سهرۆك بارزانی: دانیال میتران زۆر ئاگادار و شارهزا بوو له ئێش و ئازاری كورد
ئهمڕۆ سێشهممه 12ی 11ی 2024، بە ئامادەبوونی سهرۆك مهسعود بارزانی و مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕێوڕهسمی یادی لهدایكبوونی 100 ساڵهی دانیال میتران له ههولێر بەڕێوە چوو.
له ڕێورهسمهكهدا سهرۆك بارزانی گوتارێكی گرنگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند: "زۆر بەختەوەرم بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوونی خاتوو دانیال میتران دەكەم، ئەو خانمە مافێكی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵكی كوردستان هەیە، ڕۆڵیكی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریكردنی لە دۆزی گەلی كورد، هەرچی لە توانایدا بوو كردی و دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ كورد بكات، بەڵام دیارە دەرفەت هەر ئەوەندە هەبوو."
سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوهش دا: "یەكەمجار من لە تەمموزی 1989 لە پاریس بە خزمەتی گەیشتم، ئەوە دوای پرۆسەی ئەنفالی گەورە بوو كە رژێمی عێراق لە كوردستان ئەنجامی دا، چەند رۆژێكیش بوو لە توركیا گەڕابووەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان و كەسوكاری پێشمەرگە كۆچیان كردبوو بۆ توركیا، خاتوو دانیال لەو كاتەدا چووبوو سەردانی ئەو خەڵكەی كردبوو، كە من ویستم باسی ئێش و ئازاری خەڵكی كوردستان بكەم، بینیم زۆر ئاگەدارە و پێویستی بە شەرح نییە، ئەو لە باسی ئەو خەڵكەدا فرمێسكی هاتە خوار. بۆ من شتێكی تازە بوو، یەكەمجار بوو بینیم كەسێكی ئەورووپی فرمێسك بۆ كورد بڕێژێ، ئەوە زۆر كاریگەریی لەسەر من كرد، دواتر لە هەر بۆنەیەكی نێودەوڵەتی بووبێ، هەوڵی داوە بەرگری لە مافی گەلی كوردستان بكات."
هاوكات سهرۆك بارزانی ئهوهشی خسته ڕوو: "دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 یەكسەر هاتە حاجی ئۆمەران و پێشوازیمان لێ كرد و لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 دیسان سەردانی كوردستانی كرد و وتارێكی لە پهرلەمان پێشكەش كرد، خەریك بوو لەو سەفەرە گیانلەدەست بدات، چونكە رژێمی عێراق لە نێوان سلێمانی و هەڵەبجە ئۆتۆمبێلێكی مینڕێژكراوی بۆ دانا، بەڵام خوا رزگاری كرد، بەڵام بەرنامەی خۆی تێك نەدا و چوو سەردانی هەڵەبجەشی كرد."
ههر له چوارچێوهی گوتارهكهیدا، سهرۆك بارزانی باسی لهوهش كرد، لە ساڵی 1993 كە خەڵاتی مافی مرۆڤی پێشكەش كرا، شانازیی ئەوەم هەبوو ئەو خەڵاتە من پێشكەشی بكەم، تا رۆژی كۆچی دوایی، بۆ ئەو دۆزی گەلی كورد لە ئەولەویاتی بوو.
گوتیشی: "جارێك لە وەزیرێكی فەرەنسیم بیست، وتی سەرۆك میتران وتویهتی مهدام میتران هیچ هەوڵێكی بۆ من نەهێشتووەتەوە، هەر بابەتێك دێتە پێش، ئەو دەڵێ دەبێ ئاوا بۆ كورد بكەن و كاری بۆ بكەن."
سهرۆك بارزانی ڕاشیگهیاند: "بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشیش فەرەنسا و سەرۆك میتران ڕۆڵێكی گەورەیان تێدا گێڕا، لە ئاداری 1992 پێم گوت ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، وتم چ پەیامێكی تۆ بگەینم، وتی بە خەڵكی كوردستان بڵێ دۆستێكی بەوەفاتان هەیە لە ئەلێزێ."
له كۆتاییدا سهرۆك بارزانی گوتی: "من دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەكەم ئەم یادەیان ڕێك خستووە و هەرچی بیكەین كەمە و ناتوانین مافی بدەین و بە پێزانینێكی زۆرەوە یادی دەكەین."