هێمن ئەسكەندەر بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووە دەستكاریی كورسیی كۆتاكان بكرێت
هێمن ئەسكەندەر بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان» هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر پرۆسەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا كرد، لەسەر كێشەی كۆتاكانی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستانیش بەمجۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هێندە هەموار كراوەتەوە و هێندە دەستكاری كراوە، بووەتە یاسایەكی سەرلێتێكچوو، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی ڕۆحی یاساكە نەمێنێت. خۆزگە بۆ ئەوە دەخوازم كە بمانتوانیایە لەناو پەرلەماندا یاسایەكی تازەمان دابڕشتایە بۆ ئەوەی بمانتوانیایە لەناو یاساكەدا خواستی هەموو لایەنەكان بە پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستانیشەوە تێیدا بوایە و، هەموو ئەو كێشانەشی چارەسەر بكردایە كە بوونە هۆكاری ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بكەوێت.
وەك بیرهێنانەوەیەك، دیموكراتییەتی ڕاستەقینە، دیموكراتییەتی ڕاستەوخۆیە، ئەویش بەو مانای كە دەبێت هەموو خەڵك بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاری سیاسیدا بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی ناگونجێت بە ملیۆنەها هاووڵاتی بەشداری پرۆسەی دروستكردنی بڕیار بكەن، بیر لە دیموكراتییەتی ناڕاستەوخۆ، یان وەك ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن «نوێنەرایەتی» هاتە ئاراوە و، سیستمێك دانرا بۆ كەسێك خۆی كاندید بكات و نوێنەرایەتیی ئەو خەڵكەبكات كە دەنگی پێ دەدەن، ئەویش دێت لە ناو پرۆسەی یاساداناندا نوێنەرایەتیی ئەو خەڵكە دەكات و بەرژەوەندییەكانی ئەو خەڵكەی دەنگیان پێ داوە، لە یاسا و بڕیارەكاندا جێگەیان بۆ دەكاتەوە.
ئەم ئاماژەیەم بۆ ئەوە بوو، كاتێك ئێمە دەڵێین نوێنەری ڕاستەقینە، نوێنەرانی پێكهاتە بەڕێزەكان دڵگران نەبن، چونكە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە بۆ ئێمەش وەك حزبێكی سیاسی ڕاستە، لەبەر ئەوەی ئێمەش كە بە دەنگی خەڵكی خۆمان دەبینە پەرلەمانتار و پاشان نەمانتوانی نوێنەرایەتیی ئەو خەڵكانە بكەین، كە دەنگیان پێ داوین لەسەر بنەما و پەیڕەو و بەرنامە، كەسی وا نابێتە نوێنەرێكی ڕاستەقینەی ئەو حزبەی ناردوویەتیە پەرلەمان.
لەسەر پرسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان، دید و تێڕوانینی هەموو لایەنە سیاسییەكان وەك یەك نییە و جیاوازی لەنێوان تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە هەیە، لەو كۆبوونەوانەی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان كە ئێمە لە هەموویان بەشدار بووین، جیاوازیی نێوان دید و بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان زۆر بە ڕاشكاوی دیار بوو. ئێمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێمان باشە كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتە جیاوازەكان هەبێت، هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووین دەستكاری كورسیی كۆتاكان بكرێت، لەبەر ئەوەی قەناعەتمان بەوە هەیە، ئەمانە پێكهاتەی ڕەسەنی ئەم نیشتمانەن و مافی خۆیانە لە ناو پەرلەمان نوێنەریان هەبێت و خێریشیان پێ ناكەین، بەڵكو بە بێ ئەوان پرۆسە سیاسییەكە لاسەنگ دەبێت و جوان نییە، بۆیە بوونی نوێنەری ئەوان لەناو پەرلەماندا زۆر گرنگە، واتە دەمەوێت بڵێم: یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریش كە نوێنەریان بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادە نەبوو، هەرگیز باسی كەمكردنەوە، یان نەمانی كورسیی كۆتایان نەكردووە، بەڵكو باس لە شێوازی بەشداریی كۆتا كراوە، بە جۆرێكی دیكە باس لەوە كراوە، ئایا ئەم كۆتایە چۆن بێت و كێن ئەوانەی نوێنەرایەتیی كورسیی كۆتاكان دەكەن؟
لە گفتوگۆكاندا هەندێك ئیشكالییەت لەسەر پرۆسەی كۆتاكان دروست بوو كە بریتی بوون لە:
- بابەتی ئەوەی هەڵبژاردن بە یەك بازنە بكرێت، یان چوار بازنە.
