پارتی بۆ كەركووك واتا كوردستانییەتی ئەم شارە و پارێزگاریكردن لە ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان
دەنگدان بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بە گەڕانەوەی مافی كەركووكییەكان و باشكردنی خۆشگوزەرانییە لە پارێزگای مووسڵ
كەركووك و مووسڵ و دەشتی نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانییەوە بە ڕاددەیەك پەراوێز خراون، لە ئاست خەبات و قوربانییەكانی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم ناوچانەدا نییە، بەتایبەتی بۆ پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی كە لەو ناوچەیانەدا پێكەوە دەژین، لە كاتێكدا سامانێكی دەوڵەمەندی ژێر زەوی و سەر زەوی لەم سێ پارێزگایەدا هەیە. پارتی دیموكراتی كوردستان بە كردار سەلماندوویەتی كە پارتی ڕۆژە سەختەكانە و هەرگیز لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە، پارتێك كە سەرۆك مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی بكات و بەرەو پێكەوەژیان و ئاشتی و ئارامی و خزمەتكردنی خەڵكەكەی ئاراستەی بكات، هەرگیز پەیام و درووشمەكانی لەبیر ناچێت و بە كردار جێبەجێیان دەكات. بارزانی پارێزەری پێكەوەژیان و ئاشتییە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، لە كاتی هێرشەكانی داعشدا لەسەر داوای سەرۆك بارزانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی بە ڕووی دوو ملیۆن هاووڵاتی ئاوارەدا واڵا كرا و پارێزەری ژیان و ماڵ و حاڵی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان بوو، بەبێ جیاوازی، لەم پێناوەدا پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی و پارێزەرانی كوردستان شەهید و قوربانیی زۆریان بەخشی. لەم هەڵبژاردنەی پارێزگاكانیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستێكی بەهێز بەشداری دەكات، كە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی لەخۆ دەگرێت، بەشداریكردنی پارتی بە لیستێك كە نوێنەرایەتیی سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی ئەم پارێزگایانە دەكات، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە كە پارتی پارێزەری پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە و، داكۆكیكاری ماف و خواستی هەمووانە.
لیستەكەی پارتی هەڵگری درووشمی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانییە، داكۆكیكاری مافی خوراوی هەموو نەتەوەكانە، بەتایبەتی هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمان، كاندید و كادیران و لایەنگرانی پارتی وێڕای ئەوەی لە لایەن هەندێك هێزی چەكدارەوە كە نامۆن بە ناوچەكە و خێروخۆشییان بۆ خەڵكەكە نییە، ڕووبەڕووی ئیرهابی فكری و تەشهیر و هەڕەشكردن و دڕاندنی پۆستەرەكانیان بوونەوە، بەڵام پەروەردەی جوانی ڕێبای بارزانی وای كردووە، كە پیشەییانە مامەڵە بكەن و ئەخلاقییەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان پاراستووە. لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا چەند كاندیدی دیكەی لیستی 197 ڕا و سەرنجی خۆیان و بەرنامەی هەڵبژاردنەكەیان دەخەنە ڕوو.
پارێزەر شۆخان حەسیب كوێخا حوسێن،
كاندیدی ژمارە 8ی لیستی 197 لە پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:
پەیامەكانی لیستی 197ی پارتی بۆ كەركووكییەكان لەسەر ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانییە كە فەرموویەتی: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت»
سەرۆك بارزانی بۆ كەركووكییەكان ئەو پاڵپشت و پشتیوانەیە كە ڕێگە نادات، شۆڤێنییەت و كەسانی بەدەر لە یاسا، ئەم پارێزگایە بەڕێوە ببەن، هەر وەكو چۆن مەلا مستەفا بارزانی لە پێناو كەركووك و كەركووكییەكان و كوردستانییەتی كەركووك ئامادە نەبوو، سازش بكات، ئێستەش پارتی پارێزەری كوردستانییەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە. ڕێبازی بارزانی كە پارتی و كاندیدەكانی لەسەر پەروەردە بوون، لەسەر وتەكەی مەلا مستەفا بارزانی داكۆكی لە خەڵكی خۆیان دەكەن كە فەرموویەتی: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت»، ئێمەش لەسەر ئەم ڕێبازە پارێزگاری لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و خەڵكی ڕەسەنی شاری كەركووك دەكەین.
