یاسین حەمە عەلی بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان:   گرنگە پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، تەنانەت ئەگەر بازنەی هەڵبژاردنی پێكهاتەكان یەك بازنەش بێت، ئێمە ئەم پرسەمان بەلاوە گرنگترە

یاسین حەمە عەلی  بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان:     گرنگە پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، تەنانەت ئەگەر بازنەی هەڵبژاردنی پێكهاتەكان یەك بازنەش بێت، ئێمە ئەم پرسەمان بەلاوە گرنگترە

 

 

 

یاسین حەمە عەلی، یەكێكە لە هەڵسووڕاوە دیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی ئەو بزووتنەوەیە، لە گفتوگۆی ئەمجارە «هەڵبژارن و كۆتای پێكهاتەكان» باسی لەو پڕۆژە یاسایەی بزووتنەوەی گۆڕان كرد كە لە ساڵی 2021 پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە، لە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و دوانەخرێت، سەبارەت بە پرسی كۆتای پێكهاتەكانیش هەڵوێستی گۆڕانی لەسەر ئەم پرسە ڕوون كردەوە و بەمجۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:

كێشەی كۆتاكان یەكێك بوو لەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی كە نەتوانرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام دەبێت دەست بخەینە سەر ئەو ڕاستییەش كە كێشەی كۆتاكان تەنیا ئاستەنگ نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێك كێشە و بابەتی دیكە هەبوون، كە بوونە هۆكاری ئەوەی نەتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو بە ناوبژیوانیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق چەندین كۆبوونەوە كران، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو كێشانە بگەنە جۆرێك لە سازان و ڕێككەوتن، بەڵام نەگەیشتنە ئەو سازانە، پێشتریش ڕێككەوتنێك لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەبوو، بەوەی پێویستە لەسەر هەر پرسێك كە ڕەهەندی نیشتمانی هەبێت، ئەوا دەبێت ئەو پرسە بە سازان یەكلایی بكرێتەوە. بەڵام لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا جیاوازییەكی زۆر لەسەر چەند پرسێك هەبوو، لەوانە «كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، یان چوار بازنە بێت، بە كام تۆماری دەنگدەران هەڵبژاردنەكە بكرێت»، بۆ ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان پرسی «دەنگدانی تایبەت» كە ئێمە لە ڕابردوودا گلەییەكی زۆر و زەوەندمان لەسەر هەبوو، كە لە بەشێكیدا ئەمە دەبەسترێتەوە بە دەنگدانی پێكهاتەكانیشەوە.

ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا فراكسیۆن بووین كە لە 31ی 3ی 2021 پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنمان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی نەكەوینە ناو بۆشایی یاساییەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە جۆرێك لە بێباكی هەبوو، كە دەتوانم بڵێم ئەو گفتوگۆیانەشی لەناو كۆبوونەوەكاندا دەكران، هێندەی كەلێنی نێوان لایەنە سیاسییەكان فراوانتر دەكرد، هێندە لێك نزیكبوونەوە نەبوو.

لە سەرەتای ئاداری 2023 و بە دروستی لە 11ی ئاداری 2023 لە كۆبوونەوەی نوێنەرانی دەزگاكانی هەڵبژاردنی هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنێك ئیمزا كرا، چەند خاڵێك ڕێككەوتنی لەسەر كرا، لەوانە:

- لەسەر بابەتی پێكهاتەكان لەسەر ئەم شێوازە ڕێككەوتبووین، سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن و، ویست و داخوازیی پێكهاتەكان لە بەرچاو بگرن.

ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە پشتگیریی ئەوەمان كردووە و گوتوومانە با پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ڕاشكاوانەش ئاماژە بەوە دەكەم كە ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان پێمان وابوو نوێنەری ڕاستەقینەی پێكهاتەكان لە پەرلەمان بوونی نەبووە و بەداخەوە ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ پێكهاتەكان هەبووە، لە ساڵانی پێشوو لە زۆر ڕكابەری و ململانێكانی ناو پەرلەماندا ئێمە كەوتینە ئەو بەرەیەی كە زەرەرمەند بووین لەو هەنگاوانەی كە نراون و پێكهاتەكانیش بەشێك بوون لەو پرۆسەیە.