- لەناو ئەم چوار بازنەیەدا كۆتای پێكهاتەكان بە سەر بازنەكاندا دابەش بكرێت، یان دابەش نەكرێت.
پێش ئەوەی ئەم كێشانە بێنە ئاراوە، ئێمە بۆچوونێكمان هەبوو، ئێمە پێمان وابوو، پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان كە بوونیان پێویست و جوانە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا، ناتوانن بە دەنگی خۆیان نوێنەر بنێرنە پەرلەمان، ئەگەر بیانتوانیایە پێویستمان بە كۆتا نەدەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی جیاكارییەكی ئەرێنییە و دەبێت میكانیزمێك هەبێت بۆ ئەوەی خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن و ئەو نوێنەرانەی دەینێرنە پەرلەمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خۆیان بێت و، ئامانجیش لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوەیە، دوای ئەوەی ئەم پرۆسەیە كۆتایی دێت، هەموومان بە ئاكامەكانی ڕازی بین، نەك هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاكامەكان گلەیی و گازندە دەست پێ بكەین.
ئەم قسەیە بەو مانایە نییە، بۆ نموونە هاووڵاتییەكی توركمان لەناو حزبێكی ئیسلامییە و مافی ئەوەی نییە ببێتە كاندیدی حزبەكەی خۆی بۆ پەرلەمان، یان كەسێك كریستیانە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، یان بزووتنەوەی گۆڕان، یان یەكێتیی نیشتمانیی، بڵێین مافی نیە ببێتە كاندیدی ئەو حزبە، ئەمەیان پرسی ئازادیی سیاسییە، بەڵام كاتێك لە ڕێگەی كۆتاوە كورسییەك تەرخان دەكرێت بە ناوی كۆتای پێكهاتەكان، ئەوا بۆ كریستیانەكان وا باشترە لەناو حزبێكی كریستانی بێت، بۆ توركمان وا باشترە لەناو حزبێكی توركمانی بێت، لام وابێت ئەرمەن حزبی سیاسییان نییە، بۆیە ئێمە قسەمان لەسەر ئەمەیان نییە، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، گرنگە تۆماری دەنگدانی كۆتاش جیا بكەینەوە، چونكە ئەگەر تۆماری دەنگدەران تێكەڵ بوو، ئەوا وەك لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراقدا بینیمان كە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستتێوەردانیان كرد بۆ بەرژەوەندیی هەندێك حزب لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی هەندێك حزبی دیكە.
سەبارەت بە دابەشكردنی كۆتاكانیش بە سەر بازنەكان ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووین و پێمان وابوو مادام كورسییەكانی كۆتا ژمارەیان كەمە پێویست ناكات دابەشی سەر بازنەكان بكرێن و نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لەم گفتویە ئەو بڕگەیەی خوێندەوە كە لەسەری ڕێككەوتبووین كە ڕێز لە خواست و ویستی پێكهاتەكان بگرین.
هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە پێشنیاری بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان ئەوەیە، بوونی كۆتاكان پێویستە بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، پێمان باشە لە یەك بازنەدا هەڵبژاردنی خۆیان بكەن، بەڵام كارێكی خراپە ببنە بەشێك لە ململانێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو دوو حزبە ململانێی سەختی مێژووییان هەیە، پارتی و یەكێتیش كارێكی زۆر باش دەكەن كە پێكهاتەكان نەكەنە بەشێك لە كێشەی نێوان خۆیان.