پەیامی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و خزمەتگوزارییە، لەم پێناوەشدا من وەكو پارێزەرێك زۆر داكۆكی لە چەسپاندنی یاسا و پارێزگاریكردن لە ئاشتی و سەقامگیریی شارەكەم دەكەم، بەتایبەتی لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەم شارە بووەتە سەربازگە و خەڵكانێكی خۆسەپێن كاروباری نایاسایی ئەنجام دەدەن، بە بەرچاوی هەموو لایەكەوە كەركووكییەكان و بەتایبەتیش كورد دەچەوسێتەوە و پۆستەكانیان لە كورد سەندووەتەوە، كورد لە دامەزراندن و پۆست و بەڕێوەبردنی پارێزگاكەیدا بێبەش كراوە، پرۆسەی تەعریب و داگیركردنی خاكی باوپاپیرانمان بەردەوامیی هەیە و پێشێلی یاسا و دەستووری عێراق دەكرێت.
لە كەركووك كاتێك ناوی پارتی دێت، واتا كوردبوون، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە شۆڤێنییەكان حەزیان نەدەكرد، پارتی بگەڕێتەوە ناو شارەكە. ئەوە سەرۆك بارزانی بوو لەگەڵ لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت حكومەتی عێراقیان دامەزراند، بۆ ئەوەی تەعریب لە كەركووك ڕابگیرێت و ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ بكرێت. سەرۆك بارزانی بارەگای حزبەكەی كردە دیاری بۆ گەنجەكانی شاری كەركووك و زانكۆی كەركووك، بۆیە خەڵكی زۆر ئومێدیان لەسەر پارتی هەڵچنیوە و، داواكارم هەموو كوردێك دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدات، تاوەكو لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا زۆرترین كورسی بەدەست بهێنن و پارێزگارێكی بەهێزی بۆ دابمەزرێت، كە داكۆكی لە پێكەوەژیان و ئاشتی بكات و كار بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەبێ جیاوازی لە نێوان تێكڕای نەتەوەكان بكات.
من وەكو كاندیدی ژمارە 8ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بانگەشەی خزمەتگوزاری و ئاشتی و ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك و گەڕانەوەی مافم بۆ كورد بەرز كردووەتەوە، هیوادارم كەركووكییەكان دەنگ بە لیستەكەمان بدەن و ئەم جارە بە كردەوە ئەو هەلە بدەنە پارتی، تاوەكو زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت و پارێزگاری كەركووك دابنێت، من ئەگەر دەنگ بەدەست بهێنم، یەكەمین كارم خزمەتكردنی بێ جیاوازی و پتەوكردنی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەییە و، كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووریش دەكەم.
ئەسیل شاهین ئاغا
كاندیدی ژمارە 8ی لیستی 197ی پارێزگای نەینەوا بۆ گوڵان:
زەروورەتێكی مێژووییە خەڵكی مووسڵ بە جیاوازیی نەتەوەییانەوە دەنگ بە لیستی 197 بدەن
من وەكو كاندیدی ژمارە 8ی لیستی 197 لە نەتەوەی عەرەب لە پارێزگای نەینەوا، شارەزاییەكی زۆرم لە كاری ئەنجومەنی پارێزگادا هەیە، لە سەرجەم بوارەكانی تەندروستی و ئاوارەكان و شارەوانی و مافی مرۆڤ و زیندانییەكان و چەندین بواری دیكەدا كارم كردووە، بەڵام لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردندا زیاتر جەخت لەسەر گەنج دەكەمەوە، پارێزگاری لە مافەكانی گەنج و دابینكردنی ژیانێكی خۆش و بەدەستهێنانی هەلی كاری گونجاو دەكەم. هەر خۆی لە خۆیدا لیستی 197ی پارتی لە پەیامەكانیدا زۆر تەئكید لەسەر بەدیهێنانی خواست و داواكارییەكانی گەنجان دەكاتەوە، بەتایبەتی لە بواری بەدەستهێنانی هەلی كار و هاوكاریكردنی گەنجەكان بۆ پێكەوەنانی ژیانی هاوسەری و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوەی گەنج توانای ئەو هەموو مەینەتی و بارگرانییەی نییە و بەردەوام ئومێد و ئاواتێكی زۆری هەیە.