برادەران باسیان لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 ی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كرد، لەو یاسایەشدا ئاماژە بەوە كراوە، كە پێكهاتەكان تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

بوونی كورسیی كۆتا، جیاكارییەكی ئەرێنییە، ئەم جیاكارییە لە پێناوی ئەوە كراوە، كە ڕێژەی دەنگی پێكهاتەكان بە تەنیا نەگەتە ئەوەی كە بتوانن نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كە ئامانجە بۆ ئەوەی نوێنەریان هەبێت، گرنگە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت و خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، بۆ ئەمەش دەبێت كۆمیسیۆن بیر لە میكانیزمێك بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو تۆمارەیان بۆ دروست بكات، لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە هاوشێوەی تازەكردنەوەی تۆماری دەنگدانی گشتی، تۆماری دەنگدانی پێكهاتەكانیش تازە بكاتەوە.

ئێمە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو ئەو قەناعەتەمان هەبووە، بەوەی ئەو دەنگانەی دراون بە پێكهاتەكان دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان نەبووە، كۆمەڵێك پرۆسە هەیە، وەك پرۆسەی «دەنگدانی تایبەت» بەكار هاتووە، بۆ ئەوەی ئەو كاندیدانە دەربچن كە حزبێكی دیاریكراو مەبەستیەتی، نوێنەری نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان كۆبووەتەوە كە 21 نوێنەریان ئامادە بوون، ئەوانیش جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە و دەڵێن «ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەمان نەبووە»، بۆیە زۆر گرنگە ئێمە ئەم مافە لە پێكهاتەكان زەوت نەكەین، با خۆیان كاندیدی خۆیان هەڵبژێرن و خۆیان دەنگی پێ بدەن و خۆیان بڕیار بدەن، واتا تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان و بنكەی دەنگدانی خۆیان هەبێت. ئێمە جەخت لەوە دەكەینەوە كە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، تەنانەت ئەگەر بازنەی هەڵبژاردنی پێكهاتەكان یەك بازنەش بێت، ئێمە ئەم پرسەمان بەلاوە گرنگترە.

ئەو بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە كە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و هەڵبژاردن دوا كەوتووە، بارودۆخێكە خۆمان بەسەر خۆمانمان هێناوە، ئەگەر لە كاتی خۆیدا ئێمە هەموو لایەنە سیاسییەكان وازمان لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبیی خۆمان بهێنایە، دەمانتوانی زۆر بە زوویی كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین و بەم ڕۆژە نەدەگەیشتین، كە هەموو دامەزراوەكانمان كەوتە ژێر پرسیارەوە و لە فەراغی یاساییداین، لە سەرووی ئەمانەوە دادگایەك بەسەر سەرمانەوە دانراوە، كە هەر ڕۆژێك بەیانیان هەڵدەستین، گوێبیستی بڕیارێكی تازەی ئەو دادگایە دەبین كە هەواڵێكی كتوپری پێیە بۆمان، هیوادارین لە داهاتوودا بیر لە چارەسەركردنی ئەم كێشانە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر نەكەوینە ژێر ڕەحمەتی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی.

 دوایین خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆژەكەماندا ئاماژەمان پێ كردووە و پێشكەشی پەرلەمانمان كردووە و، پرسی دیاریكردنی بەرواری هەڵبژاردنەكانە هەر چوار ساڵێك لە كاتی خۆیدا، هەر بۆ نموونە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 لە 21ی ئەیلوول ئەنجام درا، بۆیە داوامان كردووە هەر چوار ساڵ جارێك لە 21ی ئەیلوول هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.   

 

Top