەكەوتووە، چونكە بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی هەر پارچەیەكی كوردستان جیاوازە و كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر پێشكەوتن و دواكەوتنی هونەری كوردی لە هەر پارچەیەك بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی شانازییە، لە هەر سەردەمێك و لە هەر پارچەیەك كە گەلی كوردستان زیاتر ڕووبەڕووی چەوسانەوە و لەناوبردن بووەتەوە، هونەر ڕۆڵی خۆی بینیوە لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە میللەتەكەمان بە زیندوویی بمینێتەوە و زمانی كوردی هەر بە ڕەسەنی و بە زیندووی بمینێتەوە، هونەر لە سەردەمێكدا یەكێك بووە لە هۆكارەكانی خەبات دژی داگیركەرانی كوردستان، ئێستاش لە هەندێك پارچەی كوردستان هەمان ڕۆڵی هەیە و هۆكارێكە كە میللەتی كورد لە ڕێگەی هونەرەوە گوزارشت لە مافە ڕەواكانی خۆی بكات و بەرگریی لێ بكات.

ئالین بۆگوڵان:هونەری كوردی هۆكاری پاراستنی زمان و كلتوورمانە

* بۆ تۆ كاری هونەری لە ئەوروپا چەند زەحمەتە؟

-كاری هونەری لە ئەورووپا و كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە، ڕەنگە هەندێك جار بڵێن لە ئەوروپا ئیمكانیات زۆرترە، بەڵام یەك شت هەیە كە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت، ئەویش ئەوەیە هونەرمەندی كورد لە هەر شوێنێك بێت بەشێكی زۆری ئەركی جێبەجێكردنی كارە هونەرییەكانی دەكەوێتە ئەستۆی خۆی، واتە خۆی سپۆنسەری كارەكانی دەكات، یەكێك لە گرفتەكانی ئێستای هونەری كوردی نەبوونی سپۆنسەرە، ئەمەش بۆ هونەرمەند زۆر سەختە، بۆ نموونە كۆكردنەوەی مۆزیسیان و ئامادەكردنی مووزیك ئاسان نییە، كەچی لە هەر پارچەی كوردستان دەتوانیت بە ڕۆژێك تیپێكی تەواو ئامادە بكەیت، لە ئەوروپا جیاوازە لەوانەیە تۆ پێویستیت بە شەش ژەنیار هەبێت هەریەكیان لە وڵاتێكن، كۆكردنەوەی ئەو هەمووانە ئەركێكی زۆری دەوێ لە ڕووی ماددی و جەستەییشەوە ماندووبوونێكی زۆری دەوێ، بۆیە لە ئەورووپا یان لە دەرەوە هونەرمەندی كورد ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاجیا دەبێتەوە.

* لە كارە هونەرییەكانتدا زیاتر هەست بە لایەن نەتەوەی دەكرێت، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- من شانازی بەوەوە دەكەم كە هونەر بۆ خزمەتی میللەتەكەم، گەلەكەم و وڵاتەكەم بەكار دەهێنم و لە ڕێگەی هونەرەوە خەبات دەكەم بۆ پێشخستنی میللەتەكەم، بە هەر شێوازێك بێت من ئیستا هونەرم كردووەتە ئامرازێك بۆ ئەم مەبەستە، لایەنی نەتەوەیی بۆ هونەرمەند زۆر گرنگە دەبێ هونەرمەند پێش هەموو شتێك خۆی بناسێت و، درك بە ئاستەنگ و ناهەموارییەكانی میللەتەكەی خۆی بكات، درك بەوە بكات كە میللەتەكەی ڕووبەڕووی چەوسانەوە بووەتەوە، ئەمەش كارێكە لە هونەری مندا لە ستایلی مندا هەستی پێ دەكرێت و شانازتیشی پێوە دەكەم.

 خۆشەویستیی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی، گەورەترین هاندەری بەردەوامبوونیەتی لە كاركردنی بەردەوام بۆ پێشكەشكردنی كاری جوان بە جەماوەرەكەی و، خزمەتگەیاندن بە كوردستان لە ڕێگەی هونەرەوە، بەتایبەتی لەو قۆناغە مێژووییەی ئێستا كە میللەتی كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت و، ئەو پیلانە هەمە لایەنانەی كە دژی گەیشتن بە ئاواتەكان لەلایەن دوژمنانەوە دادەڕێژرێن، دیارە هونەر و هونەرمەندانی كورد ڕۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە دەوڵەمەندكردنی كلتووری كوردستان و پاراستنی ناسنامە و زمانی میللەتی كورد، چونكە دوژمنان بەرلەوەی خاكمان داگیر بكەن، هەوڵیان داوە زمان و كلتوورەكەمان لە ناو ببەن و بیشێوێنن، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمەی نەوەی ئێستا كە درێژەپێدەری خەباتی هونەرمەندانی پێش خۆمان بین و، ڕێگە نەدەین دوژمنان بە مەرامی خۆیان بگەن.

Top