لە پارێزگای نەینەوا ژمارەیەكی زۆری گەنج دەربەدەر بوون، ئەگەر گەنجەكان لە پارێزگای نەینەوا دەنگم بدەنێ، خۆم و لیستەكەم كار بۆ بەدیهێنانی خواست و داواكارییەكانیان دەكەین. سەرۆك بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە گرنگی بە پەروەردە و گەنج بدرێت، بۆیە ئێمە ئەو سەركردە گەورەیە پاڵپشتیمان دەكات و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە كردەوە سەلماندوویانە كە گرنگی بە توێژی گەنج دەدەن، وەكو عەرەبێك خۆشحاڵم لەناو ئەم لیستەدا پاڵپشتیم دەكرێت، بۆ ئەوەی چیتر ڕێگە نەدەین ململانێی سیاسی و حزبی ببێتە هۆی جیاكردنەوەی نەتەوە و ئایینەكان، بەتایبەتی لە نێوان نەتەوەی كورد و نەتەوەی عەرەبدا كە ئایندە و مێژوو پێكەوەمان دەبەستێتەوە. پارتی تاكە حزبی نیشتمانیی ڕاستەقینەیە كە كار بۆ پێكەوەژیان و بەرژەوەندیی هەموو نەتەوەكان دەكات، بۆیە زەروورەتێكی مێژووییە خەڵكی مووسڵ بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە دەنگ بە لیستی 197 بدەن. لیستی پارتی، كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی و شەبەك و كوردی ئێزیدی و كاكەیی و هەموو ئایین و ئایینزاكانی تێدایە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە لیستەكەی بارزانی بۆ نەینەوا و پاراستنی ئاشتی و پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی زۆر پێویستە، من خۆم لەگەڵ كوردی ئێزدی و شەبەك و مەسیحی كار دەكەم، هیچ حزبێكم نەدیوە وەكو پارتی دوور لە شۆڤێنییەت و توندوتیژی كار بكات، لە لایەكی دیكەوە ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی هەولێر و دهۆك بگەیەنینە مووسڵ، لە ئێستادا لە مووسڵ بودجە و پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت، كەچی هیچ دیار نییە و ناشەفافییەت و گەندەڵی بەفیڕۆی دەدات، ئەوەتا لە مووسڵ تاوەكو كۆمپانیای جێبەجێكار سەرانە نەداتە میلیشیاتەكان هیچ پڕۆژەیەك بەڕێوە ناچێت، ئێمە دەمانەوێت ببینە چاودێر و بەدواداچوون بۆ كار و پڕۆژەكان بكەین و ڕێگە نەدەین بەو شێوە خراپەی ئێستا پڕۆژە و كارەكان بەڕێوە بچێت.
پارێزەر موئەیەد نامق شاكر كاندیدی ژمارە 17ی لیستی 197 لە پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:
ئێمەی توركمانی ڕەسەنی كەركووك بارزانی
بە تاكە سەركردەی گەورەی توركمانەكانیش دەزانین و پارێزەری مافەكانمانە
ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان شانازی بە بارزانی و پارتییەوە دەكەین و، كار بۆ ئەوە دەكەین، ئەزموونی پێكەوەژیانی نێوان هەردوو نەتەوەی كورد و توركمان بگوازینەوە شاری كەركووك، ئێمە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنین، بەتایبەتی لە ڕێزگرتن لە نەتەوەكانی دیكەی توركمان و عەرەب و سەرجەم ئایینەكانی ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی، بارزانی لە هەموو وتە و هەنگاوەكانیدا سەلماندوویەتی كار دەكات بۆ ئەوەی بەڕاستی بنەماكانی دەستوور بچەسپێنێت، كار دەكات لە پێناو هاوبەشیكردنێكی دادپەروەرانەی نێوان كورد و عەرەب و توركمان، هەرگیز لەبیرمان نەكردووە كە لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، جەختی لەسەر جێگیربوونی مافەكانی پێكهاتەكانی عێراق بە توركمان و مەسیحی و ئایینزاكانی دیكە كردەوە، بارزانی بوو تەنانەت لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا زۆر تەئكیدی لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە توركمان و مەسیحی و نەتەوەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان كەمینە نین و دەبێت بە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان ناویان ببرێت، لەم بیروبۆچوونەوە ئێمەی توركمانی ڕەسەنی كەركووك بەرگریكارێكی سەرسەختی بارزانین و پێمان وایە ئەو تەنیا سەركردەی گەورەی كورد نییە، بەڵكو سەركردەی ئێمەشە و پارێزەری مافەكانی توركمانیشە، لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكات بۆ چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاشتی و ئارامی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی كەركووكدا، لە ناو ئەم لیستەدا من وەكو كاندیدێكی توركمان كار بۆ پارێزگاری و داكۆكیكردن لە مافی توركمانەكان دەكەم، هەروەكو چۆن كار بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی شارەكەم دەكەم و پێم وایە دەبێت گەنجەكان و دەرچووانی زانكۆ هەلی كار و ژیانێكی باشتریان بۆ دەستەبەر ببێت.
