خەلیل محەمەد چالاك و چاودێری سیاسی لە باكووری كوردستان: ئەگەر سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی لە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور نەگێڕێت، ئەوا هیچ ئاكامێكی نابێت و شكست دەهێنێت

خەلیل محەمەد چالاك و چاودێری سیاسی لە باكووری كوردستان:  ئەگەر سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی لە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور نەگێڕێت، ئەوا هیچ ئاكامێكی نابێت و شكست دەهێنێت

 

 

پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ كوردی باكوور، پەیامێكی گرنگە، بەڵام نییەتی باش بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن دەوڵەت و حكومەتی توركیاوە هەتا ئێستا دیار نییە؟ حكومەتی توركیا ئەگەر بە ڕاستی مەبەستێتی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە سەركەوتوو بێت، دەبوو یەكەمین جار عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بكات، پاشان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ میللەتی خۆی قسە بكات و جۆرێك لە هاودەنگی و یەكڕیزی دروست بكات، بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، بەڵام ئەمەمان لە حكومەتی توركیا هەتا ئێستا نەبینیوە.

لایەنێكی دیكە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، گرێ دراوەتەوە بە لێدوانەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی مەهەپەی نەژادپەرست، باخچەلی بە ڕاددەیەك نەژادپەرستە پێش ئەوەی نكۆڵی لە بوونی كورد بكات، نكۆڵی لە بوونی خۆی كردووە، لەبەر ئەوەی باخچەلی خۆی كوردە و خەڵكی «ئورفا»یە. باخچەلی لەو كاتەوەی بە زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراقی دەنووسرێت، سەردانی عێراقی نەكردووە، بۆیە هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم، كەسێكی وەك باخچەلی ڕۆڵێكی ئەرێنی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور بگێڕێت.

لەم پرۆسەی ئاشتیانەی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكوور، پەكەكە هیچ ڕۆڵێكی نابێت، لەبەر ئەوەی جەماوەری پەكەكە لەناو كوردانی باكوور بەرادەیەك دابەزیوە كە دەتوانین بڵێن هەر نەماوە.

خاڵی سەرەكی و گەشبین بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور ڕۆڵی سەرۆك بارزانییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی پێشتر بۆ هێنانە ئارای چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور، ڕۆڵی زۆر گەورەی بینیوە و هەوڵەكانی بەڕێزیان وای كرد، كە جاری یەكەمیش پرۆسەی ئاشتی دەستی پێكرد، بۆ ئەمجارەش ئەگەر سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورە لەم پرۆسەیەدا نەگێڕێت، ئەوا هیچ ئاكامێكی نابێت و شكست دەهێنێت.

 

Top