حەنان ئەسعەدوڵڵا یارنەزیر: كاندیدی ژمارە 8 لەسەر لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارێزگای دیالە   ئافرەتان كە نیوەی كۆمەڵن، پێویستە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ڕووی ماددی و مەعنەوی  پشتگیری بكرێن

حەنان ئەسعەدوڵڵا یارنەزیر:  كاندیدی ژمارە 8 لەسەر لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارێزگای دیالە     ئافرەتان كە نیوەی كۆمەڵن، پێویستە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ڕووی ماددی و مەعنەوی   پشتگیری بكرێن

 

 

بڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا بانگەشەی هەڵبژاردن لە 15 پارێزگای عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، كورد لە پارێزگاكانی (كەركووك، نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین) بە هاوپەیمانی و قەوارەی جیاجیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شوێنی ململانێی توندی لایەنە كوردی و عەرەبی و توركمانییەكان دەبێت.

پارێزگای كەركووك و بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا و پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە، دەكەونە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە 15 كاندیدی هەیە.

بۆ ئەمجارەش كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە فرەلیست بەشدار دەبن، هاوكات لە ناو بەربژێرەكاندا ژمارەیەك لە خانمانی بەتوانا كاندید كراون. پێنج ئافرەتی بەتوانا و پڕئەزموون بۆ پۆستی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دیالە كاندیدن.

 حەنان ئەسعەدوڵڵا یارنەزیر كاندیدی ژمارە 8 لەسەر لیستی 197 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای دیالە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەربژێرە و خانمێكی بە هەڵوێست و داكۆكیكارێكی سەرسەختی خەڵكی سڤیلی قەزای خانەقین بووە، هاوكات پاڵپشت و خەمخۆری خانمان و منداڵانی ناوچەكەیەتی. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەمجۆرە باسی بەرنامەكانی كاری خۆی دەكات.

وەكو كچە كوردێكی خانەقینی ئامانجی سەرەكیم لە خۆكاندیدكردنم ئەوەیە كاربكەم بۆ چارەسەركردنی گرفتی هەژاری و كەمكردنەوەی بێكاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی ئیداری لە سنووری ناوچە كوردنشینەكان، هەروەها گرنگی بدەم بە كەرتی تەندروستی، خزمەتگوزاری، پەروەردە و فێربوون، وێڕای گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بووژاندنەوەی واقعی ئابووری لە ڕێگەی بەگەڕخستنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ كرێكاری ناوخۆیی و بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی تاك.

سەرەتا كار لەسەر وەبەرهێنانی گەنج دەكەم لە دۆزینەوەی هەلی كار و بایەخدان بە تواناكانیان لە بوارە جیاوازەكاندا، هاوكات لەگەڵ وەبەرهێنان و خستنە سەر كاری گەنجان بایەخ بە كەرتی وەرزش دەدەم، چونكە گەنجان سەرمایەیەكی بە نرخ و بنچینە و دامەزرێنەری داهاتوون، لەلایەكی دیكەوە گرنگی بە دروستكردنی پڕۆژەی بچووك دەدەم، لە بەرانبەردا بە شێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوون بۆ كارەكان دەكەین.

هەروەكو ئاماژەم پێدا، كەرتی كشتوكاڵ یەكێكە لە كەرتە گرنگەكان كە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، لەبەر ئەوە لە بەرنامەی كارمدا كار بۆ گەڕانەوەی زەوییە كشتوكاڵییە داگیركراوەكانی كورد دەكەم بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانی خۆیان، كە ساڵانێكە زەوی و زاری كورد لەو ناوچانە داگیر كراون.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە پلان و بەرنامەی داهاتوومدا بایەخێكی تەواو بە ئافرەتە كوردەكانی سنووری پارێزگای دیالە دەدەم، ئافرەت لەم ناوچانەدا دوو جار زوڵمی لێ كراوە، جارێك بە هۆی كورد بوونیەوە، جارێكیش بە هۆی ژن بوونییەوە، بۆ ئەوەی ئافرەتان كە نیوەی كۆمەڵن، پێویستە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ڕووی ماددی و مەعنەوی پشتگیری بكرێن، لەو بوارەدا بەدواداچوونی جددی دەكەم و پڕۆژەشم بۆ ئەو كارە ئەوەیە كە گرنگییەكی تەواو بە دۆخی منداڵان بدەم و بەپێی توانا دەستەبەری مافەكانیان بكەم.

 

Top