ئێمەی توركمان دێهاتەكانمان هەمووی تەعریب كرا و كەلتوور و ناسنامەیان گۆڕین، توركمانی ڕەسەنی كەركووك دژی ئەو كەمینەیەن كە بە شۆڤێنی و بۆ بەرژەوەندیی ماددی دژی گەلی كورد و توركمان بوونەتەوە، ئێمە وەك توركمانە ڕەسەنەكان كار بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی دەكەین و هەزارەها ساڵ پێكەوە لەگەڵ كورد و عەرەب ژیاوین، بەداخەوە حزبی وا هەبووە، لەم شارە هەڵەی ئیداریی كردووە، بۆیە دەبێت كورد و توركمان ئەم جارە دەنگ بە لیستی 197 بدەن و ئەزموونی هەولێر بگوازینەوە بۆ كەركووك، تا مافەكانی نەتەوەی توركمان و پێگەی خۆیان بۆ بگەڕێنینەوە.
مافپەروەر هێمن موەفەق شێخ بزێنی كاندیدی ژمارە 26ی لیستی 197ی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:
بارزانی و كاندیدەكانی و لیستی 197 ڕەمزی بەرگری و بەرخودانن بۆ ئازادی و ئاشتی و پێكەوەژیان و پارێزگاریكردن لە هەموو مەزڵوومییەت و قوربانییەكی پارێزگای كەركووك
كەركووك بە كەركووكییەكان و بە خەڵكە ڕەسەنەكەیەوە جوانە، بەم پەیامە بەرنامەی هەڵبژاردنی من دەستی پێكرد، بەو پێیەی من شارەزاییم لە نەوت و غازدا هەیە و 15 ساڵ لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ كارم كردووە، بۆیە لە هەموو كەس زیاتر هەست بەو زوڵم و پەراوێزخستنەی شارەكەم و پارێزگاكەم دەكەم. شانازییە بۆ من لە ناو لیستێكدام كە بە لیستی كوردایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی و خزمەتگوزاری ناوبانگی دەركردووە، لیستێك بارزانی ڕابەرایەتیی بكات، هەموو بەڵێن و بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی جێبەجێ دەكات، بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە تێكدانی ڕەسەنایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیانی ناو شارەكەمدا، چونكە ئەوان دەیانەوێت، وەكو دوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی شارەكە بەردەوام بێت و سوودمەند بن، لەم شارەدا زۆر بوار هەیە، كە من وەكو كاندیدی ژمارە 26ی لیستی 197ی پارتی كاری لەسەر دەكەم، هەر لە دۆسێی دامەزراندنی گەنجەكان بەتایبەتی لە ناو سلكی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكاندا، ئێمە وەكو كورد لەم شارەدا كێشەی خوێندنی زمانی كوردیمان هەیە لە زانكۆدا و ڕێژەی كورد لە وەرگرتنی زانكۆكان كەمە، زۆر كۆلێژ و بەش هەیە لەم شارەدا نییە و كەركووكییەكان ناچارن منداڵەكانیان بنێرنە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە بری ململانێی حزبی و تائیفی و سیاسی، ڕوو لە كێبڕكێ بكات لە پێناو ئەنجامدانی پڕۆژە و كردنەوەی قوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆ و نەخۆشخانەدا، سەرۆك بارزانی بارەگای پارتەكەی كردە دیاری بۆ زانكۆی كەركووك، ئەوەتا كاتێك بارەگاكەی دەكاتە دیاری بۆ قوتابیانی كەركووك، تەنیا نەیكردووە بە دیاری بۆ نەتەوەیەكی دیاریكراو، بەڵكو بۆ هەموو منداڵەكانی خەڵكی ڕەسەنی ئەم شارە بارەگاكەی كردە دیاری.
ناكرێت پارێزگایەكی وا دەوڵەمەند بە نەوت، دووكەڵ و پیسیی ژینگەكەی بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بێت و ئەو بودجە و پارەیەشی كە بۆی خەرج دەكرێت، بە شێوەیەكی باش كەڵكی لێ وەرنەگیرێت، پاڵاوتگەیەكی گەورەی نەوت كە بۆ كەركووك دەرچوو، بە هۆی كێشەی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو پاڵاوتگەیە بۆ باشووری عێراق نێردرا و لەوێ كرایەوە. كۆمپانیای نەوتی كەركووك 17 هەزار فەرمانبەری هەیە، كەچی تەنیا دوو هەزار فەرمانبەری كوردە، ئەمە پێشێلكردنی مافی نەتەوەیەكی ڕەسەنی ئەم شارەیە و بۆ تەعریبكردن ئەو هەموو فەرمانبەرەی شارەكانی دیكە هێنراونەتە كەركووك و لە بواری نەوتدا دامەزراون. من دژی ئەوە نیم نەتەوەكانی دیكەش دابمەزرێن، بەڵام بەپێی ڕێژەی دانیشتووان. پارتی بۆ كەركووك واتا كوردستانییەتی ئەم شارە و پارێزگاریكردن لە ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.